شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

هەر خۆی قسەكردن لەسەر كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاسان نییە، بەوەی كاتێك لە 2014 كابینەكە دروست دەبێت، هاوكات چەندان قەیرانی جۆراوجۆری سەخت بەرۆكی عێراق و هەرێمی كوردستان دەگرن، هەموو ئەو قەیرانانەش كەم و زۆر كاریگەریان لەسەر ئەدای سیاسی و ئاستیی خزمەتگوزاری و پڕۆژەكانی كابینەیە هەبووە، بەجۆرێك هەندێجار هێزەكان داوای هەڵوەشاندنەوەیان كردووە، هەم بەهۆی قەیرانەكان و هەمیش ململانێی سیاسی و دەیان هۆكاری دیكەش كە دواجار هەموویان گوشاری بەهێزبوون بۆسەر حكوومەت، واتە حكوومەتیان ماندوو كرد، بەڵام سەرئەنجام حكوومەت مایەوە و هێدی هێدی كەوتەوە سەرپێی خۆی، بەشێوەیەك ئێستا ئەو حزبانەی لە سەرەتای رێگە و لە نیوەی رێگەوە كابینەكەیان جێهێشت، ئێستا داوای پۆست لە كابینەی نۆیەم دەكەن، بە هۆی ئەوەی قەیرانەكان نەماون، یان كەم بوونەتەوە. ئێمە لەو وتارەدا هەوڵ دەدەین بەشێك لەو بەربەستانەی بەردەم كابینەكە بخەینەڕوو، هەڵبەت ئەو پرسانەش خوێندنەوەی جیاواز و زۆرتریش هەڵدەگرن، بەوەی خودی كابینەكە لە كاتێكدا دروست دەبێت كە ناوچەكە و دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و كوردستانیش لە ناو تەنگەژەدا بووە، بێشك ئەمەش كاریگەری لەسەر ئەدای ئەو كابینەیە دروستكرد، بەڵام دواجار توانی خۆی رابگرێت و ئیدارەی قەیرانەكان بدات.

بڕینی بوودجەی هەرێم وەك كارتی گوشار:
حكوومەتی عێراق لە قۆناغی سەرەتای كابینەی هەشتەمدا، ئاستی ناكۆكییەكانی گەیاندە ئەو رادەیەی بوودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت، وەك كارتی گوشار تا هەولێر رازی بكات دەستبەرداری ئابووری سەربەخۆ و هەناردەی نەوت ببێت تا هەولێر چاوی لە دەستی بەغدا بێت بۆ ئەوەی پارەی بۆ بنێردرێت و لە پرسە سیاسییەكانیشدا ملكەچی بەغدا بێت، بەتایبەتی لەسەر پرسی ناوچە كێشەلەسەرەكان، بەڵام سەرباری ئەوەی خەڵكی كوردستان ژیانیان بە هۆی قەیران و نەبوونی مووچەوە دووچاری ئاستەنگ بووەوە، كەچی حكوومەت پێداگری كرد لەسەر ئامانجە ستراتیژییەكانی خۆی، لە پرسی نەوت و ئابووری سەربەخۆ و بەرگری لە خاك.
راستە ئەمە بووە هۆی ئەوەی خەڵكی كوردستان ماندوو ببن، بەڵام دواجار كورد ئاستی هەناردەی نەوتی زیاد كرد و ئەگەر لەناو قەیرانیشدا بووبێت توانی خۆی لە هەمبەر گوشارەكانی بەغدا رابگرێت و دواجاریش هەولێر بە هۆی سیاسەتی خراپی بەغداوە بیر لە ریفراندۆم دەكاتەوە، وەك نیشاندانی ناڕەزایی و داواكردنی مافی چارەنووسی خۆی كە منەت نییە بەسەر كوردەوە وەك نەتەوەیەك، دەی ئەمەش نەبووە هۆی ئەوەی بەغدا دان بە هەڵەكانی دابنێت، كەچی دوای ریفراندۆمی ئەیلوولی 2017 دەستیكرد بە جێبەجێكردنی پرۆسەیەكی دیكەی دژایەتیكردنی كوردستان بە هێرشی سەربازی بۆ سەر پێشمەرگە.
بۆیە دەبێ بڵێین كە بڕینی بووجە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە گەورەترین كێشەی بەردەم كابینەی هەشتەم بوو، ئێمە لێرەدا كەمتر باسی هۆكارەكە دەكەین، بەڵكو گرنگە كاریگەرییەكە بزانین، بەجۆرێك ئەو بڕینی بوودجەیە كاریگەری لەسەر هەموو سێكتەرەكانی ژیانی خەڵك و حكوومەتیش دانا، هەم ناڕەزایی خەڵكی لێكەوتەوە و هەمیش حكوومەت لەو قۆناغە خراپەدا بە ناچاری بڕیارگەلێكی خراپی دەركرد، بەتایبەتی بڕیارە ئابوورییەكان و راگرتنی پڕۆژەكان كە بۆ خەڵك پێویستن.

