بەپێی دوایین داتا و ئاماری دەزگای خێرخوازی بارزانی و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا یەک ملیۆن و ٤١١ هەزار و ٥٣٢ کەس وەک ئاوارە و پەنابەر لە ٣٨ کەمپی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و رۆژانەش پێویستییان بە ٥ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلارە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، دەزگای خێرخوازی بارزانی و ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان داتا و ئاماری ئاوارە و پەنابەرەکانییان راگەیاند.
لە سەرەتای کۆنگرەکەدا، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، مووسا ئەحمەد گوتی: “لەساڵی رابردوودا ٨٠٩ چالاکیمان ئەنجامداوە کە تیایدا یەک ملیۆن و ٨ هەزار و ٦٨١ خێزان، کە سەرجەمییان بریتی بووە لە ٥ ملیۆن و ٦٦٧ هەزار و ٥٠٨ کەس، گوژمەی خەرجکراو لەکۆی ئەو چالاکییانەش بریتیی بووە لە ٥٠ ملیار و ٧٦ ملیۆن و ٢٦٢ هەزار و ٢٠٦ دینار”.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم،هۆشەنگ محەمەد: “بۆ دابینکردنی کەمترین پێداویستیی خزمەتگوزاری، هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە بە ٥ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلارە، مانگانە دەکاتە ١٦٢ ملیۆن دۆلار”
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، هۆشەنگ محەمەد تیشکی خستە سەر ژمارەی پەنابەران و ئاماژەی بەوەشکرد کە بەگشتی پەنابەری وڵاتەکانی سووریا، تورکیا، ئێران و سعوودیە هەیە و گوتی: “ژمارەی پەنابەری سووریا بریتییە لە٢٤٩ هەزار و ٦٣٩ کەس، پەنابەری تورکیا بریتییە لە ٢٠ هەزار و ٥٧٥ کەس، پەنابەری ئێران بریتییە لە ١٣ هەزار و ١٦٢ کەس و پەنابەری فەڵەستینیش بریتییە لە ٧٥٦ کەس کە رێژەی هەرە زۆری ئاوارە و پەنابەرەکان لەناو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەژین، تەنها سەدا ٣٧ی پەنابەران لە کەمپەکان دەژین، بە گشتی ئاوارە و پەنابەرەکان سەدا ٥٠ لەشاری هەولێر و سەدا ٣١ لە شاری دهۆک و سەدا ١٩ لە شاری سلێمانی نیشتەجێن”.
هۆشەنگ محەمەد گوتیشی: “لە رووی پێکهاتەکانەوە، لە کۆی رێژەی ئاوارەکان، سەدا ٤٠ی عەرەبی سوننەن، لە سەدا ٣٠ی ئێزدین، لە سەدا ١٣ کوردن، لە سەدا ٧ مەسیحی و سەدا ١٠ شیعە و تورکمان و شەبەکن”.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە کۆی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەش کرد کە لە ساڵی ٢٠١٨دا هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و گوتی: “لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٣٢ هەزار و ٢٨٢ ئاوارە و پەنابەر هاتوونەتە هەرێمی کوردستان کە ٢٨ هەزار و ٤٨٧ یان ئاوارەی ناوخۆ بوونە و ٣ هەزار و ٧٩٥ پەنابەریش دووبارە لە سووریا هاتوونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان”.
سەبارەت بە ژمارەی ئاوارە و پەنابەرە گەڕاوەکانیش بۆ زێدی خۆیان، هۆشەنگ محەمەد گوتی: “بە گشتی ٣٢ هەزار و ٥١ کەس هەرێمی کوردستانییان بەجێهێشتووە و لەو ژمارەیەش، ٢٧ هەزار و ٦٧١ کەس ئاوارەی ناوخۆ و ٤ هەزار و ٣٨٠ کەسیش پەنابەری سووریا بوونە و گەڕاونەتەوە سووریا یان رۆیشتوون بۆ ئەورووپا”.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە خەرجییەکی زۆریان پێویستە بۆ کەمترین خزمەتگوزاری و لەمبارەیەوە گوتی: “بۆ دابینکردنی کەمترین پێداویستیی خزمەتگوزاری، هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە بە ٥ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلارە، مانگانە دەکاتە ١٦٢ ملیۆن دۆلار”.
هۆشەنگ محەمەد گوتیشی: “ئەو کۆمەکانەی لەلایەن وڵاتانەوە پێشکەشکراون تەنیا سەدا ٢٥ی پێداویستییەکانی پێ دابینکراوە و ئەوەی دیکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی پێویست دابینی کردووە”.
AA









