بەكر كەریم حەسەن
دامەزرێنەری ووڵاتی سەنگاپورە لی كوان یو دەلێ” ووڵات بە فێركردن دەست پێ دەكات، بۆیە من كە دەسەڵاتم گرتە دەست لە ووڵاتێكی زۆر هەژار گرنگیم بە ئابوری دا زیاتر لە رامیاری، وە گرنگیم بە فێركردندا زیاتر لە سیستەمی حكومڕانی”.بێگومان سیستەمی فێركردن لە سەنگاپورە یەكێكە لە سیستەمە هەرە پێشكەوتووەكان لە جیهاندا لە پێش ژاپۆن وكۆریای باشوریش دێت، كە ئامانجی سیستەمی فێركردن لە سەنگاپورە بریتیە لە بنیاتنانی كەسایەتی بەهێز بۆ منداڵ و پەرەپێدانی كارامەییەكانی كۆمەڵایەتی كە دیدگای سەنگاپورە دیدگایەكی پەرەپێدان و بنیاتنانە لە فێركردن لە تاكە بەرووبوومی سروشتی كە ئەویش میللەتەكەیەتی.
ئامانجی وەزارەتی پەروەردە و فێركردن لە ووڵاتی سەنگاپورە دۆزینەوەی بەهرەی هەموو قوتابییەكە هەریەكە و بە جیا بۆ گەیشتن بەو بەهرەیە هەموو توانایەك بۆی دەڕەخسێنێ وە پەرۆشی فێربوون لە ناخی قوتابی دەچێنێ بە درێژایی ژیانی بۆ دۆزینەوەی بەهرەكەی و پەرەپێدان و گەشەپێدانی بەبەردەوامی، جودا لەوەی كە لە قوتابخانەش دەردەچێت. بەڵكو ئەو رەخساندنە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن سوود و قازانج بە ووڵات و نیشتمان و میللەتەكەی بگەیەنێ، وە بەردەوام بێت لەفێربوون هەر ئەوەش بوو رەنگی دایەوە لە ووتاری لی كوان یو لە ساڵی 1977دا لەپێناسەی “پیاوی خوێندەوار” ئەو پیاوەیە كە راناوەستێ لە خوێندن و فێربوون ، بەڵكو بەردەوام دەیەوێت بخوێنێ و فێر ببێت ، وە ئەو سیستەمەی فێركردنەی كە ئێستا لە سەنگاپورە خاوەنداریەتی دەكات دەتوانین بلێین یەكێكە لە دەستكەوتەكانی لی كوان یوبۆیەش بە رێكەوت و قەزا و قەدەر نەبووە كە تەرمەكەی لە ناو زانكۆی سەنگاپورەی نیشتمانی نێژراوە.
ئەگەر بە كورتی تەماشای رێچكەی سەنگاپورە بكەین لە گەشەپێدانی فێركردن لە دوای سەربەخۆیی بوونی لە ووڵاتی مالیزیاوە لە ساڵی 1965 دەستیان كرد بە درووست كردنی قوتابخانە و دامەزراندنی مامۆستایان، دواتریش لە سەرەتای حەفتاكان وەزارەتی پەروەردە هەستی كرد قوتابییەكی زۆر قوتابخانە جێ دەهێلن و قوتابخانەكان ئەو گرنگەیان نییە، بۆیە دەستیان كرد بە چاكسازی كردن لە پرۆگرامەكانی خوێندن و رێكخستنی پەرتووكی قوتابخانەكان و دامەزراندنی دەستەی پشكنینی قوتابخانەكان، دواتر لە كۆتایی هەشتاكان وەزارەتی پەروەردە چەند قوتابخانەیەكی درووست كرد بە كارگێڕی سەربەخۆ و لە نەوەدەكان بەهەمان شێوە گرنگی بە درووست كردنی ئەو جۆرە قوتابخانانە درا لەگەڵ چەند دەست پێشخەری چاكسازی، یەكەمیان لە ساڵی 1977بوو بە ناوی دەست پێشخەری قوتابخانەكانی بیركردنەوە، فێربوونی نەتەوە ئەوەشیان لە سەر چوار پرەنسیپ و بنەمابوو ئەوانیش دووبارە هەڵسەنگاندنی كرێی مامۆستایان، زیاتر سەربەخۆی بوونی قوتابخانەكان، رەتكردنەوەی پشكنین، هەڵسەنگاندنی قوتابخانە باشەكان واتە چاكسازی گشتگیر، وە لە ساڵی 2005 حكومەت سیاسەتی نوێی فێركردنی داهێنا كە ئەویش بریتی بوو لە خوێندنی كەم، فێربوونی زۆر كە مامۆستایانی هاندا لە سەر جەخت كردنەوەیان لە كوالێتی فێركردن و گرنگی زیاتری پێ بدەن. لە سیستەمی فێركردنی سەنگاپورە زۆر گرنگی بە توانا و بەرزكردنەوەی لێهاتوویەتی مامۆستا و بەرێوەبەر دەدرێت لە ئەنجامی بەرنامەی راهێنان و مەشق و پەرەپێدانی تواناكانیان و مامۆستاكانیان پەیوەندی بە پەیمانگای فێركردنی نیشتمانی دەكەن كە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ژێر چاودێری دەبن لە پێناو دیاری كردنی رێچكەیەكی تەندروست و گەنجاوبۆیان، دەتوانرێ بەهرە و تواناكانیان بزاندرێ بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بۆ رۆڵ بینی سەركردە ئامادە بكرێن، لە هەموو قوتابخانەكان سەنگاپورە لە سەردەرگاكانیان درووشمی قوتابخانە بیردەكاتەوە.. نیشتمان فێردەبێت نوسراوە كە ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ گرنگیدان بە قوتابخانە و رۆڵی مامۆستا و بەرێوەبەری قوتابخانە گۆڕینی كۆمەڵگە و ووشیاركردنەوەیان كاریگەرییان لەسەر پێشكەوتنی نیشتمان.
لە كۆتاییدا دەلێم گرنگە ئێمەش لە هەرێمی كوردستان تا چەند توانیومانە لە رێگای وەزارەتی پەروەردە سوود لە ئەزموون و شارەزایی ووڵاتێكی هەرە پێشكەوتوو لە سیستەمی فێركردن كە سەنگاپورەیە وەربگرین، چونكە گەربمانەوێ لە پەروەردە و فێركردن پێشبكەوین، دەبێ تەماشای ئەو ووڵاتانە بكەین كە لە پەروەردە و فێركردن پێشەنگن و ئەزموونی ئەوان لێرە پەیڕەو بكەین، لە خۆمان دەپرسین ئایا ئێمە دوای ئەو هەموو ساڵە بە هەموو ووردەكارییەكانەوە سیستەمی پەروەردە و فێركردنمان چەند چۆتە پێش؟









