خەبات: سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
ساڵەهایە لە دیرۆكی بەرخودانی نەتەوەییماندا پەیامی كوردستان یان نەمان سەدای دێت و بووتە فێرگەی كوردایەتی و كۆڵنەدانی راستەقینە، ئەوەتا ئەم رێبازە، ئەم كاروانی نەپساوەیەی خەبات هێشتا بۆ ئەدای ئەركە نەتەوەیی و مرۆییەكانی خوێن دەبەخشێ و هێشتا لە بڕینی رێگای سەركەوتنەكانیدایەو تا دێت بە خوێن بەڵگەو تۆماری زیاتر لەسەر ئیرادەی فیداكاری و قوربانیدانی رۆڵەكانی ئەم نەتەوەیە دەنەخشێنێ و پێشكەش بە نەوەكانی ئەم نیشتمانە دەكات لەپێناو رووناكتربونەوەی ئاسۆی سەرفیرازی یەكجاری خاك و گەلی كوردستانی. ئەوەتا مێرخاسانی ئەم رێبازە شكۆمەندە وا گۆشكراون كە لەپێناو كوردستانەكەیاندا گرەو لە مەرگ، لە هەر دوژمنێكی ژیان و ئازادی و تەنهایی دەبەنەوەو بە خوێنی ئاڵیان پاراستنی ئەمڕۆ و سەركەوتنی سبەینێ مسۆگەر دەكەن. شەهیدی فەرماندە لیوا (عوسمان پیرانی) بە تۆماركردنی 41 ساڵ خەباتی پێشمەرگەكایەتی و هاوسەنگەری شەهیدی فەرماندە عەمید (رەشید سەردەری) بەتۆماركردنی 47 ساڵ خەباتی پێشمەرگایەتی كە هەر لەم ئەركە پیرۆزەیدا كە4 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە 11-1-2015 لە گوندی سولتان عەبدوڵڵا دوای شەڕێكی سەخت لەگەڵ تیرۆریستانی داعش شەهید بوون لەپێناو كوردستان. ئێمەش لەئەو یادەدا خەبات و تیكۆشانی هەردوو شەهیدی فەرماندە بۆ خوێنەرانی رۆژنامەی خەبات دەخەینەڕوو. سەروەرینامەی شەهیدی فەرماندە لیوا (عوسمان پیرانی) شەهیدی فەرماندە لیوا (عوسمان عەبدولرەحمان پیرانی) ناسراوە بە (عوسمان پیرانی) لە ساڵی 1955 لە گوندی پیران سەر بە دەڤەری بارزان لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەرو شۆڕشگێڕ لە دایكبووە، لە ساڵی 1974 پەیوەندی بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەكات، لە ساڵی 1975 لە گەڵ كەسوكارەكەی ئاوارەی ئێران دەبێت، لە دەستپێكی شۆڕشی گوڵان پەیوەندی بە ریزەكانی پێشمەرگە دەكات لە سنووری قوەتی بارزان. ساڵی 1979 بووە پێشمەرگەی قوەت بارزان، بەشداریكردن لەخۆلی ڕاهێنانی چەك، لە ئۆردوگای زێوە ساڵی1979، لەسەر فەرمانی شەهیدی هەمیشە لەیاد ئیدریس بارزانی بەشداری خولی كادیرانی پارتی ساڵی 1981 كردووەو لەبەر ئازایەتی و خەباتی پێشمەرگایەتی 4-4-1988 بوویتە ئەندامی رێكخراوی قەلەندەر. لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا چەندین پلەی بەرپرسیارێتی پێدراوەو بەشداری چەندین داستانی بە ناوبانگی كردووە. ئەو شەڕ و مەفرەزانەی كە شەهیدی بەشداری تێدا كردووە: لێدانی فەوجی ئەشكەوتووان 20-11-1980، لێدانی رەبیەی لێلۆك 21-11-1980، ئەنجامی مەفرەزە لە گۆرا گومێ 1981، لێدانی رەبیەی باوەی 1981، شەڕی محەمەد شا 20-3-1983، شەڕی عەربە و كۆیكا(وەزنێ)8-3-1983، شەڕی چیای پیران 1986، بەشداری ردنی چەند مەفرەزەی جیاواز لە 18-9-1986 تا 21-10-1986، شەڕی مێرگەسۆر 1987، شەڕی شكێرێ بێشوون 3-8-1988، شەڕی دەریای سۆر و بەرمێزە 4-8-1988، كەمینەی چەمەلول 7-8-1988، شەڕی گوزە پانكێ 8-8-1988شەڕی سەرێ خەروانێ 14-8-1988، شەڕی