خهبات: سەرهەنگ نەجمەدین
فۆتۆ: بروا زرار
رۆژی هەینی بەرواری 7/12/2018 لەهۆڵی یانەی وەرزشی ئەكاد خولی تۆپی بالەی یانەكانی كوردستان لەسەر ئاستی كچان كەبەسەر دوو كۆمەڵە دابەشكراون دەستیپێكرد، لەكۆمەڵەی یەكەم چوار یانە بەشداریان تێدا كردووە كەبریتین لە یانەكانی ئەكاد ، كۆیە، ئافرەتانی هەولێر، تەق تەق.
لەكۆمەڵەی یەكەم ئەم هەینی یە دوو یاری ئەنجام دران، لەیاری یەكەمدا هەردوو یانەی كۆیە وتەق تەق بەیەك گەیشتن، لەئەنجامداكچانی بالەی كۆیە دوای پێشكەش كردنی ئاستێكی یەكجار بەرز توانیان یارییەكە بەئەنجامی 3-0 گێم لەكچانی تەق تەق ببەنەوە، ئەنجامی گێمەكان بەمشێوەیە بوو:25-10،25-22،25-10.
لەیاری دووەمدا كچانی بالەی ئەكاد بەسەرپەرشتی ڕاهێنەری بەتوانا و لێهاتوو راندی ئەفرام توانیان بەئەنجامی 3-0 گێم لەكچانی ئافرەتانی هەولێر ببەنەوە، ئەنجامی گێمەگان بەمشێوەیە بوو: 25-13،25-19،-25-16.
مونیر ئیسحاق ئەندامی یەكێتی تۆپی بالەی عێراق لقی هەولێر و ئەندامی یانەی دەستەی كارگێری یانەی وەرزشی ئەكاد لەبارەی بەرێوەچوونی خولەكە بۆ خەبات ڕایگەیاند: دوای كۆبوونەوەی ئەندامانی یەكێتی تۆپی بالەی كوردستان بڕیاریاندا خولی تۆپی بالە لەسەر ئاستی كچان بۆ یانەكانی كوردستان سازبدەن، دوای رازی بوونی سەرجەم یانەكانی بەشداربووی خولەكە، بڕیاردا لەهەردوو شاری هەولێر و سلێمانی خولەكە بەدوو كۆمەڵە ئەنجام بدرێت، هەر كۆمەڵەیەك چوار یانە لەخۆدەگرێت.
مونیر لەبارەی ئاستی تیپەكەیان لەخولەكەدا هێمای بۆ ئەوە كرد : بێگومان ئەم وەرزە تیپی بالەی كچانی ئەكاد بەتیپێكی تازە و یاریزانی لاو بەشداری لەخولەكە دەكەن، بۆیە وەك یانەی وەرزشی ئەكاد بۆ ئەم خولە تیپەكەمان ئامادەكارییەكی باشی كردووە و خوازیارین تا یاری كۆتایی نەوەستین و هەروەها چاومان لەبردنەوەی نازناوەكەیە.
ئەو ئەندامەی یانەی ئەكاد لەبارەی كۆمەڵەی دووەم كە وابڕیارە 20/12 لەشاری سلێمانی یارییەكان ئەنجام بدرێت ناوبراو بۆ ئەم مەبەستە گوتی: لەكۆمەڵەی دووەمدا چوار یانە بەهەمان كۆمەڵەی یەكەم بەشداری خولەكە دەكەن، یانەكانیش بریتین لە پێشمەرگەی سلێمانی،ئافرۆدیت، دەربەندیخان،سیروانی شارەزوور، بێگومان هەر یانەیەك لەكۆمەڵەی خۆیدا 3 یاری ئەنجام دەدات و دوو یانە بۆ چوار كۆشەی زێرینی خولەكە سەردەكەوێت.









