لەوتوێژێكی ژیار محەمەد لەبەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا لەگەڵ عارف ڕوشدی ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ئەگەر یەكێتی بڕوایان بە پڕۆسەی دیموكراسی هەیە دەتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆن، دەبێت بە پێوەری ئۆپۆزسیۆن كاربكەن و ڕێگریش دروست نەكەن بۆ حكوومەتی هەرێم، بەڵام داواكارییەكم لە هەندێك برادەری یەكێتی هەیە كە لە فۆبیای پارتی ڕزگاریان بێت، بێنە مەیدانی كاركردن پێكەوە، پێكەوە بێن بەرپرسیارێتی هەڵبگرین و لەبۆچوونی نەرێنی دووربكەوینەوە. ئەو بەرپرسەی پارتی دەشڵێت: پارتی بیری تۆڵەكردنەوەی نییە، بەڵكو مەبەستی ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كوردییە، بەڵام یەكێتی داوای ئەوەدەكات زیاتر لەو حەق بەشەی خەڵك پێی داوە وەریبگرێت لەناو كابینەی حكوومەتدا، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی دەبێت ئاسانكاری بكات، بەڵام دەبێت لەسنوورێكی “مەقبول” دا بێت.
هەروەها دەڵێت: پارتی دەیەوێت هەموو لایەنەكان بەهاوسەنگی بەشداری لەحكوومەتدا بكەن لەدیدی ئێمەشدا هاوسەنگی ئەوەیە كە لەپڕۆسەی دیموكراسیدا خەڵك دەنگ دەداتە حیزبەكان، بۆیە مەبەستمان لەهاوسەنگی ئەوەیە كە هەر حیزبێك ئەو قەبارەیەی كە هەیەتی واتە بەپێی ڕێژەی ئەو دەنگەی كەهێناوێتی داوای پشك بكات لە حكوومەتی داهاتوودا، تەنانەت بۆ یەكێتی و هەموو لایەنەكان ئەوە پێوەرێكی گشتیە بەڵام هەمیشە پارتی “موراعاتی” دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان دەكات. دەربارەی گفتوگۆكردنیش لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی ڕوشدی دەڵێت: ” كۆمەڵ خۆی داوای نەكردووە كە بەشدار دەبێت وە شتێكی ڕوون نابینین لەلایەن ئەو لایەنەوە كەبەشداری لەحكوومەتدا دەكات، بەڵام لەڕووی سیاسیەوە سەردانی هەموو لایەنەكان دەكەین بە كۆمەڵیشەوە بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندی، وە ئەگەر كۆمەڵ ویستی بەشداری حكوومەت بكات دەتوانێت لەو كۆبونەوە بیخاتەڕوو.، دەشڵێت: كەتنی هەرە گەورە ئەوەیە خاك و نیشتمان بفرۆشیت.
عارف ڕوشدی ڕاویژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەرەتای وتوێژەكەدا گوتی: سەردانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای لایەنەكان دوو بەشە، بەشێكیان بۆ ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانە، بەشێكیش لەو سەردانانە بۆ لای ئەو لایەنانەیە كە خوازیارن بەشداری لەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن ئەو دوو ڕۆژەی كە وەفدەكەمان لە سلێمانی بوون گوێبیستی دید و بۆچوونی بزوتنەوەی گۆڕان بووین. گوتیشی: هێشتا كۆبوونەوەكان كۆتایی نەهاتوون و یەكلاییكەرەوە نین، بەڵام پارتی ئێستا بەرچاوڕوونیەكی هەیە لەداخوازی ئەو لایەنانە، هەردوولا چ پارتی و چ یەكێتی و گۆڕان دەبێت وەڵامی یەكتر بدەنەوە لەسەر ئەو بابەتانەی لەم كۆبوونەوانە عەرزكراون.
ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەشی گوت: بۆ پارتی لەسەرەتادا گرنگە كە ڕێك بكەوین لەگەڵ لایەنەكان لەسەر بەرنامەی حكوومەت دواتر باس لەپۆستەكان بكەین، چونكە ئەوەی گرنگە بەرنامەی كاری حكوومەتە، چونكە خەڵك دەنگی داوە تا حكوومەتێكی خزمەتگوزاری هەبێت و هەموومان خۆمان بكەینە خاوەنی ئێمە لەپارتیدا چەند پڕەنسیبێكمان پێشنیار كردووە یەكەم ڕێكبكەوین لەسەر بەرنامەی حكوومەت، دووەم هەموو لایەنەكان بە هاوسەنگی بەشداری لەحكوومەت بكەن.
دەربارەی ئەوەی مەبەستان چیە لە بەشداری كردنی لایەنەكان بەهاوسەنگی؟ ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕونیكردەوە” لەدیدی ئێمەدا هاوسەنگی ئەوەیە كە لەپڕۆسەی دیموكراسیدا خەڵك دەنگ دەداتە حیزبەكان، بۆیە مەبەستمان لەهاوسەنگی ئەوەیە كە هەر حیزبێك ئەو قەبارەیەی كەهەیەتی واتە بەپێی ڕێژەی ئەو دەنگەی هێناوێتی داوای پشك بكات لە حكوومەتی داهاتوودا، تەنانەت بۆ یەكێتی و هەموو لایەنەكان ئەوە پێوەرێكی گشتیە بەڵام هەمیشە پارتی “موڕاعاتی” دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان دەكات. ڕوشدی ئەوەشی گوت: ئەگەر ئێمە بڕوامان بەدیموكراسی هەیە دەبێت هەركەس ڕازی بێت بەو بەشەی كەپێی بڕاوە ناكرێت باسی دیموكراسی بكەین و دوایی بێین بڵێین دەبێت بەقەد ئەو بەشەی هێناومانە دوو بەرامبەرم پێبدرێت.
