فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا*
دەگوترێ كاتی خۆی یەكێك دەچێتە لای ئیمامی عەلی (رەزای خوای لەسەر بێت) و نەخۆشێك دەباتە لای و دەڵێت یا ئیمام ئەو نەخۆشەم هێناوە، بەڵكو ئامۆژگاریمان بكەیت و پێمان بڵێیت چۆن عیلاجی بكەین؟ دیارە ئیمام سەیری دەكات و پرسیار لە حاڵی دەكات یەكسەر پێیان دەڵێت بڕۆن بیبەنەوە و بەیانی بیهێننەوە لام، دیارە خاوەنی نەخۆشەكە لەسەر فەرموودەكەی ئیمام رۆژی دووەم جارێكیتر دەیبەنەوە لای ئیمام و دەڵێت فەرموو ئاموژگاریمان بكە و چی بۆ بكەین، دیارە ئیمام بەبێ ئەوەی تەماشای بكاتەوە دەڵێ: پێی ناوێ بیبەنەوە ماڵ، لەمەوپاش خورمای پێ مەدەن و نابێ خورما بخوات! خاوەنی نەخۆشەكە زۆریان لا سەیر دەبێت و دەڵێن مەعقولە شەو رۆژێك ئیمام رایگرتووین و هیچ قسەیەكی نەبوو تەنها سەیریشی نەكردووین! كەچی دەڵێت بیبەنەوە و خورمای پێ مەدەن! دیارە یەكێكیان دەگەڕێتەوە لای ئیمام و پێی دەڵێت یا ئیمام ئێمە خەڵكی ئەم وڵاتە نین و لە رێگایەكی دوورەوە هاتووین لە دوێنێوە بەو نەخۆشەوە لە ناو كۆڵانەكان دەسووڕێینەوە و بێ جێگا و رێگابووین بۆچی دوێنێ نەتگووت خورما نەخوا، بۆچی شەو و رۆژێك تەئخیرت كردین و ئینجا وات فەرموو، خۆ دەتتوانی دوێنێش وا بڵێیت، تۆ ئەمڕۆ هەر سەیرت نەكرد و گووتت با خورما نەخوا!
دیارە ئیمام دەفەرمووێ دوێنێ خۆم خورمام خواردبوو، بۆیە حەقم بە خۆم نەدا لە كەسی مەنع بكەم! ئەمڕۆ نەمخوارد، بۆیە دەڵێم با ئەویش نەیخوات, مەبەست و حیكمەت لە قسەكانی ئیمام ئەوەیە ئەوەی شتێك بكات، بۆی نسیە لە خەڵك مەنعی بكات، ئەم چیرۆكە مانا و مەبەستێكی تایبەتی خۆی هەیە و دەمانگەڕێنتەوە بۆ ئەو حیكمەتەی عیسا پێغەمبەر (د.خ) دەگوترێ كاتی خۆی بە شوێنێكدا تێدەپەڕی دەبینێ كۆمەڵێك خەڵك وەستاون و ئافرەتێكیان هێناوە و دیانەوێت (رجم) بەردبارانی بكەن و لێیان دەپرسی و دەڵێت بۆچی رەجمی دەكەن دیارە بە عیسا پێغەمبەر دەڵێن (د.خ) ئەم ئافرەتە گوناهبارە بە (زینا) و سزاكەی لە ئایین بەردبارانكردنە دیارە (عیسا) پێغەمبەر وەك ئەوەی مرۆڤەكان و خوای خۆی دەناسێ داوا دەكات عەفووی بكەن، بەڵام خەڵكەكە دەڵێن نابێت و دەبێت سزا بدرێت. دیارە هەرچەند لەگەڵیان دەڵێت و محاوەلە دەكات، سوودی نابێت و دەڵێن نەخێر پێغەمبەری خوا ئەمە سزایەكی ئاسمانییە و بۆ ئێمە نییە بیبوورین، دیارە عیسا پێغەمبەر (د.خ) دەفەرمووێت باشە بەردبارانی بكەن، بەڵام بە مەرجێك ئەوەی ئەو ئافرەتە بەردباران دەكات، دەبێ كەسانێك بن كە خۆیان هەڵەی وایان نەكردبێت و تەنها ئەو بەردی لێ بدات كە وای لێ دێت، دیارە هەر كەسێك كە سەیری خۆی دەكات و هەڵەی خۆی دێتە بەرچاو، حەق بە خۆی نادات بەردبارانی بكات و بەردی تێ بگرێت و لە ئەنجام كەس نابێ كە بەردی تێ بگرێت، كەواتە هەر كەسێك لەوانە هەڵەیەكی هەبووە! بۆیە عیسا پێغەمبەر فەرمووی ئەی چۆنم گوت وا دەرنەچوو؟
