حوسێن ئێحسانی بە ناسناوی بارزان خەڵكی ناوچەی بامیانی ئەفغانستانە و دەرچووی قۆناغی ماستەری بەشی زانستە سیاسییەكانی زانكۆی تارانە. ماستەرنامەكەی لەسەر سەربەخۆیی كوردستان لەژێر ناوی لێكەوتەكانی سەربەخۆخوازیی هەرێمی كوردستان و كاریگەری لەسەر ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوین بووە و پێشكەشیكردووە بە خەڵكی ستەملێكراوی كوردستان بەتایبەتی خەڵكی هەڵەبجە. ئێحسانی زۆر سەرسامە بە كوردستان و وێنەی ئاڵای كوردستانی لەسەر شاشەی مۆبایلەكەی داناوە و هەروەها وێنەی سەرۆك بارزانی لەسەر پڕۆفایلی هەموو ئەكاونتەكانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی وەك فەیسبووك، واتس ئاپ، تێلێگڕام و. داناوە. ئەم كارەی ئێحسانی بووە هۆی سەرنجڕاكێشانی قوتابیانی كورد لە تاران و لەوێوە كەوتە بەر سێرەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. پێشتر رۆژنامەی خەبات ئەم لاوەی ناسیوە و هەواڵی موناقەشەی ماستەرنامەكەی بڵاوكردۆتەوە و ئێستاش بە مەبەستی زیاتر ناسین و ئاگاداری لە بۆچوونەكانی ئەو لەمەڕ كوردستان دیمانەیەكمان لەگەڵ ئەنجامداوە.
خەبات: بەڕێز كاك حوسێن وێڕای سوپاسمان بۆ ئەم دیمانەیە دەمانەوێت بزانین سەرەتای ناسینی كوردستان لە لای ئێوەوە لە كوێ دەستیپێكرد؟
ئێحسانی: بە خۆشحاڵییەوە بەخێرهاتنان دەكەم و شانازیش دەكەم كە بۆ دووەمجار ناوم دەچێتە سەر رۆژنامەیەكی كوردی و نەتەوەیی كە مێژووێكی هەیە لە خەباتدا. زانیومە كە جیاوازی رۆژنامەی خەبات لە گەڵ رۆژنامەكانی تری وڵاتان لەوەدایە كە ئەم رۆژنامەیە لە رۆژانی خەباتدا بە نهێنی بڵاوكراوەتەوە و یەكێكە لەو رۆژنامانەی كە كاریگەری هەبووە لەسەر بەرەو پێشبردنی دۆزی كورد و وشیاركردنەوە و سەرخستنی كوردستان. با بێینە سەر پرسیارەكەت، دەمەوێ بە چوارینەی شاعیرێك بە ناوی سەید رەزا مەهدی كە خەڵكی غەزنەی ئەفغانستانە و لەسەر مەردایەتی و جوامێری كورد نووسیویەتی، وەڵامی ئەم پرسیارە دەستپێبكەم.
بساگت را جهان جز خون نبردم
ز خانت غیر نامردی نخوردم
ولی تا كردن مە با تو اینست
مە مردم مە جوانمردم مە كردم
واتای كورتی ئەم شیعرە ئەوەیە، دەڵێ، تۆ پێتوایە جگە لە خوێن چیترم نییە، بەڵام منت نەناسیوە، من مەردم، من جوامێرم، من كوردم. لە راستیدا هاتنی من بۆ لای بابەتی كوردستان و توێژینەوەی یەك ساڵی من لەسەر كوردستان، لەوە دەستپێدەكات كە میدیاكانی ئەفغانستان زۆر باسی كوردستانیان دەكرد، بە جۆرێك كە كوردستان یەكێك بوو لە گۆڕاوەكانی كاریگەر لەسەر سیاسەتەكانی خۆرهەڵاتی ناوین. بەڵام بەشێوەیەكی گشتی خەڵكی ئەفغانستان كوردیان لە رێگەی میدیاكان دەناسی بەتایبەتی شەڕی كۆبانێ و بەرەنگاری كورد لەگەڵ تیرۆریستان لە هەرێمی كوردستان كوردی زیاتر لە جاران ناساند و هەروەها ئازادیی ژنی كورد لەچاو ژنانی تری ئەم ناوچەیە بەتایبەتیش ژنانی كۆبانێ بووە هۆی سەرنجڕاكێشان