لەبارەی ئەوەش كە ئایا یەكێتی ئەم داواكاریەی هەیە؟ لەوەڵامدا عارف ڕوشدی گوتی: پێم وایە داوای ئەوەدەكات زیاتر لەو حەق بەشەی خەڵك پێی داوە وەریبگرێت لەناو كابینەی حكوومەتدا، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی دەبێت ئاسانكاری بكات، بەڵام دەبێت لەسنورێكی مەقبولدا بێت.
ڕوشدی جەختی لەوەش كردەوە: ئەگەر بڕوامان بە دیموكراسی هەبێت دەبێت بەپێی ڕێژەی كورسی و دەنگەكان پۆستی حكوومەت دابەش بكرێت، بەڵام پارتی لەبەر بەرژەوەندی باڵای نەتەوەكەمان ئامادەیە چاوپۆشی لەهەندێك شت بكات، واتە شتێك زیاد و كەم بكات كێشەی نابێت، هەر شتێك پێویست بوو لای پارتی كێشەیەك نابێت هەر شتێك پێویست بوو بۆ هەر لایەنێك بوو پارتی ئامادەیە بیكات لەپێناو بەرژەوەندی گشتی، بەڵام پێویستە لایەنەكان شتێك بزانن بەشداری ڕاستەقینە لای ئێمە مانای جیاوازە دەبێت تەواو پابەند بن بەبەرنامەی حكوومەت، ناكرێت قاچێكیان لەحكوومەت بێت وە قاچێكیان لە ئۆپۆزسیۆن بێت ناكرێت لەنیوەی ڕێگا حكوومەت بەجێبهێڵن، دەبێت خەمخۆرێكی بێ سنوور بن بۆ خەڵكی كوردستان، دەبێت پێكەوە كاربكەین بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی خەڵكی كوردستانی هەیە.
لەبارەی تێگەیشتنی یەكێتیش بۆ بەشداری راستەقینە، عارف ڕوشدی گوتوویەتی: من نازانم چۆن تێگەیشتوون، بەڵام بەشداری ڕاستەقینە واتای ئەوە نا یەك بەدوو وەربگرن، بەشداری ڕاستەقینە واتە لەخزمەتكردنی خەڵك و وڵات، پێم وایە یەكێتی لەهەموو كابینەكاندا بەشداری ڕاستەقینەی هەبووە وە لەهەموو سێكتەرەكان بەشدار بووە، لەهەندێ شوێنیش سەربەخۆ بووە، بەڵام وابزانم كەتنی گەورە خاك فرۆشتن و نیشتمان فرۆشتنە كە ڕێگە نەدەین دووبارە ببێتەوە.
عارف ڕوشدی لە بارەی لێدوانێكی فەرید ئەسەسەردیش دەڵێت: ئەگەر بڕوایان بە دیموكراسی هەیە دەتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆن، دەبێت بە پێوەری ئۆپۆزسیۆن كاربكەن وە ڕێگریش دروست نەكەن بۆ حكوومەتی هەرێم، بەڵام داواكارییەكم لە هەندێك برادەری یەكێتی هەیە كە لە فۆبیای پارتی ڕزگاریان بێت، بێنە مەیدانی كاركردنی پێكەوە، پێكەوە بێن بەرپرسیارێتی هەڵبگرین و لەبۆچونی نەرێنی دووربكەوینەوە با پێكەوە دۆعای خێر بكەین دنیا بەگەشبینی ببینین با دووبكەوینەوە لە ئەجێندای حیزبی ئەگەر بە ئەجێندای نیشتمانی كاربكەین دەگەینە ڕێكەوتن.
ڕوشدی گوتیشی: هەندێك لەبرادەرانی یەكێتی لە فۆبیای پارتیدان، بەڵام هەندێكی تریان كەسانی باش و شۆڕشگێڕن و مەبەستیانە ڕێكبكەون، من دڵنیاشم هەر لەگەڵ یەكێتی ڕێكدەكەوین مەرج نییە بە كۆبوونەوە و دوو كۆبونەوە بگەینە ئەنجام، بەڵام هەوڵێكی زۆر دەدەین كە بەكاتێكی كەم بگەینە ڕێككەوتن.
سەبارەت بەوەش كە بۆچی پارتی سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی ناكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی حكوومەت؟ ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە: كۆمەڵ خۆی داوای نەكردووە كە بەشدار دەبێت وە شتێكی ڕوون نابینین لەلایەن ئەو لایەنەوە كەبەشداری لەحكوومەتدا دەكات، بەڵام لەڕووی سیاسیەوە سەردانی هەموو لایەنەكان دەكەین بە كۆمەڵیشەوە بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندی، وە ئەگەر كۆمەڵ ویستی بەشداری حكوومەت بكات دەتوانێت لەو كۆبونەوە بیخاتەڕوو.