بەڵێ زۆرجار مرۆڤ كۆنتڕۆڵی خۆی لە دەستدەدات و ناحەق نییە بپرسێ من كێم؟ ئەی تۆ كێی؟! یان كێ كردی كێ خواردی! وەیان نەبای دێ نە باران، بۆ كاكی كاكان، هەر بە روبەی تەقتەقیە، لای وان مەلیك ماوە و نەمردووە! كەواتە دەرئەنجام دەبێت بە نائومێدی، بۆیە دەپرسین چۆن دەكرێ (مەڕ بە گورگ بسپێردرێت) بۆ نموونە سەر بە هەندێ شوێن دادەگری، كەسانێك دەناسی دەستنوێژیان نییە و لە ئایین تێناگەن، بەڵام پێشنوێژ دەكەن، یان شەهادەیان تەزویرە و بەڵام شەهادەت پێ دەدەن، یان لێت مەنع دەكەن، یان لە رۆژانی سەختی ژیان و بەرخودان دڕكی بەر پێت بوونە و ئێستا كەچی تەقیمت دەكەن، یان بەردەست و بێ هەڵوێست و پانكەرەوە بوونە، ئێستا بڕیار لەسەر چارەنووست دەدەن! گەندەڵ و بێبڕوا و دەست لەرزۆك بوونە و ئێستا ناوت لە ناوان لادەدەن و پێ لەسەر سەرت دادەنێن، یان ترسنۆك بوونە، ئێستا لە پێشەوەتن و ئاوڕت لێ نادەنەوە، خەباتیان نییە و لە خەبات تێناگەن، كەچی ئەوان تەزكیەت دەكەن! ترسنۆك دز و گەندەڵ بێبڕوان بڕیار لەسەر ئیش و خەبات و ماندی بوونت دەدەن, كەواتە خورما دەخۆن و خورماش مەنع دەكەن، یان بە مەزاجی خۆیان دەیبەخشن و داوێنپیسن و كەچی خەڵكیش بەردباران دەكەن، وەك ئەوەن لە سەنگەرەكانی رادەكەن و خیانەت دەكەن، بەڵام یاری بە خوێنی هاوسەنگەرەكانیان دەكەن، رەش سپی دەكەن سپی رەش دەكەن، بە رۆژی روناك وڵات دەفرۆشن، وەك ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 روویدا، كەچی بە خەبات و سەرفرازی پیشانی دەدەن، داخەكەم لەگەڵیشیان دادەنیشین، بە میللەتیان پیشان دەدەن، روورەشیان لە یاد دەكەن، هەروا كراوە و هەروا دەكەین، ئەنفالچییەكانیش لە یادكران و ئەوانی تریش لە یاد دەكەین، ئەمانە دەردێكی كوشندەن، بۆیە هەردەم لە مێژوو هەڵە كراوە و هەڵەش دەكەین، چونكە پێوەر نییە كاری پێ بكەین، گەر پێوەر هەبێت زێڕ زۆرە، بۆ سەر تەرازوو، پێویست ناكات دەستمان بە تەنەكە ژەنگدار و ژەنگاوی بكەین و زێڕیش لەبن تەنەكەی ژەنگاوی زبڵدان بزر بكەین، زێڕ هەر زێڕە بیخەیە ژێر زبڵیش لە قیمەتی كەم ناكەین، بەڵام كە سوودمان لێی وەرنەگرت تەسلیمی دەستی بێگانانی دەكەین بە ژەنگاوییەكانیش چارەنووسی میللەت ژەهراوی و ژەهراوتر دەكەین، دەبا كار بكەین (هەیاسی دورناس) عەشقی نەكەین، چونكە راستگۆن بزریان نەكەین، چونكە بە دوورناسان جیاوازی لە نێوان زێر و تەنەكەی ژەنگاوی دەكەین بە ژەهراوی و ژەنگاویان ئەوەی ماوە بزر دەكەین و لە ناو دەبەین دەبا چیتر بە گوێی خۆپەرست و رابردوو ناشیرین و ناشرینەكان نەكەین ئەوەی ناشیرینە و ئەوەی پیسە پێوەرەكانیان پێ پیستر و ناشرینتر نەكەین، تا پێوەریش خاوێن نەكەین جیاوازی لە نێوان زێڕ و كالای ژەهراوی و ژەنگاوی ناكەین.
*ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای هەولێر (پ.د.ك)