و نموونەگیری ژنانی ئەفغانستان. ئەمە بووە هۆی ئەوەی منیش سەرنجم ڕاكێشرێت و جگە لە هەست بە دیدگایەكی سیاسییانە و قووڵتر لێی وردبمەوە. هەروەها بەرێز زەڵمای خەلیلزاد لە كتێبێكی لەسەر ئەزموونەكانی لە عێراقی نوێ باسی كاریگەری كوردی لە دوای رژێمی بەعس كردبوو، لە نووسینەكەیدا باسی سەرۆك بارزانی، جەلال تاڵەبانی، دەكات و رۆڵی ئەوان بەرز دەنرخێنێت، ئەمەش سەرنجی منی زیاتر راكێشا. دواتر بۆ خوێندنی ماستەر هاتمە تاران و لەگەڵ كوردەكانی ئێران ئاشنا بووم، ئینجا زانیم كەسی زیرەك و تیژزەین و قووڵن و كەسایەتی یەكەمی زانكۆكانی ئێرانن. هەروەها لەگەڵ هەندێك كوردی هەرێمی كوردستان ئاشنا بووم كە بۆ خوێندن هاتبوونە زانكۆی تاران، لەوانە لەگەڵ بەرێز رەشید عەلی سولەیمان و سەركار محێدین ئاشنا بووم و باسی ئەفغانستان و كوردستانمان بە یەكەوە دەگۆڕیەوە. لە وێوە هەندێك شت لەناو زەینم نەخشی بەست، بەوپێیەی من قوتابی زانستە سیاسییەكان بووم و لە بواری خۆرهەڵاتی ناوین كارم دەكرد، بۆیە من بیرم لەوە كردەوە كە من دەتوانم لەسەر بابەتی كوردستان وەك كەسێكی بێلایەن بە زمانی زانست كار بكەم و بۆ خۆم كوردناسێك بم و ئەو بابەتەش بكەمە بابەتی توێژینەوەی زانكۆییم.
وردە وردە هاوڕێی كوردم زۆر بوون و هەوڵیشمدا لە پەنا زمانی فارسی و عەرەبی زمانی شیرینی كوردیش فێربم و ئەوە بوو كە وردە وردە فێری كوردیش بووم. دواتر لە ڕێی وتارێكی بەڕێز كاروان كریمخان كە لە رۆژنامەی 8ی بەیانی ئەفغانستان بڵاو كرابۆوە، زانیم كە پەیوەندی نەژادی، فەرهەنگی و مێژوویی هەیە لە نێوان كوردستان و ئەفغانستان و ئەم وتارەش كاریگەری خۆی هەبوو. بەڵام بۆم سەیر بوو كە بۆچی ئەم پەیوەندییە فەرهەنگییەی دەوروبەر لە بیر كراوە؟ ئەو بابەتانە بوونە هۆی زیرەوەزریوی مێشكم و دواتر گەیشتمە ئەوەی دەبێ كوردستان بەشێك بێت لە كۆمەڵگای دەروونی من و منیش توێژینەوەیەكی باشی ئاكادیمی ئەنجامبدەم و بیكەینە سەرەتای دروستكردنەوەی پەیوەندی سرووشتی و راستەقینە. هاتمە سەر ئەو بڕوایەی دەبێ زۆرداری جوغرافیایی لە بەین بەرین و بە خەڵكی ئەفغانستانیس بڵێم هاوشێوەیی زۆر لە نیوان كورد و ئەفغانستاندا هەیە و ئێمە لە یەك تەبارین. هەروەها گەیشتمە ئەوەی كورد عێراقی نین و خاكەكەیان عێراق نییە و دەبێ رۆژێك لە عێراق جیاببنەوە و بگەنەوە بە مافی فەهەنگی و جوگرافی، مێژوویی و نەژادی خۆیان. بۆیە هەستم كرد كە دەبێ ئێمە هەردووكمان گرنگی بدەینە یەكێتیی فەرهەنگ و كوردستان و ئەفغانستان لە ڕووی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی هاوكاری یەكتر بن و نیشانی دونیای بدەن كە كورد و ئەفغان زمانەكان ڕوانگەی مێژوویی و فەرهەنگیان بۆ بابەتەكانی سیاسی هەیە. ئەوە بوو كە بە هاوكاری هەندێك مامۆستا بەشێوەیەكی ئەكادیمی هاتمە ناو بابەتی توێژینەوەی كوردستان. یەكەم كەس كە لەسەر ئەو بابەتە دەیتوانی كارم