ساسان دەروێش- هۆڵەندا
نوێنەرایەتی ئەورووپایی پاك لە شاری ئاڕنهیم لە هۆڵەندا دیدارێكی بۆ رەوەندی كورد و حوسێن یەزدانپەنا سەرۆك و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی ئازادیی كوردستان رێكخست، بەئامادەبونی د. دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەوروپا، ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسایەتیی سیاسی و رۆشنبیران و نوێنەرانی پارتە كوردستانییەكان كە تێیدا ساهرە مەلا نوێنەری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان ئۆفیسی ئەورووپا و شاندێكی لیژنەی ناوچەی هۆڵەندای پارتی دیموكراتی كوردستان عەلی هروری كارگێڕی ناوچە و فەلاح رەشید بەرپرسی ڕێكخراوی هەمان شار تاجەگوڵینەیەكی رێزلێنانیان پێشكەش كرد، لە دوای بەخێرهاتن لە لایەن چیمەن نەقشبەندی پێشكەشكاری رێوڕەسمەكە بە مارشی نەتەوەیی ئەی رەقیب و یەك خولەك بێدەنگی بۆ گیانی بەرزەفڕی شەهیدانی كوردستانی گەورە دەستیپێكرد، پاشان ژەنەڕاڵ حوسێن یەزدانپەنا بابەتێكی لەژێر ناونیشانی كوردستان لە بەرەبەری گۆڕانكارییەكی دیكەداپێشكەش كرد، سەرۆكی پاك بە ئاوڕدانەوەیەك لە رووداوە گەورەكانی یەك سەدەی پێشوو گوتی: هەر كاتێك جەنگ یان قەیرانێكی گەورە لەم ناوچەیە رووی دابێت دەرفەتگەلێك بۆ كورد هەڵكەوتوون كە ئەگەر كورد ئامادەیی سیاسی و سەربازی هەبووبێت توانیویەتی هەناسەیەك بدات و دەستكەوتێك بە دەست بێنێت دواتر وەك رۆژنامەی خەبات چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی حوسێن یەزدانپەنا كرد و بەمجۆرە وەڵامی دایەوە.\
❊ كۆڕەكەتان لەنێو رەوەندی كورد لە هۆڵەندا چەند تەوەری لە خۆگرت؟
-خۆی لە راستیدا ئامانجی من زیاتر دیدار بوو لەگەڵ ئەو خۆشەویستانەی ئامادەبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێكەوە گفتوگۆیەكمان كرد و تەوەرەكانی ئەو گفتوگۆیەش بریتی بوون لە لێكدانەوەیەكی بارودۆخی گشتیی كوردستان و ناوچەكە، پرسی رووداوەكانی ریفراندۆم هەروەها رووداوەكانی پاش ریفراندۆم و هەروەها سیاسەت و ستراتیژی نوێی ئەمەریكا لەسەر ئێران و تەوەرێكی تریش بریتی بوو لەوەی كە ئەو ئەرك و واجیبانەی دەكەونە سەر هێزە سیاسییە كوردستانییەكان لە هەر پارچەیەك بە تەنیا و سەرجەم پارچەكانی كوردستان.
❊ ئایا پاك پەیوەندی نێودەوڵەتی چۆنە بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا؟
- لە ژمارەیەكی بەرچاو لە وڵاتەكاندا ئێمە نوێنەرایەتی و رێكخستنمان هەیە و پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ حیزبەكانیان، بەڵام وەكو حكوومەت و دەوڵەت، جەنابت دەزانیت ئەوان تەعامل لەگەڵ حكوومەت دەكەن، بەڵام پەیوەندییەكانی ئێمە زیاتر لە چوارچێوەی پەرلەمان و حزبە سیاسییەكانی وڵاتە ئەورووپییەكان دایە، ئێمە تێدەكۆشین ئەو پەیوەندیانە زیاتر گەشە بكەن، لەبەر ئەوەی ئەو هەلومەرجە تازەیەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر ئێران هاتووەتە گۆڕێ پێویست دەكات پەیوەندییەكان زیاتر گەشە پێ بدەین.
