خهبات: موسلیم دۆڵەمەڕی – بارزان
زۆرن ئەوانەی كە خولیا و حەزێكی تایبەت و سەیریان هەیە لەوانەش عەزیز عەزیز كە هاووڵاتییەكی دەڤەری بارزانەو ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵە هەموو سەری ساڵێك لەسەر حسابی خۆی بە سەدان قەڵەم بە سەر فەرمانگە و هاووڵاتیاندا دابەشدەكات جگە لەوە چەندین حەزو خولیای سەیری تری هەیە وەك خۆی تایبەت بۆ خەبات باسیكردو گوتی: من عەزیز عە زیزی تەمەن 49 ساڵ دانیشتووی گوندی پیرە ساڵی سەر بە ناحیەی بارزان من چەند حەزو ئارەزووی تایبەتی خۆم هەیە كە هەر لە مناڵیەوە خولیای هەندێ شت بوومەو تاكو ئێستاش هەر بەر دەوامم، لەوانە من ساڵانە چەندین دەفتەری تایبەت دەكەمەوە كە هەر یەكەو رەنگێكن هەر رەنگەو تایبەتە بۆ رووداوێكی جیهانی و هەرێمی دەڤەری بارزانیش بە تایبەتی كە هەر رووداوێك یان مردنێك یان لە دایكبوونێك یان مەراسیمێك یان هەر شتێك لە دەڤەری بارزان رووبدات رۆژو بەروارو ناوەرۆكی بابەتەكە دەنووسم بەمەش ئەرشیفێكی زۆری دەقیقی زۆربەی رووداوەكانی جیهانی و عێراقی و هەرێمیشم لەلایە زۆر جار هەبووە زۆر كەس پێویستی بە رووداوێك هەبووە تەنها ساڵەكەم پێبڵێ یەكسەر بۆیان دەردەخەم و زۆر كەسیش سوودی لێوەرگرتووە، بەڵام ئەوەی كەمێك بۆ من ئەستەمە ئەوەیە كە خۆم خوێندەواریم نییە، بۆیە دەبێت هەموو جاریك لە ماڵەوە مناڵەكانم یان برادەرێك یان خزمێك، یاداشتەكانم بۆ بنووسێت ئەگەر خۆم خوێندەواریم هەبوایە شتی باشترو خزمەتی زیاترم دەكرد، هەر لەبەر ئەوەیە كە خۆم خوێندەوار نەبووم و وەكو كوێرێكم لە ژیان ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵە خولیای ئەوە بوومە كە جیهان بە پێنووس رووناك بكەمەوە بۆیە هەموو سەری ساڵێك لەسەر حسابی خۆم بە سەدان قەڵەم دەكڕم و بەسەر كارمەندانی دائیرەكان و مامۆستایان و دوكانداران و بگرە هاوڵاتیانیش دابەشدەكەم بۆ ئەوەی میللەتەكەمان خولیای خوێندن و زانست و زانیاریان زیاتر بێت كە هەندێجاریش دەفتەر و سجلی جۆراوجۆریش دابەشدەكەم، بەو هیوایەی بە حەزەكانم بتوانم خزمەتێكی بچووك بە گەل و نیشتمانەكەم بكەم.