لەگەڵدا بكات بەرێز دكتۆر جەعفەر حەق پەناه، مامۆستای زانستی سیاسی زانكۆی تاران بوو كە لەسەر بابەتی كوردستان وتار و كتێبی نووسیون و هەندێك كتابی بە من ناساندن و وردە وردە كەوتمە سەر كاری لێكۆڵینەوە لەم بوارەدا. ئەو كتێبانەی كە منیان ڕاكێشایە ناو بابەتی دۆزی كوردستان كتابی بەڕێز كەریم یەڵدز بوو لە ژێر ناوی (كورد لە عێراق) و كتابی بەڕێز دەیڤید فیلیبس لە ژێر ناوی (بەهاری كوردی) ئەوە بوو كە وردە وردە دیدگای نافەرمی من بۆ كوردستان بوو بە هەڵبژاردنی دیدگایەكی ئاكادیمیك. دواتر بەرێز محەمەد كریمخانم لە بەشی زانستە سیاسییەكانی زانكۆی تاران ناسی كە بووە خاڵێكی وەرچەرخان لە ژیانی ئاكادیمی من و لە ڕێگەی ئەو كەسی شایستە و لێهاتووی وەك دكتۆر جگەرخوێن و مێژووزانی وەك كاك فوئاد فەیلیم ناسین كە پێموایە دەتوانین ئەم پەیوەندییە بكەینە خاڵی دەستپێكی پەیوەندی لە بیركراوی كوردستان و ئەفغانستان. هەروەها لە بەشی زانستە سیاسییەكانی زانكۆی تاران مامۆستای فارس زمانم ناسین كە زۆر حەقگۆ بوون و بەرگریان لە دۆزی ڕەوای كوردستان و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەكرد و بۆ ماستەرنامەكەشم سوودم لە بۆچوونی زانستی ئەوان وەردەگرت ئەو مامۆستایانە بریتی بوون لە بەڕێز دكتۆر ئیبراهیم موتەقی، دكتۆر ئەحمەد نەقیب زادە و دكتۆر سادق زیباكەلام.
خەبات: لەسەر ماستەرنامەكەت بدوێ.
ئێحسانی: ئەگەرچی دەستم كراوە نەبوو بۆ دەربڕینی هەموو بۆچوونێك، بەڵام دوای ئەوەی كەوتمە نێو خوێندنەوە لەسەر كوردستان و ویستم شتێكی ڕچەشكێنانە ئەنجامبدەم. لە راستیدا من دەمویست بەشێوەیەكی زانستییانە چەمكی ئەمنییەت بەرمە ئاقارێكی راستەقینە و دوور لە وەهمی بێ واتا و كوردستانم كردە نموونەی ئاسایشی توێژینەوەكەم. بەم كارە دەمەوێ بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا بگەڕێم كە پەیوەندی كوردستانی سەربەخۆ و ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوین چییە؟ بە واتایەكی تر بۆچی كوردستان دەبێ سەربەخۆ بێت تاكو ئاسایش بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوین بگەڕێتەوە؟ گریمانەی من ئەوە بوو كە پەیوەندی نا ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان شووناس و ئاسایش. لە ڕاستیدا سنوورێك هەیە لە نێوان خۆ و ئەویتردا، بۆیە لە ناو دەوڵەتە دەستكردە ناسروشتییەكانی ئێستای خۆرهەڵاتی ناوین ئاسایش دروست نابێت و كاریگەری نەرێنیشی هەیە لەسەر هەمو ناوچەكە. دوای ئەوەی كە گریمانەكەم سەلماند پێشنیاری ئەوەم كرد كە چەمكی ئاسایش دەبێ بەرگی كلاسیك فڕێ بدات و ئاسایشی پلوڕال و نوێ بێتە جێگەی ئاسایشی وەهم و دەوڵەتی ئێستایی. لێرەدا كورد وەك نەتەوەیەكی خاوەن شووناس بە ناچاری بۆتە عێراقی كە راستیدا هەو نییە و شووناسێكی جیاوازی لە عێراق و عەرەبی هەیە و لە ناو عێراقیشدا هەمیشە هەست بە نائەمنی دەكەن.
