فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا

لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ، ژمارەی 7731 لە بەرواری 3/12/2018 رۆژی دووشەممە لە ستوونێك بە ناوی (كەمین پۆلەتیك) لە لاپەڕەی2ی رۆژنامەكە، بابەتێك نووسراوە لە لای برادەرێك بە ناوی (خەلەف غەفور) هەرچەندە بڕواناكەم ئەمە بە ئاگا و ویست و سیاسەتی هەڤاڵانی سەركردایەتیی یەكێتی بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە رۆژنامەیەكی زمانحاڵی یەكێتی بڵاوكراوەتەوە و ناكرێ بگوترێ رەئی خۆیەتی و هیچ پاساوێك قبووڵ نییە، گەر بۆی بدۆزنەوە، هەروەك كورد گوتەنی (عوزر لە قەباحەت گەورەترە) گەر بگوترێ ئاگامان لێی نەبووە یان رەئی خۆیەتی، جا ئەمە بۆ بەڕێزیان لێدەگەڕێین، با بزانین خۆیان دەچنە بن چ بارێكەوە و كام حاڵەت یەكلادەكەنەوە و هەڵدەبژێرن.

لە بابەتی ئەم برادەرەدا هاتووە لە سەرەتا باسی گرنگی دانیشتنی نێوان پارتی و یەكێتی دەكات و ئاماژە بەوەش دەكات هەردوولا دوو هێزن كە تەواوكەری یەكترن و بەبێ یەكتریش ناتوانرێت ئیدارەی كوردستان بەڕێوە ببردرێت و كۆمەڵێك بابەتی تر دەڵێت و باسی رۆڵی سەرۆك بارزانی و مام جەلال دەكات و ئاماژە بەوە دەكات و دەڵێت: كاتی خۆی هەرچەند كۆبوونەوە و دانووستاندن لە نێوان هەردوولا كرابا، تا ئەم دوو بەڕێزە بڕیاریان نەدابایە، هیچ رێككەوتنێك سەری نەگرتووە. بە هەرحاڵ لە هەردوولا هەموو دامودەزگا و دەستەكانی سڕیتەوە و ئاماژەی تەنها بە وجودی سەرۆك بارزانی و جەنابی مام جەلال كردووە، بەمشێوازە هاتووتە ئاخاوتن و كە مەبەستێكی نا مەعقولی هەیە لەناو نووسینەكەی و دەڵێت “لە سەدەمی مام جەلالیش سەرەڕای دەیان كۆبوونەوەی مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی لە كۆتایی بارزانی و تاڵەبانی دوا قسەیان كردووە و دەڵێت بۆ ئێستا بەستنی كۆبوونەوەی لوتكە لە نێوان مسعود بارزانی و پاڤێل تاڵەبانی پێویستییەكی هەنووكەییە؟ ! و دەڵێت دوا قسە لەسەر دۆخی ئێستا پاڤێل كردوویەتی! لە لایەن یەكێتی و باشترە پارتی خۆی لەو راستییە نەدزێتەوە! و دەڵێت دانیشتنی نێوان بارزانی و پاڤێل تاڵەبانی هەم ئەركەكە ئاسان دەكات، هەمیش كات دەگێڕێتەوە! لە كۆتایشدا دەڵێت: ئەو راستیەش خۆ لێدزینەوەی ناوێت”.

