كاروان كەریمخان
لە سەردەمی ئێستادا كە ڕایەڵە و پۆی كاری دەوڵەتەكان ئاڵۆز و دامێنی ئامانج و ئەركەكانیان بەرینتر بووە، ساغی هاووڵاتیان و دابینكردنی خواردن و خۆراكی پاك و باشیش بە یەكێك لە ئامانج و ئەركەكانی دەوڵەت دادەنرێت. لەم كەلێنەوە دیارە یەكێك لە پێكهاتەكانی بەرنامە داڕشتن و كاری حكوومەت پێشكەشكردنی خزمەتی تەندروستی و سیاسەتی ساغلەمیە. ڕوونە كە لە سەردەمی ئێستادا حكوومەت كردن بە بێ هاوكاری خەڵك كارێكی پڕ زەحمەتە بۆیە پێویستە بۆ بردنە سەری ئاستی بەشداری خەڵك دەبێ لە بیر لە خزمەتگوزاری زیاتر بكرێتەوە، یەكێك لەو كارە حزمەتگوزاریانەی كە پەیوەندی بە هەموو شتێكی ناو كۆمەڵگا هەیە و كۆمەڵگایەكی خاوێن و ژیر و ئارام دروست دەكات خزمەتی تەندروستی و ساغلەمیە. ئەم جۆرە خزمەتە مافێكی مرۆڤایەتیەو حكوومەتەكان بە پێی توانایان نەك دەبێ خزمەت بە هاونیشتیمانیانی خۆیان بكەن، بەڵكو لە كاتی پێویست دەبێ خزمەتی تەندروستی پێشكەش بە لێقەوماوانی وڵاتانی تریش بكەن. لەو ناوەدا حكوومەتی كوردستان بەهەموو سنورداربوونی توانای و كێشەكانی تا ئێستا زۆر كاری خزمەتگوزاری تەندروستی بەرچاوی ئەنجام داون و دەكرێ بڵێین بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی داگیركاری عێراق پێشكەوتنێكی باشی بەخۆوەبینیوە و بە بەراورد لەگەڵ ئێستای عێراقی تەزویریش حكوومەتی باشتر و خەمخۆرترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گرفت و كێشەی زۆری هەن و كارە باشەكانیشی هێشتا لە سەرەتای ڕێگەدانە، بۆیە دەبێ بۆ پێشكەوتنی كەرتی تەندروستی هێشتا بیر لە خاڵە لاوازەكانمان بكەینەوە. بە گشتی دەتوانین بڵێین زۆربەی كارە باشەكانی زیاتر ڕەنگی چەندایەتیان هەیە نەك چۆنایەتی و پێویستی بە سیاسەت داڕشتنەوەی زانستی و دڵسۆزانە هەیە. ئەم تێبینیانە بوونە هۆی ئەوەی زۆر جار ڕەخنە لە كەرتی تەندروستی بگیرێت، بە تایبەتی شارەزایانی تەكنیكی تەندروستیش وردتر ڕەخنەكانیان خستۆتەڕوو. هەر لەم بارەوە گوتەی زۆر لە سەر وەزارەتی تەندروستی و سیاسەتی دەوا و دەرمان لەم وڵاتە بە پەرش و بڵاوی و زۆرجار بە نازانستی گوتراوە. بەندە یەكێك بوم لەو كەسانەی كە دوو ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژنامەی زاری كرمانجی تێبینیەكم لە سەر شیاو و پەسندی و شێوازی بەڕێوەبردنی وەزارەتی تەندروستی بڵاوكردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی كە لەم وڵاتەدا وەرگرتنی زانیاری بە شێوەی گوێداری بەهێزترە لە وەرگرتنی زانست بە شێوەی خوێندنەوە و ئاستی خەڵكی زیاتر لە ڕێگەی بیستن بە شێوەی كورت بەرز دەبێتەوە، نووسینە كزەكەی منیش بووە بادی هەوا. هەر لە بەر ڕۆشنایی سیواتی گوێداری و بۆمبارانی زانیاری فەیسبوكی و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە كۆمەڵگای باشووری كوردستاندا هەموومان بینیمان كاك ڕەنج سەنگاوی لە بەرنامەیەكی زۆر دڵسۆزانەدا گرفتی دەوا و دەرمان و كێشەكانی كەرتی تەندروستی بۆ خەڵك و حكوومەت ڕوونكردەوە. ئەم بەرنامەیە پنتێك بوو لە زەنگوڵەی مەترسی و بێ گومان كاری ئەم بەڕێزە كاریگەری زۆری هەبوو لە سەر فەرهەنگی