دادگای تێھەڵچوونەوەی کەرکووک فەرمانی دەستگیرکردن و بەندکردنی شەش مانگ
بۆ ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی کەرکووک بەوەکالەت دەرکردووە، بە
شێوەی غیابی و بەبێ ئەوەی ئامادە بێت، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤیش لە
ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێ، بڕیارەکە سیاسییە و تۆڵەکردنەوەیە لە
سەرۆکی ئەنجومەن کە ھەڵوێستی کوردانەی ھەبووە.
جوان حەسەن، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومنی پارێزگای کەرکووک، بە
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “بەداخەوە دادگای
تێھەڵچوونەوەی کەرکووک بە پێی مادەی ٣٣١ی یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی
گرتنی بۆ ڕێبوار تاڵەبانی دەرکردووە، کە بڕیارەکە سیاسییە، نەک یاسایی،
چونکە ئەو پارەی کاتی خۆی وەریگرتووە و ئێستا پێی سزا دراوە بۆ حکوومەتی
گەڕاندووەتەوە، بەڵام بڕیاری گرتنی بۆ ھەڵوێستەکانی دەگەڕێتەوە کە پشتگیریی
لە ڕیفراندۆم و ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان کرد و دژی داگیرکردنی کرکووک بوو،
بۆیە دەیانەوێت تۆڵەی لێ بکەنەوە و لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن دەریبکەن.”
جوان حەسەن گوتیشی: “خەڵک ھەیە بە ٥٠ملیار دینار پارەی خواردووە دەستگیر
ناکرێت، بەڵام لەسەر ئەوەی پارەی وەکو سەرۆکی ئەنجومەن وەرگرتووە بۆ مووچە و
دواتر دادگا پێی گوتووە ئەو کارە ناکرێت پارەکەی بۆ حکوومەت
گەڕاندووەتەوە، ئێستا شۆڤێنییەکان ھاتوون تۆڵەی لێ بکەنەوە لەپای ئەو
ھەڵوێستانەی ھەیبووە، ئەگەرنا کارێکی نایاساییی نەکردووە.”
بڵند ئیبراھیم