چیای كتكینێ 18-8-1988، شەڕی چیای زەرواڤا 21-8-1988، شەڕی كۆڕاڤا 4-9-1988، شەڕی كەركورك 23-3-1991، شەڕی یەكەم و دووەمی كۆڕێ، لێدانی رەبیەی ناو گردۆكا، لێدانی دائیرەی كارەبای مێرگەسۆر، لێدانی فەوجی گۆڕا میرزای، لێدانی رەبیەی گردێ گا، لێدانی رەبیەی نیوەخینێ ، لێدانی رەبیەی لەنگەرۆكێ، لێدانی رەبیەی ملێ تاڤۆكی، لێدانی تۆپخانەی مێرگەسۆر، كەمینەی خەردنێ، لێدانی رەبیەی گەلیێ سۆرێ، لێدانی رەبیەی خۆشكان، لیدانی مقر سریەی خۆشكان، شەری چەقل مستەفا، شەڕی شاولە، شەڕی مەسیف ئەمانەی هەموو ئەو شەڕ و هێرشانەن كە چ لە شۆڕشی گوڵان و راپەڕین كە دژ بە حكومەتی بەعسی عێراق ئەنجامدراون. لە شۆڕشی گوڵاندا چەند جارێك بریندار دەبێت وەك لە شەڕی مێرگەسۆر 1987، لە شەڕی كتكینێ 18-8-1988 . شەڕی كۆڕاڤا4-9-1988، هەروها یەكێك بووە لە قارەمانانی بەشداربوو لە داستانە مێژووییەكەی خواكوڕك دا و لەو نەبەردیە كەم وێنەیەدا بە سەختی بریندار دەبێت. دوای تەمەنێك لە خەباتی سەختی شاخ، ساڵی1991 بەشداری كارای دەبێت لە راپەڕینە دیرۆكیەكەی كوردستاندا و بەشداری بەرچاوی دەبێت لە داستانی بەناوبانگی كۆڕێ و هەر لەو نەبەردییە و چارەنوسسازەدا دوای شەڕێكی مەردانە بە سەختی بریندار دەبێت. شەهیدی فەرماندە (عوسمان پیرانی) جگە لە بواری پێشمەرگایەتی لە بواری ئیداریشیدا توانادار بوەو لە ساڵی 1992 لە سەر فەرمانی جەنابی سەرۆك بارزانی دەبێتە قایمقامی قەزای مێرگەسۆر تاكو ساڵی1998 بۆ ماوەی6 ساڵ خزمەتی زۆر بە دەڤەری بارزان دەكات. باوەرپێكراوی جەنابی سەرۆك بارزانی و كاك نێچیرڤان بارزانی و سەركردایەتی پارتی بووە و بە مرۆڤێكی خەمخۆر ناسراو بوو. هەمیشە لەگەڵ پێشمەرگە ژیاوە بێ جیاوازی و هیچ كاتێك غەدر و زوڵمی قەبول نەدەكرد و لەگەڵ هەژاران و لێقەومان بوو، مرۆڤێكی نەرم و نیان و قسە خۆش و راستگۆ بوو، هەمیشە لە سەر حەق بوو، لە ساڵی1999 دەبێتە جێگری فەرماندەی فەرماندەیی بارزان. بەشداری لە كۆنگرەی 10 و 11 و 12 و 13ی پارتی دەكات، لەبەر خەبات و قارەمانیەتی لە كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لایەن جەنابی سەرۆك بارزانی مەدالیای (بارزانیی نەمر)ی پێ بەخشراوە. ئەم فەرماندەو كەسایەتیە نەمرە تێكۆشەرێكی باوەڕ پتەو كۆڵنەدەر بوو، خاوەن كەسایەتیەكی رۆشنبیرو خۆشەویستی ناو هەڤاڵ و جەماوەر بووە، پێگەی كۆمەڵایەتی خۆی هەبوو، تێكەڵاویەكی بەرفراوانی هەبوو لەگەڵ لاوان و پێشمەرگە و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان، و هەمیشە تێكەڵ بوو لە گەڵ جەماوەری كوردستان بە تایبەتی خەڵكی دەڤەری بارزان. هەمیشە لە سەردانی خەڵك و پێشمەرگە دێرینەكانی دەكرد و ئەوانی بەسەردەكردەوە، هەمیشە لە بۆنە نەتەوەیی و حزبیەكان بەشداربووە. هەروها مرۆڤێكی ژینگەپارێزبوو و هەمیشە لەگەڵ رێكخراوەكانی ژینگە كۆدەبووە كە چۆن دەبێ مرۆڤ ژینگەی خۆی بپارێزێت، هەمیشە دژی بێكاری و پاڵدانەوە بوو، هەمیشە كادیر و پێشمەرگەكانی هاندەدا خۆیان فێرە خوێندن و زانست بكەن و هەمیشە بە دوای گرفتەكانی پێشمەرگەكانەوە بوو و بە كردەوە لە گەڵیاندا بوو. هەمیشە