بەكارهێنان و وشیاركردنەوەی خەڵك و بووە مایكرۆفۆنی خەڵكی هەژار و لە ڕاستیدا لایەنی پەیوەندیداری بۆ ئەم پرسە بزواند و مووی لە جەستەی منیش سیخكرد. هەروەها لە دوای ئەم بەرنامەیە ڕوون بوویەوە كە لێرە دەواو دەرمان دەردیان هەیە و دەرمانی ئێمە دەرمانداو كراوە و خودی دەرمانەكەشپێویستی بە دەرمان هەیە. لە سەر هەموو ئەو گرفتانە ئەوەی جێی داخە ئەوەیە كە كاری سیاسەتی تەندروستی كاری ڕۆژنامەنووس و دەزگایەكی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنكار و پزیشكێك نییە، بەڵكو ئەم جۆرە كارە دەبێ لە ڕێگەی كەسانی شارەزا و لێكۆڵێنەوە زانكۆییەكان ئەنجام بدرێت و كەسانی شارەزای بەڕێوەبردنیش بە دیدگای جۆراوجۆری كۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و.. سیاسەتی سەلامەت و ساغڵەمی بەڕێ بكەن و ناكرێ كاری سیاسەتی تەندروستی بە پزیشك و ئەندازیار و ڕاگەیاندنكار بسپێردرێت.. بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا ئەم جۆرە بەرنامانەش دەتوانن كاریگەر بن و كەلێنێك پڕبكەنەوە و بەڕاستی جێی دەست خۆشین. لێرەدا ئەوەی زیاتر دڵخۆشكەرە ئەوەیە كە نیشان درا حكوومەت بە گشتی و پایەبەرزی سەرەك وەزیریش بە تایبەتی زۆر دڵسۆزانە و پێشمەرگانە بۆ چارەسەری ئەم پرسە هاتۆتە مەیدان و سەلماندی كە حكوومەتێكی خەڵكمەداری بۆ كابینەكانی داهاتووی حكوومەتی كوردستان مەبەستە. لێرەدا ئەوەش دەردەكەوێ كە حكوومەتی خۆماڵی خۆشیەكی هەیە ئەویش ئەوەیە كە دەردی خەڵك لە لایەن سەرانی حكوومەتی خۆماڵی زۆرتر هەستپێكراوە و دڵسۆزانەتر كاری بۆدەكرێت. لەگەڵ ئەوەی هیوادارم لە كوردستان سیاسەتێكی باشی ساغڵەمی بەشێوەیەكی زانستی بناغەڕێژ بكرێت و ئەخلاقی پزیشكی زیاتر بڵاوبكرێتەوە و ڕوحیەتی پێشمەرگایەتی بڕژێتە ناو بیری پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی، هیوادارم هەنگاو و بڕیارەكانی پایەبەرزی سەرۆك وەزیریش بە ڕێككردنی یاسای گونجاو بە مەیدانی بكرێن و ئاسایشی دەرمان بۆ خەڵكی بگەڕێتەوە و كەرتی تەندروستی ببێتە خاوەن بنەمانامە و سیاسەتی ژێرخانی دیاریكراوی وەك پێشكەش كردنی خزمەتی فێركاری و لێكۆڵینەوەیی و تەندروستی، وشیاركردنەوەی خەڵكی لە مافە تەندروستیەكانیان، بڵاوكردنەوەی ڕۆشەنبیری پێشگرتن لە نەخۆشی بە شێوەیەكی زانستی، كەمكردنەوەی هۆكارەكانی دروستبوونی نەخۆشی، بەرزكردنەوەی هۆكارەكانی ساغی، گرینگیدان بەئاسایشی خۆراك و خواردنەوە و وەرزش، گرینگیدانی سەلامەتی دەروونی و.. هتد. هەر لەم سۆنگەوە هاوتەریب لەگەڵ بڕیارەكانی ڕێزدار سەرۆك وەزیران چەند ئارەزوویەك بوونەتە دڵنووسی ئەم بابەتە، پێم خۆش بوو، ئارەزووەكانم لێرەش وێرد بكەمەوە، چونكە دڵنیام ئارەزووی زۆر كەسی تریشە. هیوادارم ڕۆژێك دابێت كە گەندەڵی لە كەرتی تەندروستی باری لێبنێ و بڕوا و گەندەڵی كەرتی تەندروستیش دەرمان بكرێت، یاسای تەندروستی و ساغڵەمی بۆ بەرگری كردن لە نەخۆش و هاووڵاتیان و مافی پزیشك و پەرستاران بەهێز بكرێت، ئەخلاقی پێشمەرگایەتی ببێتە گوتاری كەرتی تەندروستی و بازرگانانی دەرد و كفن پیشەیەكی مرۆڤانەتر هەڵبژێرن، بەڕێوەبردنی كەرتی تەندروستی بە