خهبات: هاوار مورتكەیی
د. كاوە خەلیلی ئەو ناوە دیارەی نێو شەترەنجە نەوەك هەر لە ئاستی ئێران، بەلكو كەسایەتییەكی دیارە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و كە وەك داوەریكی نیودەوڵەتی و رێكخەرێكی نێودەوڵەتی لە زۆرێك لە پێشبڕكێیە نێودەوڵەتییەكان پشتی پێ دەبەسترێت، ئەو لە پاڵ ئەم كارەشی مامۆستای زانكۆیە لە ئێران، بەهۆی ئەو توانا و شارەزاییەی كە لەبوارەكەی خۆیدا هەیەتی، ئەوە چەند جارێكە یانەی شەترەنجی خانزاد پەیوەندی پیوە دەكات و دێت لە هەولێر ئەو پاڵەوانێتییانە بەڕێوەدەبات، رۆژنامەی خەبات بەدەرفەتی زانی لە هەولێر دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجام بدات.
لە دەستپێكدا د. كاوە خەلیلی ناوبژیوان و رێكخەری نیودەوڵەتی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئەوە چۆنە چەند جارێك پاڵەوانێتییەكانی شەترەنجی یانەی خانزاد لەهەولێر بەڕێوە دەبەی گوتی: من كە دێم لێرە لە كوردستان خزمەت بەشەترەنج دەكەم ئەمە بە وەزیفەی خۆمی دەزام، چونكە من منداڵی ئەم وڵاتەكەم و هەر كاتێك ئێوه مەبەستی یانەی خانزاد پێویستتان بەمن بوو ئەوە ئەركی منە كە بێم خزمەتی شەترەنجی كوردستان و بەتایبەتیش یانەی خانزاد بكەم، چەند جارێك چوومەتە بەغدا و ئەوەی كە خۆشحاڵم دەكات ئەوە سێیەم جارە دێمە كوردستان دەبینم شەترەنجی كوردستان بەرەو پێش هەنگاو دەنێ و ئەمەش وادەكات كە هەموومان دەست لەناو دەست بنێین بۆ ئەوەی ئەو كاروانە بەسەركەوتوویی ببەینە پێش، پێویستە لێرە زیاتر كار لەسەر زانستی شەترەنج بكرێت.
دواتر لەوەڵامی ئەوەی بەراوردی یەكەم سەردانی لەگەڵ دوا سەردانی چۆن شەترەنجی كوردستانت بینی گوتی: هەڵبەت ئەو راستییە پێویستە بگوترێت، یەكەمجار كە هاتم بینیم كە هەنگاوی باش هاویشتراوە بەتایبەتیش لەلایەن خودی بەڕێز دلزار حەمەساڵح سەرۆكی یانەی شەترەنجی خانزاد، بڕوابكەی ئەوەی لێرە هەیە لەە وڵاتی ئێران نییە، هەروەها لە رووی پسپۆریشەوە دەتوانم بڵێم كەموكورتیتان نییە، بەڵام ئەوەی گرنگە لەسەری كاربكەین ئەوەیە كە ئەو شەترەنجەی كوردستان هەر لە چوارچێوەی عێراق و عەرەبەوە نەبێت، بەلكو كارلەسەر ئەوەبكەین كە شەترەنجی كوردستان بە دونیا بناسێنین، ئەمەش پلانێكی دوورو درێژی ددەوێ، ئەویش دەست لەناودەستی هەمووان وابكەین لە ئایندەیەكی نزیكدا GM و IMی كوردمان هەبێت، هەروەها دەبێت سەرمایە لەسەر مناڵ بكەین، وە ئەگەر بمانەوێ شەترەنج ببەینە ماڵان ئەوا بێگومان لە رێگای قوتابخانەكانەوە شەترەنج دەگەیەندرێتە ناو ماڵەكان.