دابەزینی نرخی نەوت:
ئیدی چانسی كورد وایە! كاتێك كورد نەوتی هەناردە كرد، نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە خوار سی دۆلارەوە كە كەمترین ئاستی نرخ بووە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ئەمەش هێندەی دیكە باری سەرشانی حكوومەتی قورستر كرد، بەڵام حكوومەت دەستەوەستان نەبوو و هەوڵیدا لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا رێككەوتن بكات، بۆ ئەوەی كێشەی دارایی كوردستان چارەسەر بكات، وەك گوتمان چونكە عێراق بڕینی بوودجەی وەك كارتی سیاسی بەكارهێنابوو، ئامادەی رێككەوتن نەبوو، ئەگەرچی هەولێر و بەغدا هەندێ رێككەوتنی سەرەتاییان كرد، بەڵام گوشارەكانی عێراق و تەسلیم نەبوونی هەولێر، ئەوەبوو كێشەكە چارەسەر نەبوو و قەیرانی دارایی بەردەوام بوو تا ئەو ئاستەی مووچە دواكەوت و دواتریش سیستەمی پاشەكەوتی مووچە بە ناچاری هاتە گۆڕێ، كە ئێستا هەندێ لەو پاشەكەوتە هەڵگیراوە، بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، واتە ئێستا بووژانەوەیەك هەیە و خەریكە رەوتی سیاسی و ئابووری بەرەو باشی دەچن و پڕۆژەكانیش دووبارە دەستیانپێكردووەتەوە.

شەڕی داعش:
راگەیاندنی كابینەی هەشتەم و سەرهەڵدانی داعش لە عێراقدا نێوانیان زۆر نییە، واتە كابینەكە و دەستبەسەرداگرتنی مووسڵ لە لایەن داعشەوە لە یەك قۆناغدا هاتوونەتە كایەوە، یانی بە یەكەوە هاتوون، بۆیە ئەمەش كاریگەرییەكی دیكەی سیاسی و سەربازی و ئابووری خستە سەر حكوومەتی هەرێمیش بەتایبەتی كاتێك داعش هێرشیكردە سەر هەرێمی كوردستان و شەڕەكەش پێویستی بە ئیدارەدان هەبوو، چ لە ڕووی ئیدارەی شەڕەوە و چ لەڕووی ئیدارەدانی پارە و خەرجییەوە، لە كاتێكدا حكوومەتی عێراق ئامادەی هیچ هاوكارییەك نەبوو، تەنانەت دەستی بەسەر هاوكاری وڵاتانیشدا دەگرت كە بۆ پێشمەرگەیان رەوانە دەكرد، ئەمە جگە لەوەی بەرەی شەڕ رۆژانە فراوانتر دەبوو و ئەمەش هێندەی دیكە قورسایی خستە سەر حكوومەت و دەبوو ئیدارەشی بدات.
بە گشتی داعش حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر ماندووكرد، كاریگەری قووڵیشی لەسەر جەستە و سایكۆلۆژی كابینەی هەشتەم دانا، تا ئێستاش ئەو كاریگەرییانە لێرەو لەوێ ماون، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە داعش پێگەی هەولێری بەهێز كرد.