بۆیە كورد مافی سرووشتی خۆیەتی جیا ببێتەوە و ئەم سنوورە ناسرووشتی و نابەڵێنیانە تا سەر نابن و لە داهاتوودا دەوڵەتی نوێ لەسەر بنەمای شووناس و نەتەوە بەشێوەیەكی سرووشتی دروست دەبن.
بۆیە نابی ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوین بە دەوڵەتی ئێستای سنووردار بكرێت و دەبێ چەمكی ئاسایشی ناوچەیی بێتە جێگای ئاسایشی دەوڵەتانی ئێستا. لەم دۆخە نوێیەدا هیچ دەوڵەتێك نابێ دژی دەوڵەتی نوێی نەتەویی و سرووشتی بێت و نموونەی زەقیشمان بۆ ئەم پرسە ئەوروپایە و دەبێ خۆرهەڵاتی ناوین بەم ئاڕاستەیەدا بەشێوەیەكی یەكگرتوو بەرەو سنووری سرووشتیدا بڕوات. بڕوام وایە تەنها ڕێكارێك بۆ گەڕانەوەی ئاسایش بۆ خۆرهەڵاتی ناوین سەربەخۆ بوونی شووناسە تایبەتەكانی وەك كوردستانە و لە دەرئەنجامدا گەیشتمە ئەو بڕوایەی كوردستانی سەربەخۆ هەڕەشە نییە بۆ سەر ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوین بەڵكو بەپێچەوانەوە ئارامی و ئاسایشی پێوەیە.
خەبات: دەستپێكی كاری تۆ لەسەر كوردستان هاوكات بوو لەگەڵ ریفراندۆم لە كوردستان دیدگای جەنابتان لەم بارەوە چییە؟
ئێحسانی: كاتێك هاتمە سەر نووسین لەسەر بابەتی ریفراندۆم بە رێبەرایەتی سەرۆك بارزانی وردبوومەوە. پێم وابو ئەم بابەتە پڕۆسەیەكە و درەنگ یا زوو دەبێت بكرێ و نابێ هەڵەكان بە هەر نرخێك بێت، لە دەست نەدرێن. لە دیدی من، پڕۆسەی سەربەخۆیی لە ساڵی 1920 هەر جارە و لە ژێر ناوێكی وەك ئۆتۆنۆمی، فیدڕاڵی و سەربەخۆیی دەستیپێكردووە و تا ئێستاش بەردەوامە و گشتپرسیش یەكێكە لە قۆناغە درەوشاوەكانی ئەم پڕۆسەیە. دەبێ بۆ گەیشتنە ئامانج بەمجۆرە بزاوت بكەن و دڵنیام ئەم پڕۆسەیە قۆناغ بە قۆناغ دەچێتە پێش و دواجار سەر دەكەوێت. لە ڕاستیدا كورد دەبێ بە دوای ناساندن و سەندنی مافیدا بێت و گشتپرسیش یەكێك لەو قۆناغانە بوو كە كورد بە سەركەوتوویی و ئازایانە بڕیان و بووە خاڵێكی وەرگەڕان لە مێژووی هاوچەرخی كوردستان و لە دیدی من هەنگاوێكی بەرەو سەركەوتن بوو كە لێكەوتەكانی ئەرێنی ئەم كارە لە داهاتوودا وەدەر دەكەون.
خەبات: باسی كاریگەری ریفراندۆمی كوردستان لەسەر ئەفغانستانمان بۆ بكە.
ئێحسانی: لێكەوتی گشتپرسی كوردستان لە وڵاتانی جیهانی سێیەم و ناوچەكە بەتایبەتیش ئەفغانستان ئەرێنی بوو، هێز و ئیرادەی بەخشییە گرووپە نەتەوەیی و فەرهەنگییە ستەملێكراوەكان و بەتایبەتی بۆ كەمینەكانی ئەفغانستان زۆر گرنگ بوو و جۆرێك ئازایەتی و چاونەترسی دایە خەڵكی ستەمدیدە. لە راستیدا ئەم گشتپرسیە جۆرێك بڵاوكردنەوەی كولتوری مافخوازیی هێنایە ناو شووناسە بنپێكراوەكانی خۆرهەڵاتی ناوین و بڕوابەخۆبوون و رۆحی خەباتكاری زەقكردەوە و هێزی دژە جیۆپۆڵۆتیكی لەم ناوچەیە خوڵقاند.
