زانیار سەردار قڕگەیی/ سلێمانی
یەكێك لەو كەسایەتییە دیار و بەرچاوانەی لەنێو شۆڕشی ئەیلوولدا دەركەوتووەو پێگەیەكی بەهێزی هەبووە، (محەممەد عەزیز قادر)ە، كە ناسراو بە (خاڵە حەمەی عەزیز)، سەردەمانێك بەرپرسی بارەگای بارزانیی بووە و دۆستایەتیشی لەگەڵ زۆرێك لە كەسایەتییە شۆڕشگێڕ و سیاسییەكاندا بووە، هەتا ساڵی1979 لەنێو ڕیزی شۆڕشدابووە و دواتر بەرەو هەندەران ڕۆیشتووەو لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێ بووە. لەم سەردانەیدا بۆ شاری سلێمانی، سەردانمان كرد و دیدارێكمان لە تەكدا سازدا، لەم دیدارەماندا چەند پرس و باسێكمان لەسەر بارزانی لەگەڵدا تاوتوێ كرد. ❊ چۆن سەرەتا بە ناوی بارزانی ئاشنا بوویت؟ ئەی كەی بە دیداری گەیشتی و لە كوێ بوو؟ ــ سەرۆك بارزانی، پێش گەڕانەوەی لە سۆڤیەت، بەهۆی ڕاگەیاندنە نهێنییەكانی پارتی و بەهۆی بڵاوكردنەوەی وێنەكەی بە بەرگی (جەنەراڵییەوە) بووە خۆشەویست و جێگەی هیوای لاوانی كوردستان، لەو كاتەوە ئاشنای ناوی بارزانی بووم. پاش گەڕاندنەوەی لە یەكێتی سۆڤێت، سەردانی شاری سلێمانیی كرد، بەندەش وەك هەزاران لاوی سلێمانی و خەڵكی سلێمانی لە پێشوازیدا بووم. بارزانی لە تەلاری بیناكەی (نووری عەلی ئەگزەجی) وتارێكی بەنرخی پێشكەش بە ئامادەبووان و پێشوازیكاران كرد، ئەمە یەكەم جاربوو كە بەدیداری جەنابی بارزانی شاد بم. دوای كشانەوەی چەكداران لە بەرەكانی دەربەندی بازیان و دەربەندیخان و گەڕانەوەی هەندێك لە خێلەكان بۆ پشتیوانی لە عەبدولكەریم و گرتنی هەندێك لە كەسایەتیی سلێمانی، لەبەر ئەوەی برووسكەی دڵسۆزی و پشتیووانییان بۆ قاسم ئیمزا نەكرد، یەك لەوانە یادی بەخێر جەنابی حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا، كە درەنگتر بووە خەزووری بەهەشتی كاك ئیدریس و باپیری بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی، بەندە بۆ خۆم لەگەڵ دوو برادەر چووینە خزمەتی لە ماڵی خۆیان و سوپاسم لەو هەڵوێستە كوردانەیەی كرد. لەو سەردەمەدا چەند بازنەیەكم لە لاوان دروست كرد و بردمن بۆ سەر گۆڕی شێخ مارفی نۆدێ سوێندم دان بە (خاكی كوردستان و شیری بەری دایكیان خیانەت لە كورد و كوردستان نەكەن) و هەر ئەو چالاكییەی ئێمەی هێنایەوە سەر ئەوە كە ئەگەر عەبدولكەریم قاسم بێت بۆ شاری سلێمانی بۆ كردنەوەی كارگەی جگەرە، دەستی لێ بوەشێنین و لەو ڕووەوە ئامادەكارییان كرد، بەڵام قاسم نەهات. دوای كشانەوەی هێزەكان و شەهید بوونی (كاكە حەمەی تەلان) وەك یەكەم شەهیدی دەڤەری پارێزگای سلێمانی لە دەربەندی بازیان، جۆرێك لە نائومێدی باڵی بەسەر دانیشتوواندا كێشابوو، لەو كاتانەدا من نامەیەكم بۆ سەرۆك مستەفا بارزانی نووسی و داوام لێ كرد كە بڕوا بدات بە كەسێك تا ئێمەی لاوان لە دەوری كۆ ببینەوە، نامەكەم بە كاك (عەبدول حوسێن فەیلی)دا نارد، كە خۆی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی بوو، برایەكی ڕۆژهەڵاتی ناوی (عەبدوڵڵا كۆڵ) لەگەڵیدا نارد تا بیگەیەنێت. یادی بەخێر (مەلا باقی)، كە ئەوسا لای شێخ حسێنی بۆسكێن بوو، لە ڕێگەی سەفرەو زەروون تووشی