خهبات: هاوار مورتكەیی
بۆ جارێكی تر نوح عەلی حوسێن شەترەنجزانی نێودەوڵەتی و شاری هەولێر و یانەی خانزاد نازناوی كۆتاییەكانی عێراقی 2019 بەدەست دەهێنێت كە هەفتەی رابردوو لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو.
نوح عەلی حوسێن كە لە ساڵی 1989ەوە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە، توانیویەتی تا ئێستا پارێزگاری لە ئاست و شوێنەكەی بكات و تا بە ئەمڕۆ دەگات هەر لە پلەكانی پێشەوەی كۆتاییەكانی پاڵەوانێتی شەترەنجی عێراق بووە، لاپەڕەی وەرزشی رۆژنامەی خەبات دیمانەیەكی لەگەل ئەنجامداوە و تیایدا بەخێرایی بەكاروانی ژیانی سەروەرییەكانی ئەو شەترەنجزانە دەچین.
نوح عەلی حوسێن كە هەڵگری بڕوانامەی ئینتەرناسیۆنال ماستەری شەترەنج IM و خاوەنی رەیتینگی یەكێتی نێودەوڵەتی شەترەنج 2264ە سەبارەت بە كۆتایی ئەمجارەی پاڵەوانێتی شەترەنجی عێراق كە لەبەغدا بەڕێوەچوو گووتی: لە پاڵەوانێتی ئەمجارە بەبەراورد لەگەڵ پارساڵ یاریزانان زیاتر ماندوو بووین، چونكە كۆتایی ئەمساڵ 13 راوند پێكهاتبوو، بەس ئەوەی گرنگ بوو ململانێیەكی بەهێز لەنێو یەشداربواندا هەبوو بەتایبەتیش هەریەك لە ئەحمەد عەبدولسەتار، هەلی لەیس، زۆزك سەلاح، موعەززەز، رەوەند، و هەروەها ئەحمەد جەزاش تا ئاستیك ركابەری دەكرد.
دواتر ئەو شەترەنجزانەی یانەی خانزاد گوتی: بەنیازی بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام بەشداریم كرد، هەرچەندە مەرج نییە لە پاڵەوانێتییەكاندا باشترین یاریزان، باشترین ئەنجام بەدەست بهێنێت، ئەویش هۆكاری سەرەكی ئەوەیە ئامادەباشی تەواوی بۆ نەكردووە، منیش بۆ ئەم پاڵەوانێتییە وەك پێویست ئامادەباشیم نەكردبوو، بەڵام بەهیچ شێوەیەك بەربەستیكم بۆخۆم نەهینایە پێش و تەواو بیرو هۆشم خستە سەر پاڵەوانێتییەكە، خۆشبەختانە پلەی یەكەمم بەدەست هێنا و زۆر دڵم خۆش بوو، چونكە نازناوەكەم هینایەوە بۆ هەولێر و منیش كوڕی ئەو شارەم بۆیە زۆر گرنگ بوو جامەكە بهێنمەوە هەولێر، بەتایبەتیش كە ئەمساڵ حوسینی برام بەشداری نەكردبوو.
لەم هەفتەیەش یانەی خانزاد كە هەڵگری پاڵەوانی خولی یانە نایابەكانی عێراقە، بەنوینەرایەتی عێراق بەشداری لە پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەب دەكات لە وڵاتی تونس، نوح عەلی حوسێنیش ئەندامیكی ئەو شاندەی یانەی خانزاد دەبیت و سەبارەت بەمەش دەڵێت: بە پشتیوانی خوا هەوڵی خۆمانی بۆ دەدەین ئەنجامێكی وا بەدەست بهینین كە كە دڵی هەموو شەترەنجزانانی كوردستان بە تایبەتی و ئەهلی شەترەنج بە گشتی خۆش بكەین.
نوح عەلی حوسین كە فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی هەولێر- بەشی مۆڵەت، بەپیویستی زانی سوپاسی ئەو فەرمانگەیە بكات كە هەمیشە پاڵپشتی بوونە و هیچ كات رێگر نەبوونە لە بەشدارییەكانی لە پاڵەوانێتییە جۆراوجۆرەكان لە هەر شوینێك بووبێت، هەروەها سوپاسی هەموو ئەوانەش دەكات كە ئەویان كردە ئەو شەترەنجزانە و گوتی: شەترەنج منی لە مناڵانی كۆڵان دوور خستەوە و بەرەو دونیایەكی جوانی بردم، شەترەنج فیری كردم چۆن خۆم بەڕێوەببەم، لە رێگای شەترەنجەوە كۆمەڵە خەڵكێكی جوانم ناسی، لە رووی كۆمەڵایەتییەوە زۆر سودی پیگەیاندووم، ئاشنا بووم بە كلتوری گەلان، دواجار حەزەكەم سوپاسی هەریەك لە خاڵم سلێمان و مام محەمەد حوسین و مام ساڵح و عەبدوڵرەحمانی برام بكەم كە سۆزیان داومەتی و پشتیان گرتووم، و هەرگیز لە بیریان ناكەم، هەروەها خوالیخۆشبوو محەمەد خدر لەیەكیتی شەترەنجی هەولێر چونكە ئەو خەمخۆریكی شەترەنج بوو كە لە ژیاندابوو، بەپیویستی دەزانم باسی ماندووبوونی عەبدولرەزاق ئەحمەد تەهای سەرۆكی پێشووی یەكێتی شەترەنجی عێراق بكەم كە بەهیچ شێوەیەك جیاوازی لە نێوان شەترەنجزاناندا نەدەكرد، هەمیشە پشتگیری و هانی شەترەنجزانانی دەدا.