خۆی بە خزمەتكاری رێبازی بارزانیی نەمر دەزانی، هیچ كاتێك حەزی لە پلە و پایە نەبوو. شەهیدی فەرماندە لیوا (عوسمان پیرانی) هەر لە سەرەتای پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كوردستان وەك فەرماندەیەك لە سەنگەرەكانی پێشەوەی بەرگری لە سنووری سەدی موسڵ و دواتر لە میحوەری گوێڕو مەخمور بەشداری لە بەرپەرچدانەوەو راماڵینی بیرڕەشەكانی داعش دەكات، هەروەك فەرمامدە سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری گوێڕ ومەخموو دەڵێت: ئێمە هەمیشە بە شەهید عوسمان پیرانی مان دەگوت: شەهیدی زیندوو ئەگەر پیاو چەند قارەمان بێت، هەر دەگاتە قارەمانیەتی عوسمان پیرانی چونكە قارەمانیەتی لەوە زیاتر نییە، هەمیشە دەم گوت: تانك شكێن، چونكە چوار تانك و مدرەعەكانی دوژمنی تێكشكاندووە، لە ساڵی1991 لە (معسكر خالید) لە راپەرینی كەركوك تانكیەك تێك دەشكێنێت، لە ساڵی1991 دەبابەیەك تێك دەشكێنێت،2 جار لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، دەبابەی تیرۆریستان تێك دەشكێنێت. هەر لەم ئەركە پیرۆزەیدا لە11-1-2015 لە گوندی سولتان عەبدوڵڵا دوای شەڕێكی سەخت لەگەڵ تیرۆریستانی داعش ئەم تێكۆشەرە دێرینە لە گەڵ هاوسەنگەری فەرماندە عەمید (ڕەشید سەردەری) گیانی خۆیان فیدای خاك و نەتەوەو رێبازەكەی دەكات و بە تۆماری پڕ لە شانازی 41 ساڵەی پێشمەرگایەتیەوە دەگاتە كاروانی هەرگیز نەمران. شەهیدی فەرماندە 3 كچ و 2 كوڕی بۆ كوردستان بەجێهیشت. هەزاران سڵاو لە گیانی شەهیدی فەرماندە لیوا (عوسمان پیرانی) و شەهیدی فەرماندە عەمید(رەشید سەردەری) گشت شەهیدانی كوردستان و سەروەری شەهیدان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە لەیاد. سەروەرینامەی شەهیدی فەرماندە عەمید (ڕەشید ئیبراهیم سەردەری) یەكێك لەو مێرخاسە نەمرانە شەهیدی فەرماندە عەمید (رەشید ئیبراهیم چیچۆ) یە كە ناسراوە بە (رەشید سەردەری). شەهید لە ساڵی1955 لە گوندی سەردەری سەر بە دەڤەری بارزان لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەرو خەباتگێڕ لە دایكبووە، هەر لە تەمەنی لاوێتی هەستی نەتەوایەتی و ئازادیخوازی تێكەڵ بە ناخی دەبێت، شەهید (رەشید سەردەری) لەگەڵ زۆر لە كەسوكاری هەر پێشمەرگە بوونەو لە بنەماڵەیەكی تێكۆشەرن، لە تەمەنی لاویەتی چەكی پێشمەرگایەتی لەشانكردووەو لەگەڵ فەرماندەی خەباتكار (مستێ عەبدوڵڵا كركەمۆیی) دا بۆیە لە ساڵی1968 دەچێتە حاجی ئومەران لەگەڵ فەرماندە (ئەحمەد حاجی تاتكی) بەردەوام دەبێت لە ئەركی پێشمەرگایەتی دەچێتە ریزی شۆڕشی مەزنی ئەیلولەوەو چەكی بەرگریكردن لە خاك و نەتەوەكەی دەكات شان و هەر لەو شۆرشەدا بەشداری چەندین داستان دەكات. دوای نسكۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ئاوارەی ئێران دەبێت، بەڵام بە هەمان روحیەتی بەرزی شۆڕشگێڕانەیەوە بۆ درێژەدان بە خەبات لە شۆرشی گوڵاندا بەردەوام دەبێت لە دەستپێكی شۆڕشی گوڵاندا لەگەڵ كەسوكاری بوونەوە پێشمەرگەو چوونەوە ناو سەنگەر لەگەڵ فەرماندەی خەباتكار (مستێ عەبدوڵڵا كركەمۆیی) دابوون لە رژان لەسەر ئەركی پیرۆزی پێشمەرگایەتی و یەكێك لەو قارەمانانە بووە كە لە داستانی خواكوڕك دا رۆڵی هەبووە، شەهیدی فەرماندە عەمید (رەشید سەردەری) لە خانەوادەیەكی خەباتگێڕو شەهید پەروەرە، برایەكی بە ناوی (مستەفا ئیبراهیم) لە ساڵی 1983 یەكێك لە ئەنفالكراوەكانی بارزانییەكان بووەو برازایەكی بەناوی (شاهین ئارەب ئیبراهیم) لە ساڵی 1986 لە زیندانی ئەبوغرێب لە سێدار دراوە..