فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا❊
ئەم دەستەواژەیەی ناونیشانی بابەتەكەم، دەقاودەق گوتراوە و مێژووێكی خۆی هەیە لە لای من بەر لە بیست ساڵ پێش ئێستا ئەركێكم پێ سپێردرا و لە كاتی وەرگرتن و مومارسەكردنی كارەكەم، لە یەكێك لە هەڤاڵانی خۆم، ئەو هەواڵەم بۆ هات، گوایە فڵان برادەری بەرپرس دەڵێت، كوڕێكی باشە و راستگۆیە، بەڵام بۆ ئەو كارە دەست نادات! چونكە ئەو شوێنە یەكێكی (واو، واوی)ی دەوێت، دیارە ئەوكات گفتوگۆیەكی توند لە نێوان هەردوولا روویدا بوو.
بەهەرحاڵ گوتم ئاساییە رەنگە هەر كەس لە روانگەی خۆیەوە تەماشای بابەتەكان بكات و بخوێنێتەوە و رەئی خۆشی هەبێت، ئەمەش كارێكی سرووشتییە بە حوكمی كۆمەڵێك پێوەری جیا، رەنگە بگوترێت بۆچوونی راست بێت و لە واقعیشدا قسەكەشی راست دەرچوو، لە نێوان 5 مانگ ناچار كرام، ئەو شوێنە بە بێڵم، بەڵام حەقیقەتێكی حاشاهەڵنەگر هەیە و نەگۆڕە (راستی لە هەموو شتێك راسترە) گەر باجیشی قورس بێت، گرنگ نییە دەبێ بگوترێ كوردیش فەرموویەتی (راست بڕۆ بڕۆ رێی شێری) گەر سەیر بكەین، ئێستا مقۆمقۆیەك هەیە لەسەر كابینەكەی بەرێز عادل عەبدولمەهدی، لێرەو لەوێ قسە فڕێ دەدرێت، چ بە بەرنامە و چ بەبێ بەرنامە و مەبەست و دەگوترێت سەركەوتوو نابێت و ناتوانێت ئەم پەیامەی بگەینێت و بە كورتی گرەو لەسەر شكستی بەڕێزیان دەكەن، ئەمانە هەمووی دەگوترێت وەك گوتەنی بەر لە دایكبوون باسی لەبارچوونی دەكەن یان باسی مردنی و نەژینی دەكەن و گەر تۆزێك لەسەری رابوەستین، بپرسین لەبەرچی وا زوو حوكمی لەسەر دەدرێت؟پێموایە هەمووی لە چەند خاڵێكدا كۆدەبێتەوە، ئەویش دەگوترێ پیاوێكی بە هەڵوێستە و خاوەن رەئی خۆیەتی و زۆر منەتی بە كورسیی نییە و ئەسیری دەسەڵات نییە، خۆی لەسەر هیچ لایەنێك ساغ نەكردووتەوە و پیاوی كەس نییە و رابردووێكی باشی هەیە و خاوەن بڕیاری خۆیەتی و بێ تەحەمولە و نەرجیسە و پیاوێكی تەوافوقی نییە و لەگەڵ هەموو ئاوازێك هەڵناپەڕێت و هەروەها دەگوترێ كۆمەڵێك بابەتی تر لایەنی بەهێزی و كەسایەتی ئەم مرۆڤەیە و باسیش دەكرێت.