دواتر د. كاوە خەلیلی لەبارەی گەورەترین حەز و ئارەزووی گوتی: گەورەترین ئارەزووی من ئەوەیە كە خزمەت بەنەتەوەكەم بگەیەنم، ئەگەر ئەم خزمەتە نەكەم ئەوە خیانەتە، بە بڕوای من كاتێك پسپۆرییەكت دەبێت، ئەوە قەرزێكت دەكەوێتەسەر دەبی بیگەڕێینیەوە بۆ نەتەوەكەت، ئەمەش دەتوانین بە كردنەوەی خولی ناوبژیوانی و هێنانی یاریزانی بەتوانا و تێكەڵاویان لەگەڵ یاریزانانی خۆمان و هەروەها هێنانی راهێنەر، بەبڕوای من لە رووی زانستییەوە پیویستمان بە راهێنەری بیانی هەیە، ئەوانەی خۆمان كە هەمانە تا ئاستێك دەتوانن یاریزان پێبگەیەنن، بۆیە پیویستە راهێنەری بیانی بهێنین، من لەلایەن خۆمەوە ئامادەباشی تەواوم هەیە كە هاوكاری یانەی خانزاد بكەم لەهینانی كەسانی بەتوانا كە بتوانن لێرە خزمەت بكەن.
لە كۆتاییدا د. كاوە خەلیلی ئۆرگەنازەیشنی نێودەوڵەتی شەترەنج لەبارەی گرنگیی فێركردنی شەترەنج لە چ قۆناغێكدا پێویستە؟ ئاماژەی بە وەدا و گوتی: شەترەنج واتە بیركردنەوە، كەواتە تۆ بە منداڵ دەڵێی بیر بكەوە، كاتێك یاری دەكەی دەبینی كە بەرامبەرەكەت داشێكی شەترەنج دەجولێنێت، لەوكاتەدا تۆ بیردەكەیەوە چ داشێك بجولێنی؟ بەرامبەرەكەت چ پلانیكی بەدەستەوەیە؟ تۆ دەبی رێگە لەو پلانە بگریت و لەهەمان كاتیش پلانی خۆت هەبێت، واتە تۆ هیچ هەنگاوێك ناهاوێژی بەبێ بیركردنەوە، واتە كەمتر هەلە دەكەیت، بەگشتی سوود بەو مناڵەش دەگەیەنێت لە قوتابخانەدا، ئەگەر باسی وانەی ماتماتیك بكەین دەبینین كاتێك قوتابیەك لە وانەی ماتماتیك باش بوو، بێگومان لەوانەكانی تریش باش دەبێت، واتە بەغیرەتەوە دەچێتە قوتابخانە، چونكە راحەتتر ماتماتیكەكە شی دەكاتەوە، لەگەل ریزم بۆ وەرزشەكانی تر، شەترەنج وەرزشێكی پاكه و دوورە لە توندو تیژی و كاتێك دایك و باوك مناڵ بۆ شەترەنج دەبات دەبینی تەنانەت جگەرەكێشانیش لەو شوینە قەدەغەیە، واتە شوێنێكی تەندروستە، هیمنە، تەنانەت ناتوانێت قسە بكات بەدەنگێكی بەرز، شتێكی تریش شەترەنج وەك ژیان وایە دۆڕان و بردنەوە هەیە، نەدەبێ لە بردنەوەدا زۆر خۆشحال بی و نەلە دۆڕاندنیشدا بێ ئومێد بی، بۆ نمونە لەشەترەنجدا ئەگەر لە دواوەش بی دەڵێ دەبی هەوڵ بدەی لەوانەیە جولەیەكی باش بدۆزیەوە، لە ژیانیش وایە ئەگەڕ دۆڕای حەتمەن رێگایەك هەیە بەدوای بگەڕێیت بۆ ئەوەی ئەو شتانەی دەورووبەرت كە خرات كردوون چاكی بكەیەوە، لەلایەكی دیكەشەوە شەترەنج پێویستی بەجولەی جەستە هەیە، دەڵێن ئەگەر یاریزانێك جولەی كەم بێت ئەوە نابێتە پاڵەوان، بۆ نمونە كارلسنی پاڵەوانی جیهان كە پێش ئەوەی بەشداری پاڵەوانێتی جیهانی بكات، مانگێك دوو مانگ پێش ئەوە دەچێت وەرزشی شاخەوانی دەكات، لێرەدە ئەو راستیەمان پێ دەڵێت كە عەقلی سالم لە بەدەنی سالمدایە.