پزیشكان نەسپێردرێت، لە نێوان هەرچەند كیلۆمەترێك ئۆرژانسی نێوان ڕێگا دابنرێت و ئامبۆڵانسی زەمینی و هەوایی خۆی هەبێت، گەڕەكەكان ئامبۆڵانسی تەلەفۆنی بەخۆڕاییان هەبێت، نەخۆشخانە و خزمەتگوزاری تایبەت بە پێشمەرگە، قوتابی، مامۆستا، خانەوادەی شەهیدان و پەككەوتەكان بكرێتەوە، بیمەی تەندروستی دابنرێت و مامۆستا، قوتابی، پێشمەرگە و بنەماڵەی شەهیدان بیمەی تایبەتییان هەبێت بۆ ئەوەی خەڵك جگە لە ئازاری جەستە ئازاری بێ پارەییش نەچێژن، پێدانی قەرزی نەخۆش ببێتە ئەركی دەوڵەت، یەكسانی لە خزمەتگوزاریدا هەبێت و پێویست نەكات هیچ كەس بۆ نەخۆشی بنێردرێتە شارێكی تر، ناردنی نەخۆش بۆ دەرەوەی وڵات ئاسان و بە پەلە بكرێت، لە گوندەكان زیاتر گرینگی بدرێتە واری تەندروستی و هەموو گوندەكان ئۆرژانس و ئامبۆڵانسی خۆیان هەبیت، گرینگی بدرێتەپزیشكی خانەوادە و كارێك بكرێت تاكو پزیشكیش بچێتە لای نەخۆش، فەرهەنگی خۆپاراستن و دابینكردنی كەرەستەی پێویست بۆ ئەوكەسانەی كە پیشەی مەترسیدارییان هەیە لە بەرچاو بگیرێت، بیر لەتوریسمی تەندروستی بكرێتەوە و كەرتی تەندروستی ببێتە مایەی زۆربوونی داهاتی نیشتیمانی، لە هەموو ڕوویەك باشوری كوردستان ببێتە ئومولقوڕای كوردستانی گەورە و بە تایبەتی ببێتە ناوەندی دەهاوارهاتنی خەڵكی هەژاری كورد لە پارچەكانی تر، خزمەتگوزاری تەندروستی بكرێتە كولتووری خەڵكی بەداهات و خێرخواز، فەرهەنگی خواردن و خواردنەوەو بەكارهێنانی خواردنی سروشتی بڵاو بكرێتەوە، چاودێری لە سەر خواردن و خواردەمەنی هاوردە زۆر زیاتر بكرێت، خۆمان ببینە بەرهەمهێنەری گەلێ دەرمان، گرینگی بدرێتە گژ و گیا و پزیشكی كوردەواری بەشێوەیەكی زانستی و بەڕۆژكراو، گرینگی بدرێتە پەرتوكی زانستی زانكۆیی و وەرگێڕانی پەرتوكی زانستی زیاتر بكرێت، ناوەندی زانستی سیاسەتی سەلامەت و دەرمان دابمەزرێت، گرینگی بدرێتە E-Health و خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بۆ بەرزكردنەوەی سەلامەت و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری كەمكردنەوەی ڕۆتینی كاری ئیداری و كەمكردنەوەی تێچوو، پەیوەندی زانستی و خزمەتگوزاری لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتوو بەهێزبكرێت، كەرتی تەندروستی بە پێی شیاو بوون و پێویستی ساڵانە قوتابی ڕەوانەی دەرەوە بكات، سیستەمی خوێندنی ئامادەیی بگۆڕدرێت و قوتابیانی ئارەزوومەند بەشە جۆراوجۆرەكانیان هەڵبژیرن بۆ ئەوەی زەمینەی بە هێزكردنی زانكۆی پزیشكی زووتر لەبار بكرێت، لە قوتابخانەو زانكۆ و شوێنە وەرزشییەكان دەورەی دەهاناوەچوونی سەرەتایی و دەورەی هاوكاری بریندارانی رووداوە لە ناكاوەكان بكرێتەوە، پێداچوونەوە بۆ شێوازی وەرگرتنی قوتابیان لە بەشەكانی پزیشكی بكرێتەوە و چیتر كۆنمرەی دواناوەندی بە تەنیا نەبێتە پێوەری ناردنی قوتابیان بۆ بەشی پزیشكی.. لە كۆتاییدا دەڵێم هیوادارم چارەسەركردنی گرێ و گۆڵی كەرتی تەندروستی بە سیاسەتی باش و بە ئامرازی یاسا بە تۆكمەیی دابنرێت و پێویستی بە ڕەنجە ڕەنجورەكان نەبێ، چونكە كاری من و ئەو وپزیشك نییە و دەیان ئارەزووی تر.. ئارەزووش بۆ گەنجان شوورەیی نیە.