لێرەدا چەندین پرسیار دێتە بەردەممان و ناكرێ بەبێ وەڵام بەسەریدا تێپەڕین، دەپرسین راستە كوردستانی نوێ زمانحاڵی برایانی یەكێتییە و پێویست بە پرسیاركردن ناكات، بەڵێ زمانحاڵە، بەڵام ئایا نووسەری ئەم بابەتەش راسپێردراوە وا بنووسێت، یان لە كۆتایی گەمەكە وەك هەمووجار دەڵێن رەئی خۆیەتی، كە ئەمەش قابیلی قبووڵ نییە لە رۆژنامەیەكی زمانحاڵ ئەم وەڵامە بدرێتەوە، یان بگوترێ كەس بە كەس نییە و كەس ئاگای لە كەسی نییە و ئەمەش ناكرێ و مەعقول نییە، یان ببورن بە سەرماندا تێپەڕی، ئەم وەڵامەش قبووڵكردنی ئاسان نییە، دەبێ لێبووردن كاتێك لە هەڵە هەبێت كە هەڵە چاك بكرێنەوە و شەرم نەكەن و بڵێن كە هەڵەكراوە، یانیش یەكێتی دەبێ بچێتە بنباڵی كە بگوترێ بەپێی ئەم قسانەی كە “خەلەف غەفور” كردوویەتی، باڤێل تاڵەبانی راسپێردراوە و ئەو تەمسیلی هەموو یەكێتی دەكات، جا ئەوكات هەموو شتەكان دەگۆڕدرێن و دەكرێ چەندین پرسیار بكەین و بە بیریان بێنینەوە و بڵێین لە هەموو ژیانی پارتی كە لە لایەن برایانی یەكێتی بە حزبێكی بنەماڵە پێناسە كراوە، بۆ یەكجاریش رووی نەداوە یەكێك لە دەرەوەی سەركردایەتیی پارتی بتوانێت بڕیارێك بدات، یان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی گرنگ بكات و بە ناوی بنەماڵە، سەركردایەتی بەلاوە بنێت، بەداخەوە گەر لە لایەن یەكێتی وای لێهات، كەواتە پاڤێل سەركردایەتی بەلاوە ناوە و لە لایەك لە لایەكی تر گەر وای لێهات، كەواتە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریش لە بڕیارێكی شەخسی پاڤێل و گرووپەكەی دەچێتە دەرەوە و ئەوكات دەبێ برایانی یەكێتی بچنە بنباڵی و قبووڵی بكەن و بە كورتی لە حزبێكی رێكخراوەیی دیموكراسی، یاخود سۆشیالدیموكراتی دەبێ بە حزبێكی بنەماڵەیی و مەزاجی دوور لە دیموكراسییەت و بەپێچەوانەوە پەیڕەوكردنی عەقڵییەتی كوێخا و ئاغایەتی و رەعیەت، رەنگە بنەما ئەخلاقییە بنەماڵەیەكەش لە دەست بدرێت و بڵێین خۆزگەم بنەماڵەش با هەر باشتر بوو، كەواتە چ وەڵامی خەڵك دەدەنەوە كە دەیان ساڵە دژی بنەماڵەیی تەپڵ لێ دەدەن؟ !

ئەم بۆچوونە و ئەم بیرۆكەیە، ناكرێ عەفەوی بێت و ناكرێ هەڵەی چاپ بێت و ناكرێ قەناعەتی شەخسی بێت، چونكە رۆژنامەكە رۆژنامەیەكی ئازاد نییە، بەڵكو بە پەرژینێكی سەوز، دەوردراوە و لە ناو چوارچێوەیەكی حزبییە، هەرچی لەم رۆژنامە بگوترێ و بنووسرێ، بە رەئی حزب وەردەگیردرێت، جا ئەم رەئیەی ئەم بەڕێزە لای ئێمەمانان لەناو پارتی قبووڵ نییە! راستە بیستوومانە بەڕێز پاڤێل تاڵەبانی گوتویەتی بەڕێز مسعود بارزانی لە شوێنی مامی منە، ئەمە ئەدەبێكی بەڕێزیانە و شتی ترمان نەبیستووە لە بەڕێزیان، بەڵام ئەوەی لە رۆژنامەكە نووسراوە، شرۆڤەیەكی ناهاوتا و ناڕێكە، ئەمە لە لایەك لە لایەكی تر سڕینەوەی یەكێتی و سەركردایەتییە بەڕێزەكەیانە، هەروەك ئاشكرایە تا ئەم هەفتەیەش برایانی یەكێتی لە ژێر چەتری سەركردایەتی كۆن و بە سەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ كارەكانیان بەڕێوە بردووە، خۆزگە بۆ ئەم نووسینەش پێداچوونەوەیان دەكرد، گەر ئەم بۆچوونە دوورە لە راستی و لەناو یەكێتی وەڵام دەبوو و دەدراوە، چونكە بۆ یەكێتی هەڵەیەكی مێژووییە، بۆ خەباتیان و سڕینەوەی سەركردایەتییە و دڵنیام بۆ خودی بەڕێز پاڤێل تاڵەبانیش ئەم وتارەی كە نووسراوە گرفت و هەڵەیەكی مێژوویی و تێكدانی نێوماڵی یەكێتییە و سەرۆك بارزانیش پێویستی بە دیفاعی من نییە، زۆر لەوە گەورەترە، نزیكەی 50 ملیۆن كورد و جیهانیش شاهیدن كە ئەم سەركردە و رابەرە كێیە و چییە و چ رابەرێكە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئێمەی پارتی و دڵسۆزانی رێبازی بارزانی راستەقینەی كوردایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی تاكە رابەر و رەمز و هێمای گەلی كوردستانە.