گفتوگۆی-عەلی بانیشاری
جێگری پارێزگای هەڵەبجە دەڵێ: ئەگەر خاڵە سنورییەكانی سنوری پارێزگاكە بكرێنە نێودەوڵەتی ناوچەكە لە رووی ئابوورییەوە دەبوژێتەوە. كاوە عەلی لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ(خەبات) گوتیشی: جێگرنەكردنی پشكی پارێزگای هەڵەبجە لە پڕۆژە بودجەی عێراقدا كێشەیەكی گەورەیە و پێویستی بە چارەسەركردنە. ناوبراو دەشڵێت: تەنها دوو لەو بەڕێوەبەرایەتییانە كراونەتەوە كە حكوومەتی عێراق ماوەی چەند مانگێكە بڕیاری كردنەوەیانی داوە. لەبارەی پێدانی بەرمیل نەوتی بێبەرامبەر بە دانیشتووانی هەڵەبجە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە؟ جێگر پارێزگار دەڵێت: نازانین كەی بڕیارەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
كاوە عەلی، دەڵێ: پێش سەری ساڵ وەفدێكی پارێزگای هەڵەبجە سەردانی بەغدا دەكات. سەبارەت بە ئامانجی سەردانەكەش؟ ناوبراو گوتی: هەندێك رێكاری ئیداری ماوە بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە پێویستە لەگەڵ كاربەدەستانی بەغدا باسی لێوە بكەین و چارەسەریان بكەین. جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، گوتیشی: پێش ئەوەی سەردانی بەغدا بكەین، بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و جێگرەكەی و وەزیری ناوخۆش دەبینین. ئەوەشی گوت: لە بەغدا چاومان بە سەرۆك كۆمار و وەزیری دارایی و ئاوەدانكردنەوە و ئەندامانی سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان دەكەوێت. كاوە عەلی، دەڵێت: سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان بەڵێنی ئەوەیان پێداوین بۆ كێشەكانی پارێزگای هەڵەبجە لە بەغدا هاوكار و پشتیوانمان بن.
بەوتەی ناوبراو یەكێكی تر لە ئامانجی سەردانەكەی وەفدەكەی پارێزگای هەڵەبجە بۆ بەغدا بریتییە لە قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی كیمیابارانی هەڵەبجە بەپێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی2013 هەروەها بە نێودەوڵەتیكردنی هەردوو خاڵی سنوری(شوشمێ-تەوێڵە، پشتە)ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە. جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەشدا لە كاتی سەردانەكەیان بۆ بەغدا باس لە بە نێودەوڵەتیكردنی سێ خاڵی سنوری دیكەش دەكەن كە دووانیان دەكەونە پارێزگای سلێمانی و ئەوی دیكەیان دەكەوێتە پارێزگای دهۆك.
هەر لەبارەی بە نێودەوڵەتیكردنی هەردوو خاڵی سنوری شوشمێ و پشتە؟ كاوە عەلی، دەڵێ: فەرمانەكە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە ئاڕاستەی كۆماری ئیسلامی ئێران كراوە، ئێمە كە دەچینە بەغدا جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە وەزارەتی دەرەوە كاری زیاتر بۆ ئەو مەبەستە بكات، چونكە ئەوەی پەیوەندیدار بووە بە حكوومەتی هەرێمەوە تەواو بووە و چاوەڕێی حكوومەتی عێراقین. ناوبراو پێی وایە ئەگەر خاڵە سنورییەكانی پارێزگای هەڵەبجە بكرێنە نێودەوڵەتی رێژەی بێكاری لە سنورەكەدا كەمدەبێتەوە و سەرچاوەیەكی باشی داهاتیش دەبێت بۆ خاڵە سنورییەكە و ئابووری ناوچەكەش دەبوژێتەوە.
سەبارەت بە جێگیرنەكردنی پشكی پارێزگای هەڵەبجە لە پڕۆژەی یاسای بودجەی ساڵی 2019دا كاوە عەلی، دەڵێت: ئێمە لەگەڵ زۆرینەی ئەندامی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق قسەمان كردووە و بەڵێنی ئەوەیان پێداوین كار لەسەر پشكی هەڵەبجە لە بودجەدا بكەن. هەروەها ئەو گوتیشی: دەمانەوێت لە بنەڕەتەوە كێشەكە چارەسەر بكەین و بڕوامان وایە ئەگەر لەسەردانەكەماندا بۆ بەغدا رێكارە ئیدارییەكان تەواو بێت جارێكی تر پشكی پارێزگای هەڵەبجە لە بودجەدا نابێتەوە بەكێشە و هەموو ساڵێك چاوەڕوانی ئەوە نابین كە ئایا ناوی هەڵەبجە لە بودجەدا هەیە یان نا.
19ی ئابی ئەمساڵ حكوومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر كردنەوەی فەرمانگەكانی( بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە، بەڕێوەبەرایەتی كاروباری شارستانی، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ، بەڕێوەبەرایەتی زانیاری، نشینگە، پۆلیسی گومرگ، تابلۆی ئۆتۆمبێل) لە پارێزگای هەڵەبجە دەربڕی، بەڵام تائێستا تەنها بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گومرگ و رەگەزنامە كراونەتەوە. سەبارەت بەكردنەوەی پێنج بەڕێوەبەرایەتییەی تر؟ جێگری پارێزگار، دەڵێت: 21ی مانگی رابردوو سەردانی بەڕێز وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێممان كردووە، ئەو پێی راگەیاندووین جارێكی تر نوسراوی فەرمی بۆ وەزارەت بكەینەوە، چونكە هەندێك لە رێكارەكان دەبێت وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم كاری لەسەر بكات و لەوێووە فەرمانەكە دەربچێت.
لەبارەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجە؟ كاوە عەلی، گوتی: زۆرینەی دانیشتووانی سنوری پارێزگا بەرمیل نەوتی ئەمساڵیان وەرگرتووە. سەبارەت بەو بەرمیلە نەوتەی كە مانگی حەوتی ئەمساڵدا وەزیری نەوتی حكوومەتی عێراق بڕیاریدا بێبەرامبەر وەكو قەرەبوویەك بۆ زیانلێكەوتووانی بومەلەرزەكەی هەڵەبجە بدات بە سەرجەم خێزانەكانی ئەو پارێزگایە؟ جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، دەڵێت: هێشتا بڕیارەكە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و ناشزانین كەی جێبەجێ دەكرێت.
سهرهتا چاوپێكهوتن ئەگەر خاڵە سنورییەكانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بكرێنە فەرمی سوودێكی زۆریان بۆ...









