سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، پارتی ئارەزوو دەكات لایەنەكان بە زووترین كات لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان ڕێكبكەون.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی شوبات،  فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی دوابەدوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند، پارتی حەز دەكات هەرچی زووە لایەنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی كوردستان رێكبكەون.

لەبارەی ئەوە كە یەكێتی و گۆڕان داوای پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەكەن، میرانی گوتی، گرنگ بەڕێوبردنی ئەو وڵاتەیەن هەركەسێك لە پۆست بێت گرنگە بە باشی كوردستان بەرێوە ببات.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا فازڵ میرانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە كەركووك بە ئاسانی لە دەستچوو، بەڵام بە ئاسانی نایەتەوە.

ئەو لێدوانەی فازڵ میرانی لەكاتێكدایە كە ئێستە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان چوونەتە قوناغێكی تر و بڕیارە سبەی پارتی و یەكێتی لە سلێمانی كۆ ببنەوە.