خەبات: دلێر ئیبراهیم
سەرەتای ساڵی نوێی ئەمازیغی 2969 لە رۆژی 12/1/2019، دەستپێدەكات، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەلی ئەمازیغی دۆست و برا دەكەین، بەهیوای ئەوەی هەردوو گەلی كوردستان و ئامازیغ بە تەواوی مافە رەواكانیان بگەن لە سەربەخۆیی و ئازادیدا. هەردوو گەلی كوردستان و ئامازیغ سەرەڕای دووری سنووری جوگرافی نێوانیان بەڵام هەمیشە لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتیاندا هاوسۆزی یەكترن. هەمیشە گەلی كوردستان پاڵپشتی خۆی بۆ گەلی ئامازیغی دووپاتكردۆتەوە لە وەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە زەوییە داگیركراوەكانی، لەلایەن وڵاتانی مەغریبی عەرەبی، ئەمازیغ هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتەكانی ئەو وڵاتانە دژایەتی كراون و سەدان شەهیدیان لەو پێناوەدا بەخشیوە.
پارساڵ كاتێ سەرۆكی جزائیر “عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە” بڕیاریدا سەرەتای ساڵی نوێی ئەمازیغی، بكرێتە پشووی فەرمی لە سەرتاسەری وڵات، ئەمە خۆی لەخۆیدا دانپێدانان بوو بە مافە رەواكانی گەلی ئەمازیغ و هەنگاوێكی گرنگ بوو لە وەدیهێنانی مافەكانیان لە جەزائیر و تەواوی ناوچەكەدا و، بەمەش لاپەڕەیەكی نوێ لە خەبات و چالاكی مەدەنی ئەمازیغیەكان كرایەوە و سەركەوتنێكی دیكەیان تۆماركرد لە پێناوی پتەوكردنی كلتوور و هونەر و تەواوی لایەنەكانی تری گەلی ئەمازیغی. هەروەها بڕیاری سەرۆكی جەزائیری بۆ ئامادەكردنی پرۆژە بڕیاری دامەزراندنی “ئەكادیمیای جەزائیری بۆ زمانی ئەمازیغی” دەستكەوتێكی دیكە بوو، لەگەڵ زیادكردنی زمانی ئەمازیغی بۆ پرۆگرامەكانی خوێندن، كە ئەمانە دەستكەوتی گرنگن بۆ برا ئەمازیغییەكان. پێشتریش لە ساڵی 2014 زمانی ئەمازیغی كرایە زمانێكی نیشتمانی، لە گۆڕانكارییە دەستوورییەكانی ئەو ساڵەدا، لەمیانی دیدار و چاوپێكەوتنە بەردەوامەكانم لەگەڵ هاوڕێ ئامازیغییەكان لە رۆما، هەمیشە هاوسۆزی و پشتیوانی بەردەوامی خۆیان بۆ گەلی كوردستان و مافە رەواكانی دووپات دەكردەوە. هەر لێرەشەوە بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی ئامازیغی 2969 پیرۆزبایی لە گەلی ئەمازیغی دەكەین، بەهیوای هێنانەدی تەواوی مافەكانیان لە وڵاتی “تامازیغا”.
دۆزی رەوای گەلی كوردستان هەمیشە ئامادە بووە لە وتوێژ و بەیاننامە و چالاكییەكانی بزاڤی ئەمازیغی لە وڵاتەكانیان و لە چالاكییە مەدەنییەكانیان لە ئەوروپا چونكە نزیكترین دۆز لە گەلی ئەمازیغی، دۆزی رەوای گەلی كوردستانە، هەردووكیان هەمان رەهەند و ناڵە و ئازاریان هەیە، سەرەڕای سنوورداری پەیوەندی نێوان هەردوولا بەهۆی دووری جوگرافی لە نێوانیان. ئەمازیغییەكان هەمیشە دروشمی “كورد و ئەمازیغ . دوو گەل و یەك دۆز” و “یەك دۆز و چارەنووسێكی هاوبەش” بەرزدەكەنەوە و هەردوولا بەهیوای پتەوكردنی پەیوەندی نێوانیانن. ئەمازیغییەكان بەهیوای هێنانەدی مافەكانیانن بە درێژایی پانتایی وڵاتانی مەغریبی عەرەبی لە سنووری لیبیا و میسڕەوە تا دەگاتە كەناراوەكانی وڵاتی مەغریب و لە باشووریشەوە بە ئاراستەی بیابانی مەزن. ئاڵای ئەمازیغی لە سێ هێڵی ئاسۆیی و بە سێ رەنگی جیاواز شین و سەوز و زەرد پێكهاتووە، لە ناوەراستیش هێمای “ئازا” بە ڕەنگی سوور نەخشێندراوە.رەنگی شین: هێمایە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست و ئۆقیانووسی ئەتڵەسیرەنگی سەوز: هێمایە بۆ سروشت و چیا سەوزەكانی باكوور، رەنگی زەرد: هێمایە بۆ لمی بیابانی مەزن، رەنگی سوور: هێمایە بۆ ڕەنگی شەهیدانی ئەمازیغ لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتیاندا.