خەبات: وێنەی سەرۆك بارزانی لەسەر پڕۆفایلی ئەكاونتی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی جەنابتە لەمبارەوە بۆمان بدوێ.
ئێحسانی: ئەم شتە سەیر نییە و زۆر ئاساییە وەك چۆن خەڵكی غەیرە هیندی وێنەی گاندی دادەنێن یان خەڵكی سپی پێست وێنەی مارتین لۆتەر كینگ دادەنێن، یان بڕوادارەكان وێنەی كەسایەتی ئایینی دادەنێن، دەبێ كورد بزانێ كە خەڵكی غەیرە كوردیش كەسی وەك بارزانی دەكاتە نموونەی رەوشت و هزری خۆی. پێش هەموو شتێك سەرۆك بارزانی بە تەنها تایبەت بە كورد نییە بەڵكو ئەو پشكی هەموو ئازادیخوازێكی جیهانە. لە دیدی من كاك مەسعود تەنها ڕێبەرێك نییە و بەس، بەڵكو ئەو رێبازێكی هزری ئازادییە. ئێمە لە مێژوودا كەم كەسمان هەن، كە گشت سەروەری و گشت مەرجێكیان تێدا بێت. رێبەرانی دیارمان هەن، لە مێژوودا وەك مارتین لۆتەر كینك، گاندی، ماندێلا و كە ئەم مەرجانەیان تێدا بوو و بوونە شانازی مرۆڤایەتی. لەناو كۆمەڵگای هاوشێوەی ئێمەمانانیشدا كەسانی وەك حیكەمتیار (كە دۆستی كورد بوو)، ئەحمەد شا مەسعود و مەزاری لە ئەفغانستان هەن، كە بوونە جێگەی شانازی خەباتگێڕانی ناوچەكە و خەڵكی بیانیشیان سەرسامی خۆیان كرد. ئێستا لە خۆرهەڵاتی ناویندا من كەسی بەو هەموو سەروەریانەم نەدەناسی، بەڵام كە هەڵدرامە ناو كۆمەڵگای كوردی، بینیم كەسێكی لێهاتووی مەزن هەیە بە ناوی مەسعود بارزانی كە گشت بەهاكانی مرۆڤایەتی و خەباتگێڕی و ئازادیخوازیی لەناو ئەودا كۆبووەتەوە. پێموایە رۆژێك دادێت كە لاوانی وڵاتانی تریش وێنەی ئەم پیاوە مەزنە لەسەر باسك و سینگی خۆیان نەقاڕی دەكەن. ئەو منی سەرسام كرد. خەڵكی وێنەی چێگواریان لە ژوورەكەیان هەڵدەواسی، من وێنەی سەرۆك بارزانیم هەڵدەواسی و وێنەی پیرۆزی ئەوم لەسەر پڕۆفایلم دانا و بەم كارەش پەیامم بۆ خەڵك ئەوە بوو كە دەبێ لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمی تەسك بێینە دەرەوە و لە خۆرهەڵاتی ناویندا دەكرێ پەیڕەوی لە رێبەرێكی دەرەوەی كۆمەڵگای خۆمان بكەین و ویستم بە خەڵكی ئەفغانستان بڵێم، لەم نزیكانەی خۆمان كەسی بەرزی وەك سەرۆك بارزانی هەن، كە دەتوانین بیانكەینە ئاوێنەی خەبات، ئازادیخوازیی، چاكسازیی و یەكسانی، راستگۆیی و مافی مرۆڤ بۆ وڵاتی خۆمان. من ئارەزووم ئەوەیە زیارەتی ئەم سەرۆكە مەزنە بكەم و تاكو بتوانم شێوازی خەباتی ئەو بۆ كۆمەڵگەی ئەفغانستان بگوازمەوە. هەروەها ئەمجارە وێنەی خۆم لە خزمەتی ئەودا بخەمەڕوو.