كەواتە ئەمانە هەمووی دەچێتە خانەی ئیجابی و شانازی بۆ ئەو جۆرە كەسە، ئەی بۆچی پێشوەخت دەگوترێ ئەم مرۆڤە سەركەوتوو نابێت! ئەگەر باشترین كوڕ بێ لەسەر ئاستی ئێستای سیاسەتمەدارانی عەرەبی عێراقی (سوننی و شیعی) بۆچی ئەم قسانەی لەسەر بكرێت؟ پێموایە دەكرێ ئەوەیان لە چەند خاڵێك بەرجەستە بكەین، دیارە كە پیاوی كەس نییە كەواتە لە بەرژەوەندی تایبەتی زۆرانێك دەدات و و خاڵێكی تر دیارە بە دڵی وڵاتانی دەوراوپشت نییە و نابێ و لە بەرژوەندی خۆیان دەترسن و هەروەها رەنگە گەندەڵكاران لە چارەنووسی خۆیان بترسن، ئەمانە هەمووی پێشبینی دەكرێ، بۆیە دژی دەخوێنن ئەمە لە لایەك لە لایەكی تر دیارە لە تەجروبەی مێژوویی پێشووتر دەترسن، كە ئەم خاكەی عێراق پیاوی خاوەن هەڵوێست و دادپەروەر لەخۆ ناگرێت، وەك دەگوترێ خاكی عێراق و دیموكراسییەت لەگەڵ یەك ناگونجێن! لەگەڵ واقیع و تەوژمە مەزاجییەكان بە رێگادا ناڕۆن و ئەمەش كۆمەڵێك هۆكاری خۆی هەیە و پێموایە لەو هۆكارانە دەكرێت، چەند هۆكارێك بە خاڵی سەرەكی وەربگرین وەك پێكهاتەی جوگرافی عێراقی كە پێكهاتەیەكی نەگونجاو و زۆرەملێیە و هەڵەی مێژوویی سەد ساڵەی رابردوو و دابەشكردنی كوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتی نەتەوەپەرست و بوونی كێشەی سنووری لەنێوان ئەم وڵاتانە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی كێشەكان و هەروەها فرەنەتەوەیی و نەبوونی هزری مرۆڤایەتی و دیموكراسییەت و بڕوابوون بە توندوتیژی و سڕینەوەی یەكتری، بە كورتی بڵێین پەیڕەوكردنی حوكمی دارستان (القوی یأكل الچعیف)، ئەمەش خاڵێكی تری كێشەكانە و هەروەها بە هەڵە پێناسەكردنی ئایین لە كاتی (تاوان و ستەم) لە لایەن ئەنجامدران و پەنابردنە بەر ئایینی ئیسلام و شەرعیەت پێدانی بۆ بەرژەوەندی هزری رەگەزپەرەستی، جارێك لە لایەن تورك و جارێك لە لایەن فارس و جارێك لە لایەن عەرەب، ئەمەش هۆكارێكی تری گرفتەكانە و لە سەرووی هەموو ئەم گرفتانەش بەرژوەندی زلهێزەكان و سیاسەتی ئابووری جیهانی نا تەندروست و نا مرۆڤی ئەمانە هەمووی هۆكاری سەرەكین بۆ رێگانەدان بە پەیڕەوكردنی دیموكراسییەت و بنەماكانی مافی مرۆڤ و ئازادییەكانی تاك، كەواتە دەرئەنجام ئەو كردار و قەناعەتە ناتەندروستانە لای هەمووان دەبێ بە واقیعێك، ئەویش بە هۆی بەستانەوەی بارودۆخی ئێستا بە مێژووی ناوچەكەوە، كە دەكرێ بگوترێ دەیان نموونەمان دێتە بەردەم، لە رابردووی دوور و نزیك كە مرۆڤی راست و دروست ناتوانێت لەگەڵ تەوژمەكە بە رێگادا بڕوات، ئەمانە هۆكاری سەرەكین، بۆیە لە ئاستی ناوچەكە و جیهان و لە ئاستی ناوخۆ تا دەگاتە یەكەیەكی بچووك و دیار و سنووردار دەبینین، پیاو پیاوانی و بەرژەوەندی و تەكەتول و گرووپ و لایەنگیری ناتەندروست دروست دەبن، بۆ نموونە هەروەك دەبینین لە عێراقدا ئێستا چ كارەساتێك روو دەدات، ئەگەر سەیر بكەین، ئێران بۆ بەرژەوەندی خۆی هەردەم كەسانێكی دەوێت كە لە گرووپ و كوتلەی ئەو بن و بگەڕێنەوە سەر عەقڵییەتی قوتابخانەی ئیمپراتۆریەتەكەی لە مێژوو، ئەویش كە ئیمپراتۆریەتی سەفەویە، جا بۆ ئەم مەبەستە و مەزاجەی گرنگ نییە، ئەو كەسە چییە و چی دەكات بۆ گەلی عێراقی، تەنها گرنگ ئەوەیە كەسێك بێت دەست لەسەر سنگ بێت و نەك خاوەن رەئی و كەسایەتی خۆیی و