سەلام عەبدوڵڵا
كە لە سەرەتای نەوەدەكاندا پارتی دیموكراتی كوردستان چووە ژێرباری پەنجا بە پەنجاوە لەبەر پاراستنی یەكەمین ئەزموونی حوكمڕانی لەهەرێمدا بوو، چونكە بەو جۆرە نەبووایە دوور نەبوو لەهەرێم بەرەنگاری دۆخێكی زۆر سەخت ببێتەوە و جارێكی دیكە شەڕی ناوخۆ دروست ببێتەوە، هەربۆیەش بۆ جێگیركردنی ئەزموونەكەمان قوربانی بە بەرژەوەندی و مافەكانی خۆی دا كە لە ئەنجامی هەڵبژاردن بەدیهاتبوو.
بەڵام وەك دەركەوت ئەزموونی پەنجا بە پەنجا سەركەوتوو نەبوو، نە لە حوكمڕانیدا كە بەو شێوەیە زۆر سەخت بوو، نە توانی لە داهاتووشدا رێگربێت بۆ روونەدانی شەڕی ناوخۆ.
هەر بۆیەش ئەو جۆرە حوكمڕانییە بەردەوام نەبوو، دوو ئیدارەیشی لێكەوتەوە، بەڵام كە هەردوولا پێكهاتنی بۆ دامەزراندنەوەی حكومەتێكی هاوبەش، وابە باش زانرا كە هەردوولا و لایەنەكانی تریش هاوبەشی دەسەڵات بن و پێكەوە وڵات بەڕێوەببەن، ئەگەرچی زۆرینەی پۆستەكان هەر بەر یەكێتی و پارتی كەوتن.
پارتی لە حكوومەتی هاوبەشدا بێ گوێدانە زۆرینەو كەمینە لەحكوومەتدا وەكو یەك، بەشداربوون و پۆستە سیادییەكان لای هەردوولایان بوون. ئەگەرچی لە هەڵبژاردنەكانی لەمەودوادا هەمیشە پارتی زۆرینەی دەنگەكانی بۆ خۆی دەستەبەر كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی دامەزراندنی حكوومەتی زۆرینەی نەداوەو بەچاوی هاوبەش لە یەكێتی روانیوە.
بەڵام ئیدی ئەمە مانای وانییە كە هەمیشە پۆستەكان بەڕێژەی پەنجا بە پەنجا بەسەر یەكدیدا دابەش بكرێ و گوێ نەدرێتە ژمارە دەنگدەران كە لەپێناویدا هەڵبژاردن دەكرێ، دەنا هیچ مانایەك بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن نامێنێت و پرۆسەیەكی زیادو مەسرەفێكی زۆر، زیاتر هیچی لێ شین نابێت. بۆیە بۆ چەسپاندنی پرۆسەی دیموكراتی لە هەرێمدا و دابینكردنی مافی دەنگدەر پێویستە حساب بۆ ژمارە دەنگەكان بكرێ و بەوپێیەش پۆستەكان دابەش بكرێ، دەنا گەر وانەبێ ئەوە هەر سیاسەتی پەنجا بە پەنجا دەگەیێنێ.
ئێستا دوای چەندین هەڵبژاردن لە هەرێمدا، هەموو حزبەكان سەنگ و پێگەی خۆیان دەزانن لەنێو جەماوەردا، بۆیە دەبی ئیتر رەچاوی ئەو پرەنسیپە بكرێ و بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن مامەڵە بكرێ.
ئەمەش دەبێتە هەنگاوێكی گرنگ بۆ چەسپاندنی دیموكراسی لە هەرێمدا و سەنگ و بایەخیش بە هەڵبژاردن دەبەخشێ و مافی دەنگدەرانیش پارێزراو دەبێت.