خەبات: كوردەكان لە زانكۆی تاران بە بارزان ناوی تۆ دەبەن، تۆ دەڵێی چی؟
ئێحسانی: كوردە تێگەیشتووەكان دەیانزانی من عاشقی هزر و رێبازی بارزانیم، بۆیە بەم ناوە بانگیان دەكردم. یەكەمجار هاورێكەم بە ناوی محەمەد كریمخان ئەو ناوەی لە من نا. شانازی بەم ناوەوە دەكەم و لە فەیسبووكیش لەسەر ئەم بابەتە قسەی خۆم كردووە.
من لە میوانیەك شیعری مەحمود دەروێشم لە وەڵامی سەلیم بەرەكات لە عەرەبییەوە وەرگێڕایە سەر فارسی كە چۆن باسی ستەمدیدەیی كورد و جوانی ئەوان و كولتووریان دەكات، گەیشتمە ئەو بڕوایەی كە مرۆڤ لەناو بازنەی شووناسێكی بەستراو و قەتیس نامێنێت و دەتوانێت ببێتە خاوەن شووناسی بەرفراوانی كەسی و تایبەتی خۆی. من ئێستا كەسێكی بەربڵاوترم لە جاران لە ڕووی شووناسی تاكی و خۆم بە كوردێكی ئاگرین دەزانم و لەناو كەسایەتییە جیهانییەكانیشدا سەرسامم بە رەوشتی سیاسی و بەرزی بارزانی، سەرسامم بە ئازادیی ژنانی كوردستان و سەرسامم بە فەرهەنگی ژینگەپارێزی كوردستان بەتایبەتی ناوچەی بارزانیی بەرز.
خەبات: كوردستانت بینیوە؟
ئێحسانی: بەڵێ، من تەنها بەشێكی رۆژهەڵاتی كوردستانم بینیوە و تاكو مەریوان رۆییشتووم. بەڕاستی دەتوانم بە بەهەشتی دابنێم. خەڵكی كوردم بینی كە زۆر میواندۆست و ئارام بوون. خواردنەكانیان زۆر بە تام بوون. مۆسیقای كوردی لەگەڵ ڕۆحم دەدوێت و گۆرانی كوردیم گوێ دەگرت و حەزم چووە دەنگی مەزهەر خالقی، رەزازی، حەسەن زیرەك و یەلدا عەباسی و عاشقی هەڵپەڕكێی كوردی بووم. هەروەها حەز لە شیعری مامۆستا هێدی دەكەم و زیاتر شیعرە فارسییەكانی دەخوێنمەوە و بەڕاستی دەنگی هێدی لە شیعر خوێندنەوە زۆر خۆشە. هەروەها لە هەمووی جوانتر لیباسەكانیان بوون. جێگەی ئافەرین بوو كە كورد لەو هەموو هەوراز و نشێوە سەختانەدا توانیویەتی یەكێتیی فەرهەنگی خۆی بپارێزێت و شووناس و سرووشتی تایبەت بە خۆی هەبێت.
خەبات: دوا وتەتان چییە؟
ئێحسانی: كەریم یەڵدز لە كتێبی كورد لە عێراق دەڵێت: كوردەكان جگە لە كوێستان دۆستێكی تریان نییە. منیش دەڵێم كورد دۆستێكی دێرین و یەكگرتوویان بەناوی ئەفغانستان هەیە كە هاوبەشی نەژادی و كەلتوری یەكترن و دەتوانن ئەم هاوبەشییە بكەنە خاڵی بەهێزی خۆیان و دۆستایەتی لەسەر ئەم بنەمایە بونیاد بنێن و وەك دۆستی مێژویی و هەمیشەیی بمێننەوە.
هیوادارم ئەفغانستانییەكان لە رۆژێكی نەورۆزدا بە دەهۆڵ و زوڕنا و هەڵپەركێی كوردی لە شاری سەربەرزی هەولێر جەژنی نەورۆز پیرۆز بكەن و لە داهاتوودا سەفارەتی كوردستان لە كابۆڵ و سەفارەتی ئەفغانستانیش لە هەولێر ببینم. دووبارە سوپاسی رۆژنامەی خەبات دەكەم.









