خهبات: وریشە عومەر
كچە هونەرمەندی شۆخ و دەنگخۆش ژینا سەقزی لەدیمانەیەكی كورتدا بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی خەباتی دایەوە.
❊ چۆن باس لە ئەزموون و ئاشنا بوونت بەدونیای هونەر دەكەیت؟
هەربەمنداڵی كە گۆرانیم دەخوێند بە دەنگی خۆم ئارامیم پێ دەگرت،بۆ هەر كەسێكم دەخوێند پێی خۆشبوو، ئەمە بوو بەئەزموونێك بۆم، هەرلەمنداڵییەوە تا ئێستا بەردەوامم،ئەمەش رێچكەیەك بوو بۆهاتنم بۆناو دونیای هونەری.هیوادارم بتوانم بەردەوام بم و بتوانم پەرەی پێ بدەم.
❊ دەستپێكی كاری هونەریت لەبەرنامەیەكی پێشبڕكێ بوو بۆ هەڵبژاردنی باشترین دەنگ، بەر لەو بەرنامەیە ، هیچ پێشینەیەكی هونەریت هەبوو؟
لەهیچ بەرنامەیەك بەشداریم نەكردووە، تاكە شت كە بووە هۆی دەركەوتنی من تەنها ڕێچكەی خۆمە و پەرەپێدانیەتی بەشێوەیەكی باشتر.
❊ ئەی چۆن دەركەوتیت و ناسرایت لە بواری گۆرانی گوتن؟
هەرلەسەرەتاوە بە بەرهەمی خۆم و ڕێچەكەی خۆم دەستم پێكردووە ،بەتایبەت بە گۆرانی بول بولی دڵ ناسرام، ڕێچكەی زۆرینەی هونەرمەندە دێرینەكانم پێخۆشە، وەك ماملێ و حەسەن زیرەك و تایەر تۆفیق.
❊ حەز دەكەیت بە زاراوەی هەورامی یان سۆرانی گۆرانی بچڕیت؟
بەبڕوای من هەردووكی بەشی خۆی كاریگەری هەیە، خۆم زۆر ڕام لە زاراوەی هەورامیەوە هەیە،ئنشااللە لە داهاتوودا كاری لەسەر دەكەم.
❊ تاچەند بوار ڕەخساوە بۆ ئێوەی ئافرەت كە بتوانن وەك بوارەكانی دیكەی ژیان لەبواری هونەر كار بكەن؟
لەتاكێك بۆ تاكێكی دیكە جیاوازە بەتایبەت بۆ من زۆر سەخت بوو بۆ چوونە ناو دونیای هونەر، تاكە بەربەستی گەورەی سەر ڕێگام براكەم بوو، بە ئێستاشەوە، بەڵام خۆشەویستی من بۆ هونەر بەمجۆرە منی هێشتۆتەوە و وای كردووە لەسەر ڕێگاكەم بەردەوام بم.
❊ تا ئێستا خاوەنی چەند بەرهەمیت؟
خاوانی پێنج بەرهەمی تایبەتی خۆمم بەناوەكانی (بولبولی دڵ، حەسرەتی دیدار، غەریب، خۆشەویستی، نەورۆز)
❊ توانا و بەهرەی ئافرەتە دەنگ بێژەكان چۆن دەبینی بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشووتر؟
بە بۆچوونی من هەرگوڵێك بۆنی خۆی هەیە، لە ڕابردوو یاخود لە ئێستا و لە داهاتوودا بەشی خۆی توانا و بەرهەمی ئافرەتان كاریگەرە.
❊ گرووپێكی دیاریكراو هەیە تۆ كاری لەگەڵ بكەیت و بەرهەمی لەگەڵدا زڵاو بكەیتەوە؟
لەگەڵ هیچ گروپێكدا كارم نەكردووە، بە هیوام لە داهتودا ئەگەر هاتە ڕێم لە گەڵ گروپی باش و گونجاو بەشداری بكەم.









