خهبات: عەلی بانیشاری- هەولێر
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چاكسازی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ: تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە كەركووك شارەكە سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت و خەڵكەكەی ئاسوودە نابن. مونا قەهوەچی لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی خەبات دەڵێت: لە كابینەی نوێدا دەمانەوێت پۆستێك وەربگرین كە بتوانین خزمەتی خەڵكی پێ بكەین.
ناوبراو دەشڵێت: پاش كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی و گۆڕان لەگەڵ پارتی لەسەر بەشداریمان لە كابینەی نوێدا گفتوگۆ دەكەین. سەرۆكی فراكسیۆنی چاكسازی توركمان گوتیشی: چاوەڕێمان دەكرد ژمارەی دەنگەكانمان لە هەڵبژاردنەكەی 30ی ئەیلوودا زیاد بكات، بەڵام بەهۆی هەژمارنەكردنی دەنگی چەندین سندوق نزیكەی1200 دەنگمان هەڵوەشایەوە. مونا قەهوەچی دەشڵێ: وەكو پێنج لایەنی سیاسی و پەرلەمانتار پڕۆژەیەكمان ئامادەكردووە و لەكاتی دانیشتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاشكرا پێیان رادەگەیەنن كە دەمانەوێت بەشداری كارامان لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم هەبێت. ئاشكراشی دەكات: پاش كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان، لەسەر بەشداریمان لە كابینەی نوێدا گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دەكەین.
سەبارەت بە داواكارییەكانی پارتە توركمانەكان لە كابینەی نوێ، قەهوەچی گوتی: جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و پۆستێكی حكوومی بە مافی خۆمان دەزانین و دەمانەوێت خزمەتی سەرجەم چین و توێژەكانی باشووری كوردستان بكەن. گوتیشی: نامانەوێت پۆست تەنها وەكو ناو وەربگرین، بەڵكوو دەبێت بڕیارمان بەدەستبێت.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چاكسازی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی گوت: هەر كەسێك لە نێو پارتە توركمانییەكان بتوانێت خزمەتی وڵات بكات و بەرچاوروونی لە پرۆسەی سیاسدا هەبێت و كاریگەر بێت دەتوانێت خۆی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمـان كاندید بكات. مونا قـەهوەچی دەشڵێت: بە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و تەنانەت كونسوڵخانەكانیشمان گوتووە كە چـاومان لـە پـۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانە، چونكە لە كابینەكانی پێشتردا توركمانەكان پۆستی باڵایان پێنەدراوە.
توركمانەكان خاوەنی پێنج كورسی پەرلەمانین و زیاتر لە11 هەزار دەنگیان لە هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو بەدەستهێنا. لەنێو پارتە توركمانییەكاندا باس لەوە دەكرێت لە كابینەی نوێدا رەنگە وەزارەتی دادیان بەربكەوێت، بەڵام زۆرینەی توركمانەكان لەگەڵ ئەوەن وەزارەتێكی خزمەتگوزاری وەربگرن. مونا قەهوەچی لەو بارەیەوە دەڵێت: پۆستێكی وەهامان دەوێت كە بتوانین لە رێگەیەوە خزمەتی خەڵكی بكەین. سەبارەت بە دۆخی كەركووك و بەشدارینەكردنی عیرفان كەركووكی لە دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا؟ مونا قەهوەچی گوتی: كاك عیرفان كەسێكی توركمانە لەسەر لیستی برایەتی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگایە و هاتووچۆی كەركووك دەكات، بەڵام تا دۆخی شارەكە نەگەڕێتەوە پێش 16ی ئۆكتۆبەر بەشداری دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا ناكات. لەبارەی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەش بۆ كەركووك؟ سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چاكسازی توركمان دەڵێ: پێویستە هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە شارەكە و زۆرینەی پێكهاتەی توركمانیش پشتگیری ئەوە دەكەن؟ گوتیشی: تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە كەركووك خەڵكی ئەو شارە ئاسوودە نابن. قەهوەچی دەشڵێت: وەكو توركمان پێشمەرگە بە هێزێكی نیشتیمانی دەزانین و هیچ كات نەمانگوتووە با توركمان هێزێكی تایبەت بە خۆی هەبێت.









