خهبات: موسیلم دۆڵەمەڕی – بارزان
زۆرن لەو پیشە كەلتووریانەی كوردەواری كە لە زۆرێك لە ناوچەكانی كوردستان لە كۆن و ئێستاشدا دانیشتوانی پێوە خەریكن و چ وەك سەرگەرمییەكی شەوانی زستانە یان وەك سەرچاوەیەك بۆ بژێوی ژیان بەردەوامیان پێداوە، باسكسمین یەكێكە لەو پیشە كۆنە كوردەوارییانەی كە تاكو ئێستا لە دەڤەری بارزان باوی هەیە و بە تایبەتی لە شەوانی زستان زۆرێك لە دانیشتوانی ئەم دەڤەرە خۆیان پێوە خەریك دەكەن هەم بۆ كات بە سەر بردن و كردنە دیاری بۆ هاورێیانیان هەندێجاریش بۆ خستنە بازاڕ كەریم خان زورەگڤانی كە شارەزایەكی باشی باسكسمینە لە سەردانێكماندا بۆ لای بەم شێوەیە سەبارەت بە كارەكەی بۆ خەبات دوا.
سەرەتا گوتی: من، كەریم خان زورەگڤانیم، دانیشتووی گوندی زورەگڤانی سەر بە ناحیەی بارزانم هەر لە تەمەنی منداڵیمەوە حەز و ئارەزوویەكی زۆرم بە ژینگەو تێكەڵی كارو كەلتووری كۆنی كوردەواریم، لەوانەش باسكسمین كە زۆر حەزم لەو كارەیە و بە تایبەتی لە شەوانی وەرزی زستاندا كاتی خۆمی پێ بە سەر دەبەم.
سەبارەت بە ئامێرەكەی بۆ سمینی باسكە جگارە گوتی: ئەم ئامێرەی كە بۆ سمینی باسك بە كاری دێنی ئامێرێكی كۆنی كەلتووری كوردەواری خۆمانە كە پێیدەڵێن: كەوان كە لە شێوەی تیرو كەواندایە، پێكدێت لە كەوانێك لەگەڵ چەند تیرێكی ئاسنین، ئەویش چەند جۆری هەیە بچووك و باریك تا درێژو ئەستوور كە بە پێی جۆری باسكەكان یان بڵێین دارەكان بە كاری دێنین.
سەبارەت بە جۆری ئەو دارانەی كەبۆ باسك بەكاردێن گوتی: ئێمە سێ جۆر دار بۆ باسك بە كار دێنین لەوانە: كەوەت و هەلهەلۆك و كنێر كە داری كنێر شتێكی جوان و بۆندارە بەڵام جۆرەكەی بۆ باسك كەمە ئێستا زیاتر داری كەوەت بە كار دێنم كە شێوەی جۆراو جۆرو جوانی هەیە.
سەبارەت بە شێوازی دروستكردنی باسكەكان گوتی: چۆنیەتی دروستكردنی باسكەكان بۆ من زۆر ئاسانە چونكە شارەزاییەكی باشم لە سەر جۆری دارەكان و سمینیان هەیە لە بەر ئەوەی باسكی جوان و سەرنجڕاكێش دروستدەكەم كە دەتوانم بڵێم: لە كاتژمێرێكدا دەتوانم زیاتر لە 40 باسك ئامادە بكەم ئەگەر دارەكانم وشك و ئامادەبن چونكە دەبێت بە وەستایی لە بەر سۆبای داران وشكیان بكەمەوە بۆ ئەوەی راست و جوان وشكبن بە پێی پێویست.
سەبارەت بە داهات و سوودی باسكەكان گوتی: بە راستی من خۆم بۆ فرۆشتن ئامادەیان ناكەم زیاتر وەك حەزێك و زیندوو راگرتنی ئەم كەلتوورە كۆنە كاری بۆ دەكەم و هەروەها بۆ دیاری و دڵخۆشكردنی هەڤاڵانم و بە سەر بردنی شەوانی زستانە ئەمكارە دەكەم هەندێ جاریش هەبووە بۆ فرۆشتن بەڵام زۆر كەم هەوڵمداوە بۆ فرۆشتن كار بكەم چونكە كەسێك یان سەرچاوەیەك بە فەرمی داوایان نەكردووە كە كاریان بۆ بكەم و بۆیان ئامادە بكەم ئەگەر لایەنێك یان كڕیارێك هەبێت دەتوانم وەك كارگەیەكی بچووكی دەستیی كاری باشیان بۆ بكەم و بەرهەمی باشم بۆیان هەبێت بە شێوەی جیا جیاو زۆر جوان و سەرنجڕاكێش لە داری جۆراوجۆر.