❊ لەو پەیوەندییەی كە باستان لێوەكرد تا چەند سوودمەندبوون لە دەستكەوتی چەك و هاوكاری كە ئێوە بەشداربوون لە جەنگی دژی تیرۆر لە باشووری كوردستان؟
-لە راستیدا ئێمە پەیوەندییەكانمان بناغە و كاكڵەی پەیوەندییەكانمان بۆ راكێشانی پشتیوانی سیاسییە لە كورد بۆ ئەو شتەی كە كورد خۆی دەیەوێت.
❊ لە شەڕی داعشدا پاك رۆڵی بەرچاوی هەبوو، شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، پێتانوایە پاك چەند كاریگەری هەبووە بۆ بەدەستخستنی سیقەی جەماوەری لە ئێستادا لە رۆژهەڵات و پارچەكانی تری كوردستان؟
- بەشداریمان لە شەڕی داعشدا و ئەو رۆڵەی بینیمان، بە مەبەستی وەدەستهێنانی قازانج و سوود نەبوو، بەر لە هەموو شتێك وەك ئەركێك ئێمە چوینە ئەو شەڕەوە، ئێستا ئەو شەڕە بە كردەوە لە رەهدندی گەورەدا كۆتایی پێهاتووە، ئێمە هەست سەربەرزی و شانازی دەكەین كە دەورمان تیادا گێڕا، بەڵام هاوكات ئەوەش دەزانین ئاكامی ئەو ڕۆڵگێڕانەی پاك لە شەڕی داعشدا لە نێو جەماوەری رۆژهەڵاتی كوردستاندا لە نێو جەماوەری خەڵكی كوردستاندا و لە هەموو پارچەكانیدا بە روونی دەیبیننەوە كە پاك توانیویەتی لە ئاكامی ئەو فیداكاری و گیانبازی و ئەو رۆڵەی كە هەی بوو ببێتە جێگای رێزی رۆڵەكانی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان.
❊ لە كۆی ئەو هەموو پارتە كوردستانییانەی هەن لە پارچەكان بۆ پاك تاكلایەنە بەشداری شەڕی تیرۆریستانی كرد لە باشوور؟
- لە ڕاستیدا ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ بناما فیكرییەكانی سیاسەتی پاك، لەو ڕۆژەوە كە خەڵكی باشوور دژی دەستەڵاتی بەعس راپەڕین، پاك خۆی بە پشتیوان و پاڵپشتیی ئەوان و دەستكەوتەكانیان زانی، لەو رۆژەوە كە حكوومەتی كوردستان دروست بوو، ئێمە خۆمان بە پاڵپشتیی داناوە و پاڵپشتیمان لێكرد و هەمیشە گەشبین بووین بۆی، هەمیشەش پێمان وابوو مانەوەی ئەو قەوارە سیاسییە دەبێتە خۆرێكی پڕشنگدار بۆ پارچەكانی تری كوردستان، لەبەر ئەوە یەكێك لە ئەركەكانی ئێمە پشتیوانی بووە لەم كیانە و لەم حكوومەت، ئەمە لە لایەك و لە لایەكی تریشەوە ئێمە لە2012 وە پێشبینی روودانی شەڕێكمان دەكرد لە نێوان بەغدا و هەولێر، بە هۆی ئەوەی عێراق هەڕەشەی لە كوردستان دەكرد، هێزی لە دژی كۆدەكردەوە و فەرماندەی لە دژی دروست دەكرد، بۆیە لەو كاتەوە دەستمان كرد بە خۆحازركردنی سەربازی و وەختێك لە2014 داعش سەریهەڵدا لە 3/8دا تاوانی جینۆسایدی شنگالیان خوڵقاند، ئێمە هەموو ئامادەكی دەروونی و ئینسانیمان هەبوو بۆ ئەوەی بچینە نێو ئەو شەڕەوە، ئەوەبوو لە 8/5 داچووینە نێو شەڕەكەوە و سەرەڕای زۆر كەند و كۆسپ لە مانەوەی ئێمە لە شەڕدا دروست بوو، بەڵام بەردەوامیمان بە مانەوەی خۆماندا تا ماوەیەكی كورت دوای ئەو دۆخە، ئێمە بووینە زەروورەتێكی بەرەكانی شەڕ، ئینجا بەرپرسەكانی میحوەرەكان و بڕیاردەرەكانی سیاسی و سەربازی لە كوردستان بەرامبەر هەموو ئەو گوشارانەی بۆ دەركردنی ئێمە لە بەرەكانی شەڕ لە لایەن ئێرانەوە دەهات، خۆیان ڕاگرت و قبووڵیان نەكرد، بۆیە بەو شێوەیە ئیمە ماینەوە، رەنگە لایەنەكانی تر بەشێوەیەكی تر روانیبێتیانە ئەو بارودۆخە، بۆیە بەداخەوە نەیانتوانی لەگەڵ كەند و كۆسپەكان و لە مپەڕەكانی بەشداری لە شەڕدا دەستوپەنجە نەرم بكەن.