هاتنی ئاوارە و لێقەوماوان:
شەڕی داعش جگە لەوەی لەڕووی ئابووری و سەربازییەوە حكوومەتی هەرێمی ماندوو كرد، هاوكات بووە هۆی ئەوەی زۆرترین ئاوارە و پەنابەریش روو لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێم بكەن، ئەمەش لە پاڵ بڕینی بوودجە، كێشەی بۆ كابینەی هەشتەم دروستكرد، واتە كابینەكە دەبوو لە یەك كاتدا شەڕی داعش بكات و ئاوارەكانی ئەو شەڕەش بگرێتە خۆی و خزمەتیانیش بكات، لە كاتێكدا حكوومەتی عێراق ئامادەی هیچ هاوكارییەك نەبوو، كەوایە ئەوەش كێشەیەكی گەورەی بۆ كابینەكە دروستكرد و دەكرێ بڵێین هێندەی نیوەی ئازاری بوودجە بڕینەكە، ئەویش ئازاری هەبووە، ئازارێك ئێستاش بەردەوامی هەیە، چونكە هێشتا عێراق نەیتوانیوە ئاوارەكان بگەڕێنێتەوە ناوچەكانی خۆیان و ئەمەش لە زیانی كابینەی هەشتەم دابووە، ئەگەر رەگەزپەرستی نەبێت، هاتنی ئەو لێشاوە لە ئاوارەیە كێشەی بۆ حكوومەت و خەڵكی كوردستانیش دروستكردووە، كارەبایان دەوێت و خەرجی دیكە و هاوكات زۆربەیانیش دەستیكاری هاووڵاتییانی هەرێمیان بردووە، لە كاتێكدا هەرێم خۆی كێشەی هەیە.
بە گشتی هاتنی ئاوارەكان كاریگەری لەسەر حكوومەتی هەولێر هەبووە، بەڵام دواجار هەولێر دەتوانێ شانازی بەو پێگەیەی خۆیەوە بكات لەوەی توانیویەتی پێكهاتە جیاوازەكان بگرێتەخۆی و ژیانیان بپارێزێت.
16ی ئۆكتۆبەر و زیانە جۆراوجۆرەكان:
كاتێك باس لە رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر دەكرێت، زۆربەی فۆكەسەكان لەسەر زیانە سیاسییەكەن، بەڵام لەڕووی ئابووریشەوە ئەو رووداوە گەورەترین زیانی لە پێگەی ئابووریی كوردستاندا، بەجۆرێك نیوەی داهاتی ئەو كێڵگە نەوتیانە كەوتە ژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی عێراق و ئەوانەی ئێران سەرپەرشتیان دەكات، كە پێش ئۆكتۆبەر حكوومەتی هەرێم سەرپەرشتی دەرهێنان و هەناردەكردنی بەرهەمەكەی دەكرد، بەڵام دوای ئۆكتۆبەر بەشی زۆری ئەو پارەیە بۆ دژایەتی حكوومەتی هەرێم خەرج كرا، بە گوێرەی رێكخراوی دۆر كە تایبەتە بە چاودێریكردنی نەوتی كوردستان، لە شەش مانگی سەرەتای دوای ئۆكتۆبەردا نیوەی داهات و كێڵگە نەوتییەكان لە دەستچوون و ئەمەش لە كاتێكدایە دوای ئۆكتۆبەر نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، ئەگەر ئەو كێڵگانە لە دەست حكوومەتی هەولێردا بوونایە، بە گوتەی بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم، ئێستا هیچ شتێك بەناوی پاشەكەوتی مووچەوە نەدەما، چونكە نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، بەڵام ئێمە نەوتەكەمان لەدەستداوە، كەوایە زیانی ئابووریی زۆری لە كوردستاندا و دەكرێ هێندەی لایەنە سیاسییەكە، برینی قووڵ لە جەستەی خەڵكی كوردستان جێبهێڵێت.