مام جەلال ببوو، مام جەلال نامەكەی لێ وەرگرتبوو، پاش سێ بۆ چوار ڕۆژ لە ڕۆیشتنی عەبدول حوسێن، كاك (نووری ئەحمەدی تەها) پێی گوتم: حەز لە ماسی ناكەیت، گوتی: ماڵی عەبدول حوسێن ماسی چاك دەكەن، گوتی: كەسێكی بەرێز و خۆشەویستیش لەوێیە، گوتم: بۆچی نا. كە چووین ئەو كەسە خۆشەویست و بەرێزە، یادی بەخێر كاك (شەمسەدین موفتی) بوو، پاشان كاك عەبدول حوسێنم بینی لەلام سەیر بوو، گوتی: تا سەفرە و زەروون ڕۆیشتم، لە ڕێگە تووشی مام جەلال بووم گێڕامیەوە. گوتم: ئەی نامەكەم، گوتی: كەوتە لای مام جەلال!. پاشان نامەیەكی ترم بۆ سەرۆك بارزانی نارد، بەناوی خوازراوی ئەحمەد مەحموود، ئەم نامەیەم بە بەهەشتی كاك (ئەنوەر عارف قەرەچەتانی)دا نارد، ئیتر تا بە خزمەت سەرۆك بارزانیی نەمر شاد بووم هەر بەناوی ئەحمەد مەحمودەوە نامەم بۆ دەنارد. ساڵی 1962 سەرۆك بارزانی، (ئەحمەد تۆفیق)، سكرتێری گشتیی ئەوسای پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی نارد بۆ پارێزگای سلێمانی بۆ وەرگرتنی بیروڕای كەسایەتییەكان و سەرۆك خێلەكان، پێوەندی بە بەندە و لەدەستچوو شێخ (محەممەدی هەرسین) كرد و داوای لێ كردن بچنە تەگەران، ئێمەش چووینە تەگەران، لەوێ كاك ئەحمەد و برادەرەكانیمان بینی، چەند كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ كرد، ئێمە ڕامان وابوو بۆ ئەوەی شۆڕشەكە لە شۆڕشی حزبێكەوە بكرێتە شۆڕشی هەموو خەڵكی كوردستان، پێویستە كۆنگرەیەكی گشتی بگیرێت، لەو كۆنگرەیەدا ئەنجوومەنێك بۆ بەڕێوەبردنی شۆڕش بە هەڵبژاردن دیاری بكرێت و ئەنجوومەنەكەش ناوبنرێت ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕش، كاك ئەحمەد گوتی، كاك عیسمەت شەریف وانلی نامەیەكی بۆ سەرۆك بارزانی ناردووە، نزیكە لە بیروڕا و پێشنیازەكانی ئێوە، بەڵام باشترە خۆتان بچن لەگەڵ سەرۆك باسەكە بكەنەوە. ئەو كاتە من فەرمانی گرتنم هەبوو لای میریی عێراقەوە، كاك شێخ محەممەدیش دوكان و ماڵ و منداڵی لە سلێمانی بوون، ڕێككەوتین من لەجیاتی هەردووكمان بچم بۆ لای سەرۆك بارزانی و كاك شێخ محەممەد بگەڕێتەوە سلێمانی، ئیتر من لەگەڵ كاك ئەحمەد تۆفیق ڕۆیشتم، پاش مەودایەكی دوور و خێرا ڕۆیشتن و گوند بە گوند گەیشتمە هەندرێن و پاش ماوەیەك لە گوندی (پڵنگان) بە خزمەت جەنابی سەرۆك گەیشتم و لەوێش باسی ئامانجی شۆڕش و یەكێتیی ڕیزەكانی گەلی كورد كرا. ❊ كاتێك سەردانت كرد چ شتێكی بارزانی سەرنجی تۆی ڕاكێشا؟ یان بە چی بارزانی سەرسام بووی؟ ــ خاكێتیی بارزانی، ڕەوشت بەرزی، ڕێزگرتنی لە خەڵكی لە خۆی بە تەمەنتر، خاوەن بڕیار و خاوەن هەڵوێستەكەی، سووربوونی لەسەر خواستە ڕەواكانی گەلی كورد، سوربوونی لەسەر پاراستنی عیزەتی كورد بەرامبەر بێگانان، سووربوونی لەسەر كوردستانی بوونی كەركووك و ناوی نا دڵی كوردستان. ❊ بارزانی هەڵوێستی بەرامبەر بە كەسانی ئایینی و كەسانی ڕۆشنبیر چۆن بوو؟ ــ بارزانی بە شێوەیەكی گشتی ڕێزی لە هەموو كەسایەتییە تایفییەكان و ڕۆشنبیرەكان دەگرت، ئەوەی ڕۆژێك چاكەیەكی لەگەڵ كردبا هەمیشە خۆی بە قەرزاری دەزانیی، بەتوندی پابەندی داب و نەریتەكانی كوردەواری بوو، لە لووتكەشدا بووبێ لە ئاستی مرۆڤی كوردی دڵسۆزی لەخۆی بەتەمەنتر وەك برا بچووكێك چۆن لەگەڵ برا گەورەی خۆی ڕەفتار دەكات وەهای ڕێز لێدەنا، لە یـادمە لە وەڵامی نامەیەكی بۆ یادی بەخێر بەڕێز (مەلا عەبدوڵلای چـروستانی)، بارزانی سەرەتا بە – بسم اللە الرحمن الرحیم- دەستی پێكردبوو پاش پێشكەشكردنی ڕێز و سڵاو و دەست ماچكردن وەك گەورەی خۆی لەگەڵیدا دوابوو، داوای لێكردبوو كە لە لووتف و دوعا كردن بۆی فەرامۆشی نەكات، نامەكەی بارزانی لە نووسینی موریدێك دەچوو بۆ شێخەكەی، لە كۆتایی نامەكەیدا نووسیبووی خزمەتكاری بچووكتان (بارزانی مستەفا). بەشێكی زۆر لە ڕۆشنبیرانی هەر چوار پارچەی كوردستان ڕێزیان لێ گیراوە، بۆ وێنە ئەوە هەژار، هێمن، جگەرخوێن، هێدی، قانع و دەیانی تر. ❊ دوای ئەو ساڵانەی لای بارزانی بووی چی لێوە فێر بوویت؟ ــ پشوودرێژی، خاكێتی، خۆبەختكاری، خۆ بەخزمەتكاری بچووكی گەلی كورد زانین، سووربوون لەسەر مافی ڕەوای گەلی كورد لە ئازادی و یەكسانی و سەربەخۆییدا. ❊ زانیاریت هەیە لەسەر ڕاگواستنی بارزانییەكان، لە ساڵانی كۆتایی سییەكان بۆ شاری سلێمانی؟ ــ ئەوسا من منداڵ بووم، ئەوی هەبێ هەر ئەوەیە كە لە لاپەڕەی بڵاوكراوەكاندا خوێندبێتمەوە. ❊ بارزانی لە دانیشتنەكانیدا باسی ساڵانی دەربەدەربوونی نەدەكرد، بەتایبەت ساڵانێك لە شاری سلێمانی گیرسابوونەوە؟ ــ بەڕێزی بەهۆی كاروباری ڕۆژانەی شۆڕشەوە، كە زۆرجار جێی حەوانەوەی بن بەرد و نێو ئەشكەوتێك بوو، مەودای ئەوە نەبووە، لەو ساڵانەی دوایینی من بریكار بووم، یان بۆ من ڕێكنەكەوتووە ئەگەر باسیشی كردبێت من ئاگام لێی نەبووە. ❊ بارزانی زۆربەی جار باسی لە چی دەكرد، شتێك كە هەمیشە لەسەر زار و لەناو دڵ و هزریدا بێت؟ ــ نەمر سەرۆك بارزانی، باسی لە پێویستیی بەهێزكردنی ڕیزەكانی گەلی دەكرد، سووربوون لەسەر درێژەدانی شۆڕش و هەوڵدان بۆ ئەوەی جیهان پرسی كورد وەك پرسێكی گەلێكی بن دەست و زوڵم لێكراو سەیر بكەن و هاریكاریی گەلی كورد و شۆڕشەكەی بكەن. ❊ بارزانی تا چەند لەخۆبردوو بوو لەگەڵ خەڵكیدا؟ چۆن لە خەڵكی هەژارانی كوردستانی دەڕوانی و هاوكاری دەكردن؟ ــ بارزانی بەرامبەر بە كورد و بەتایبەتی كوردی دڵسۆز هەمیشە لەخۆبردوو و خاكیی بووە و بێ سنوور ڕێزی لە هەژاران دەگرت، لە پێشتردا لە لایەنی خاكێتیی بارزانی ئاماژەم كردووە كە چۆن ڕێزی لە خۆی بەتەمەنتر گرتووە و هەمیشە بەڕێزەوە لەگەڵ خەڵكیدا دواوە، بڕواناكەم قەت خۆی بە گەورەی كەس زانیبێ و هەمیشە دەیگوت من خزمەتكاری گەلی كوردم. ❊ بۆ پێناسەی بارزانی چی دەڵێیت؟ ــ بارزانی برا و باوك و كەس و سەركردە و سەرۆك و ڕێبەر بوو، دۆستی هەژاران و لێقەوماوان بوو، لەسەر فەرمانی ئەو هەموو ساڵێك لەپێش جەژنەكانی ڕەمەزان و قورباندا، پێشمەرگەم دەنارد بە گوندەكانی دەوروبەردا بگەڕێن، ژمارەی هەژاران و كەم دەرامەتەكانمان بۆ دیاری بكەن، بۆ هەر هەموویان پێویستی كاسەی جەژنەكانمان بۆ دەناردن.
سهرهتا چاوپێكهوتن دیمانە لەگەڵ (حەمەی عەزیز) بەرپرسی بارەگای مەلا مستەفا بارزانی محەممەد عەزیز:









