سەلام عەبدوڵڵا

 هۆكاری سەرەكی گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، خودی حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوو بوو كە بەپێچەوانەی خواستی خەڵكی كوردستانەوە ڕەفتاریان دەكرد كە نایاسایی و دەستووری بوون، هەر بۆیەش تا دەهات ئەو گرفتانە زیاتر كەڵەكە دەبوون، چونكە كاربەدەستانی بەغدا لە بری مادە دەستوورییەكان جێبەجێبكەن و ڕێوشێوێنی یاسایی بگرنەبەر، هەمیشە لەمپەریان دەخستە بەردەم دەستوور و مافە ڕەواكانی گەلی كوردەوە.  

ئەمەش بەدانپێدانانی بەرپرسانی عێراقی كە بەشانازییەوە باسی ئەو هەوڵە نایاساییانەی خۆیان دەكرد كە چۆن لەو ماوە زۆرەدا نەیانهێشتووە ئەو خاڵە دەستووریانەی لەبەرژەوەندی هەرێم  دایە، جێبەجێبكرێ كە نموونەی دواخستن و پشتگوێخستنی ماددەی(140) هەرە دیارترینیانە.

هەر ئەم لەمپەر و گرفتانەبوو كە هەرێمی ناچاركرد ڕاپرسی ئەنجامبدات و شێوەی پەیوەندی لەگەڵ حكومەتی بەغدا بۆ داهاتوو دیاربكات، چونكە هیچ هیوایەك بەدەسەڵاتدارانی عێراقی نەمابوو خاڵەكانی دەستوور جێبەجێبكەن، كە ئەویش پێشێلكردنی مافی گەلەكەمان بوو كە لەماوەی چەندین دەیەدا خەبات و تێكۆشانی لەپێناودا دەكرد.  

تەنانەت ئەر گرفتانە هاووڵاتیانی ئاساییشی گرتەوە كە لە مووچە بڕیندا خۆی نواند و كاریگەرییەكی زۆر خراپی كردەسەر بژێوی خەڵك و گوزەرانیان.  جا نە تەنیا ئەوەش، بەڵكو حكوومەت بەشێوەیەكی زۆر نایاسایی و دوور لە عورف و عادەتیشەوە مافی ئەو جووتیارانەی نەدا كە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا گەنمەكانیان دابوو بە حكوومەت كە لەپڕۆسەی كڕین و فرۆشتنێكی ئاساییدا، دوور لە سیاسەت، كرابوو لەگەڵ حكوومەت ڕێككەوتبوون لەسەری، كەچی پارەكانی نەدەداو دەستی دەستی بە هاووڵاتیانی هەرێم دەكرد كە بەداخەوە عەبادی ڕۆڵێكی زۆر نەرێنی لەو مەسەلەیەدا گێڕاو مافی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی بە پاساوی بێ مانا هەر دوادەخست.

بۆیە ئەم بڕیارە نوێیەی حكوومەتی نوێی عێراقی بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی كە بڕیاریداوە پارەی جووتیارانی هەرێمی ئەم چوار ساڵەی پێشوو بدات، بەكارێكی زۆر ئەرێنی لە قەڵەم دەدرێ و هەر ئەوەش لەو بەڕێزە چاوەڕوان دەكرا، چونكە ئەو زاتە هەمیشە بەشێوەیەكی دیموكراتیانە لە دۆزی كورد و داواكانی ڕوانیوە، بۆیە ئەم بڕیارە دەبێتە سەرەتایەكی گەش و پەیوەندییەكی ساغڵەم لەگەڵ بەغدا كە هیوای لێدەكرێ بڕیار و پێشنیازی دیكەی بەدوادابێت، بەتایبەتی لەو كێشانەی كە لە  16ی ئۆكتۆبەردا هاتوونەتەكایەوە و هەندێك لایەنی عێراقی دەیانەوێ ئەو وەزعە وەك دیفاكتۆ بەسەر ئەو ناوچانەدا بسەپێنن و بەو پێیەش لەمپەری نوێ بخەنە بەردەم ماددەی(140) و دۆخەكە وەك پێش ڕووخانی ڕژێم لێبكەنەوە كە نابێ حكوومەتی نوێ بەهیچ شێوەیەك بچێتە ژێر باری ئەو داوا ناڕەوایەوە و عادل عەبدولمەهدی و حكوومەتەكەی بڕیاری بوێرانە، لەو بارەیەوە بدات كە هەر ئەوەش لەو بەڕێزە چاوەڕوان دەكرێت.