دیپلۆماسییەتی دوای ئۆكتۆبەر:
ئۆكتۆبەر بە تەنیا زیانی سیاسی و ئابووری نەبوو، بە گشتی ماوەیەكی زۆر حكوومەتی هەرێمی بە خۆیەوە سەرقاڵكرد، حكوومەت لە بری ئەوەی خەریكی پڕۆژەكان بێت، بە پێچەوانەوە خەریكی داواكردنی دیالۆگ بوو بۆ ڕاگرتنی شەڕ، لە كاتێكدا عێراق شەڕی دەویست و گوێی لە دیالۆگ نەدەگرت، بەڵام پشوودرێژی نێچیرڤان بارزانی وایكرد حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی عێراق، بێتە سەر ئەو قەناعەتەی دەست بە دیالۆگ بكات، بەتایبەتی دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی دەچێتە پاریس و لەوێوە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا داوا لە عێراق دەكات كە دەبێ كێشەكان بە ڕێگەی ئاشتیی و دیالۆگەوە چارەسەر بكرێن و مافی خەڵكی كوردستانیش بدرێت و ماددەی سەدوچلیش جێبەجێ بكرێت.
ئەوە وایكرد پرۆسەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەتی هەولێر هەنگاوێك بچێتە پێش و لەگەڵ حكوومەتی عێراقیشدا دانوستان بكرێت، بۆ ڕاگرتنی شەڕ و هاوكات وەرگرتنی پارە لە بەغدا وەك پشكی هەرێم، لە كاتێكدا عێراق رووی تۆپ و تانكەكانی لە هەولێر بوو، بەڵام رێككەوتن كرا و پارە بۆ هەولێر هات، ئەمە و چەندان هۆكاری دیكە وایان كرد حكوومەتی هەرێم بوژانەوە بە خۆیەوە ببینێت.

كۆتایی كابینەی هەشتەم:
ئێستا تەمەنی كابینەی هەشتەم هێندەی نەماوە، هاكە كابینەی نۆیەمیش بە سەرۆكایەتیی كاك مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهێندرا. ئەمەش لە كاتێكدایە ئاماژەكان دەڵێن كابینەی نۆیەم درێژەپێدەری كابینەی هەشتەم دەبێت بە هەندێ گۆڕانكارییەوە كە لە هەموو كابینەیەكی حكوومەتدا ئەوە روودەدات.
كابینەی نۆیەم چانسی باشترە لە هی هەشتەم، بەوەی كابینەكە لە كاتێكدا دێت شەڕی داعش نەماوە و نرخی نەوتیش بەرزبووەتەوە، ئەمە ئابووری كوردستان بەهێز دەكات، كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداش بەشی زۆریان چارەسەر بوونە، بەتایبەتی ئێستا نێوانی هەولێر لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق باشە و هەولێر و بەغدا جەخت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان دەكەنەوە، هاوكات ئۆپۆزسیۆنی كوردیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی چیتر ناتوانن بە عینادی سیاسەت بكەن، واتە كۆدی سیاسەتكردنیان لای خەڵك كەشف بوو كە هەراوهۆریاكەیان بۆ خەڵك نەبووە و بۆ بەرژەوەندی دەستەگەری ناو ئۆپۆزسیۆن بووە، ئەمە جگە لەوەی كورسییەكانی پارتی زیادیان كردووە، واتە كابینەكە لەناو پەرلەمانیش بە پێچەوانەی كابینەی هەشتەم پاڵپشتی زیاتری دەكرێت. ئەمانە و دەیان هۆكاری دیكەش كاریگەریان لەسەر ئەدای كابینەی نۆیەم دەبێت، بەتایبەتی ئەو كابینەیە لە كاتێكدا دێت كە ژینگەی سیاسی و ئابووریی كوردستان بە گشتی بەرەو باشی دەچن و كابینەی هەشتەمیش زۆرترین كێڵگە و گرێبەستی گرنگی نەوتی و وزەیی بۆ كابینەی نۆیەم جێدەهێڵێت.