شێركۆ حەبیب
سەردانەكەی ئەم دواییەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و دوو وڵاتی كەنداوی عەرەبی، پێگەی كوردی لەسەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتی بەهێز تر كرد، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شارەزایی و بۆچوونەكانی سەرۆك، كە هەردەم لە هەوڵی ئاشتی و تەبایی و پێكەوەژیاندایە، لەگەڵ ئەوەی هەوڵەكان لە چوارچێوەی یەكپارچەیی عێراقدایە، بەڵام سەروەری كورد پارێزراوە و لە چوارچێوەی پابەندبوون و سەروەری دەستوور، ئەمەش مافەكانی كورد دابیندەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆك بارزانی مافی سەربەخۆیی كوردستانی وەلا نەناوە، بەڵكو هەنگاوەكان بۆ لێكتێگەیشتن و گەیشتن بەو مەرامە پیادەكراوە.
ئەوان گرەوەكەیان دۆڕاند كە وایان مەزندە دەكرد و خەونیان بە لە دەستدانی پێگە و كاریگەر و سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و بە كۆتاهاتنی رۆڵی پارتی دەبینی، بەڵام سەردانەی ئەم دواییەی جەنابی سەرۆك ئەوەی بۆ هەموو لایەك دەرخست كە سەرۆك بارزانی سەركردەیەكی كاریگەر و كاریزمایە و لە ناوچەكە پێگەی تایبەتی هەیە كە لەو سەردانەدا بەشێوازێكی فەرمی لەسەر ئاستی بەرز پێشوازییان لە سەرۆك بارزانی كرد.
پێویستە هەوڵەكان لە پێناو بەرژەوەندی كورد و دابینكردنی مافە رەواكان بێت، ئەمەش بێگومان بە یەكڕیزی و پێكەوە كاركردنی سەرجەم لایەنەكانی كوردستان دەبێت، دوور لە بەرژەوەندی حزبی و ناوچەگەری و پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز و بە توانا بە گوێرەی ئاكامی هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوولی رابردوو، پۆستەكانیش بە گوێرەی ئەو ئیستحقاقە دابەشبكرێن، حكوومەتێك بێت كە پێویستە لایەنی بەشداربوو بە گیانێكی كوردپەروەرانە و لە ئەستۆگرتنی بەرژەوەندی كوردستان كارەكان ئەنجامبدات، دوور لە مزایەدات و كشانەوەی دواساتەكان، یا رۆڵی ئۆپۆزسیۆن و حكوومەت لە هەمان كاتدا.