شەهید فەرماندە عەمید(رەشید سەردەری )دوای ئەوەی دەیان بەهاری تەمەنی لە پێشمەرگایەتی گوزەراندو لەو ماوەیەدا چالاكانە ئەركەكانی بەجی گەیاندوەو بەشداری لە راپەرینی ساڵی 1991 دەمات و رۆڵی گیانفیدایانەی هەبووە و هەتا كەسێكی زۆر خۆشەویست و متمانە و باوەڕپێكراو لای جەنابی سەرۆك بارزانی بووە، شەهیدی فەرماندە عەمید(ڕەشید سەردەری) یەكێك لە پاسەوانەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی بوو. لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا چەندین پلەی بەرپرسیارەتی پێدراوە. لە ساڵی 1993 گواستراوەتەوە بۆ لەشكری تایبەتی 1 و دواتر بۆ هێزی یەكەی پاسەوانی بەرێز جەنابی سەرۆك بارزانی و لە ساڵی 1995 لە بەرگریكردن لە دەسكەوتەكانی خوێنی شەهیدان بریندار دەبێت، چەند ئەركی بەرپرسیارەیەتی وەرگرتووە،دوا جار بە پلەی عەمید خانەنشین كراوە. شەهیدی فەرماندە عەمید(ڕەشید سەردەری)مرۆڤێكی كورددۆست بوو و وەكو پێشمەرگەیەك هەموو ژیانی پێشكەش بە شۆڕش رێگای ئازادی كوردستان كردبوو، مرۆڤێكی بەرێز بوو، مرۆڤێكی خۆشەویست و بەرەحم بوو، كەسایەتی كۆمەڵایەتی خۆشەویستی دەڤەری بارزان بووە، كەسێكی قارەمان ناسراو بووەلای هاوسەنگەرانی، هەردەم كەسێكی خۆڕاگر بووە تەنها خزمەتی بۆ رێبازی بارزانیی نەمر هەڵبژاردەبوو بۆخزمەتكردنی بە گەل و نیشتیمان، جوامێری و خۆشەویستی بۆ كوردستان و رێبازەكەی هانیدا كە لە دەستپێكی شەڕی تیرۆریستانی داعش بۆ بەرگری لە كوردستان بچێتەوە ناو سەنگەرو لە میحوەری گوێرو مەخمور دژی تیرۆریستان بجەنگن. لە دەستپێكی شەڕی تیرۆریستانی داعش دژی خاكی كوردستان شەهیدی فەرماندە عەمید (ڕەشید سەردەری) بە ورەو ئیرادەیەكی بەرزەوە چووەوە ناو مەیدانی بەرگری بۆ پاراستنی خاكی كوردستان كە هەمیشە بەماڵ و پێشمەرگەكانی دەیگوت: داعش شكست دەخوات چونكە ئەوانە ناهەق و ناحەزن و پێشمەرگە بەسەرۆكایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی شكست بەو دوژمنە چەپەڵانە دێنێت.پێشمەرگەی دێرین و خەباتكاری رۆژە سەختەكان شەهیدی فەرماندە عەمید (رەشید ئیبراهیم سەردەری) لە 11-1-2015 دوای شەڕێكی سەخت لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لە گوندی سولتان عەبدوڵڵالەگەڵ شەهیدی فەرماندە لیوا (عوسمان پیرانی) گیانیان فیدای نیشتیمانەكەیان دەكەن و دەگەنە كاروانی شەهیدانی كوردستان. هەزاران سڵاو لە گیانی شەهیدی فەرماندە عەمید (رەشید سەردەری)و شەهیدی فەرماندە لیوا (عوسمان پیرانی)و گشت شەهیدانی كوردستان سەروەریان بارزانیی نەمر كاك ئیدریسی هەمیشە لەیاد.
سهرهتا بهدواداچوون لە 4هەمین ساڵیادی هەردوو شەهیدی فەرماندە لیوا (عوسمان پیرانی) و عەمید (رەشید...