توركیاش بە هەمان شێوە گەر دەسەڵاتی هەبێت، هەمان عەقڵییەتە بەشێوازێكی تر لە لایەكی تر زلهێزەكانیش پیاوێكیان ناوێت نیشتمانپەروەر بێت و خاوەن رەئی خۆی بێت، پیاوێكیان دەوێت سەبارەت بەوان (مستەر یەس) بێت و لە كاتی پێویستدا بەرژەوەندییەكانیان بپارێزێت و دژیان نەوەستێت، بەهەرحاڵ ئەم واقیعە لە عێراق دابەزیوەتە ناو گشت جومگەكانەوە تا گەیشتە پیاوپیاوانێ و فڵان و فڵان، یان فڵان مەزهەب و فڵان حزب و بەرەبەرە پەرەیسەند و گەیشتە فرۆشتنی پۆست و پلە و هەروەك دەگوترێ كورسی وەزارەت بە هێندە دۆلارە و فڵان كوڕیش بەم هێندە تا پەڕیەوە ناو پلە و پۆستی پەروەردە و شارەوانییەكان ئەو شوێنانەی كە مەجالی گەندەڵی تێدا هەیە و دەكرێ، كەواتە ئەم عەقڵییەتە سەریگرت كە دەگوترێ (كوڕی باشە و بۆ ئەم شوێنە دەست نادات)، حەقیقەت و راستی گۆڕان و باویان نەماوە و درۆ و فڕوفێڵ، شوێنیانی گرتەوە، ئەم پەتایە رەنگە ئاسان نەبێت، بنبڕ بكرێت، چونكە بە بەرنامەكاری بۆ دەكرێ و سەبارەت بە لای خۆمان، گەر بە ئاشكراش كاری بۆ نەكرێت لە كوردستان، وانەبێت، بەڵام لە واقیعدا زۆر بە زەقی دەبینرێت بەداخەوە ئەم پەتایە، خەریكە زۆربەی زۆری جومگەكانی كاركردنمان بگرێت چ لە ناو ئیدارە یان حزب و ئینكاركردن و خۆدزینەوە لەو واقیعە خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی، بۆیە دەبێ زۆر بە راشكاوانە بڵێین بەداخەوە بۆ ئەو عەقڵییەتەی كە دەڵێ كوڕی باشە و بۆ ئەم كارە دەست نادات!پێموایە هەر كەسێك بڕوای بەو واقیعە تاڵە هەبێت و لەگەڵی بەرێدا بڕوات، تەنها پێناسەی خۆی لەم چەند خاڵەدا دەبینێتەوە، (یان خیانەتكارە یان گەندەڵكارە یان بەرژەوەندخوازە یان ترسنۆكە و بێهەڵوێستە یان خۆپەرستە و خۆ فرۆشە)، كەوای لێهات هەمووی دەچێنە خانەی كوڕی ناباش و كوڕی نا كوڕ خزمەتكاری ئەجێندای دەرەكی! بۆیە دەڵێین خۆزگە هەرچی زووترە هەڵوەستەیەكمان دەكرد و لەسەر ئەم قسەیە دەوەستاین، دەمانگوت گەر كوڕی باشە، ئەی بۆچی بۆ ئەم كارە دەست نادات؟! یان بپرسین پێناسەی باش لە پێوەری ناباشەكان چییە؟ تەنها پێچەوانەكەیە و دەبێ مەبەست خیانەت و گەندەڵكاری و دەست لە سنگدان بێت، بەڵێ قوربان دڵنیابن هەروایە و ئەم كارەش لە كوڕی باش بەدی ناكرێ!! بۆیە دەگوترێ دەست نادات، دەبا جورئەت بكەین و گەر راست دەكەین و رۆڵەی ئەم گەلەین و بۆ ئەم گەلە كار دەكەین كوڕی باش هەیە، دەبا كاری پێ بدەین و چیتر كار بە لە گام و ماستاوچی و دووڕووەكان نەدەین، دەبا بڕیار بدەین كوڕی باش بۆ كار بدۆزینەوە مرۆڤی راست بدۆزینەوە، چیتر كار بۆ كەسانی ناشایستە نەكەین، بەڵێ كەسی شایستە بۆ شوێن دابنێین، نەك شوێنی شایستە بۆ كەسی ناكەس و ناشایستە دەبا بریار بدەین و جورئەت بكەین و دەست پێبكەین. تا چیتر نەڵێین چاكسازی دەكەین، لە كاتێكدا بە دەستێك هەڵە دەكەین و بەدەستەكەی تر چاكسازی بكەین، دەبا هەڵە نەكەین و دەهۆڵیش بۆ چاكسازی لێ نەدەین، بۆ ئەوەی بەو رۆژە نەگەین هەر بە ناو باسی بكەین و كارێكی وا بكەین چاكسازیش لەبەرچاوی خەڵك بەلادا ببەین، بڵێین گۆڕانكاری دەكەین، بەڵام كوڕی باش نییە و هەر هێندە بەدی دەكەین، بۆیە هەڵەمان كرد و هەڵە دەكەین.
❊ ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای هەولێری (پ. د. ك).