❊ رات چییە بە دروستبوونی كۆمیتەیەكی هاوبەش كە تەعبیر لە ڕای هەموو پارتە كوردستانییەكان بكات و لەم قۆناغەشدا لە ململانێی ئەمەریكا و ئێراندا ئێوە لە كوێی هاوكێشەكەدا دەبن؟ -ئەو كۆمیتەییەی كە دەفەرمووی، ئەگەر مەبەست هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان بێت بۆ پەیوەندی نێودەوڵەتی و بۆ كاری هاوبەش و بۆ تەنسیق، ئەوە شتێكە تەقریبەن كە كورد زۆر نزیك بووە لێی لەو كۆبوونەوانەی بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان درا، ئێستا ئەو هەلومەرجە بە بۆچوونی من جارێكی تر دەخوازێت ئێمە بگەڕێینەوە سەر ئەو تێكۆشانە، ئەو تێكۆشانە بكرێ، ئەگەر بە هەمان ناویش نەبێ، بەڵام بە مەبەستی هەمانكردن و ڕێكخستنی پەیوەندییەكان و پێناسەكردنی ئەرك و مافەكانی لەسەر یەكتر و نەهێشتنی ناكۆكییەكان و تا دێ هێمن كردنەوەی دۆخەكان شتێكی وا زۆر پێویستە تەجروبەیەكی پێشوو لە گۆڕێدایە، دەكرێ بە سەرنجدان بەو تەجروبەی پێشوو دەورێكی دیكە لە یەك نزیكبوونەوە و كاری هاوبەش و كۆبوونەوە لە دەوری مێزێك دەست پێبكرێتەوە، بە نیسبەت ئێمە وەك كوردی رۆژهەڵات لە كوێی هاوكێشەكە داین، هەتا ئێستا تۆ بڵێیت ئێمە توانیبێتمان رێكوپێك و بە پلانێكی دیاریكراوەوە خۆ لەو هاوكێشەیەدا ببینینەوە، تا ئێستا ئەوە نەبووە و ئەوە یەكێكە لە كەموكوڕییەكان، بەڵام قەناعەتم وایە ئەو حاڵەتە بەو شێوەیە نامێنێتەوە لە كاتی گونجاودا لەگەل بەرەوپێشچوونی پرۆسەكە ئەم بۆشاییە پڕ دەبێتەوە.
❊ هاوكات پێت وانییە لە ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە و سەرخستنی بۆشاییەك هەیە لە بوونی سیمبولێك یاخود سەرۆكێكی نەتەوەیی؟
- لە راستیدا سەرۆك هەڵدەكەوێ، هەڵنابژێردرێ، من پێم وایە ئێستا كورد بێ سەرۆك نییە، من پێشتریش ڕاگەیاندووە من كاك مەسعود بە سیمبولی ناسیۆنالیزمی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینم و بە سەركردە و ڕێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردی دەبینم و بە دەرفەتیشی دەبینم بۆ هەموو لایەك بێ ئەوەی كە ئەو پێگە و ڕۆڵە، خەڵكی تر بشارێتەوە یا پێش بە خەڵكیتر بگرێ، هەر كام لە سەركردەكان و ڕێبەرەكان لە جێی خۆیدا هەن و دەجوڵێن، بەڵام كۆیی تێكڕا ئەوانە دەكرێ لە كەسایەتی جەنابی كاك مەسعودا ببینرێتەوە، ئێمە بەشبەحاڵی خۆمان پشتیوانیمان لێكردووە لەو ڕۆڵەی لەو تێكۆشانە لێبڕاوانەی گەیشتە ئاستی ریفراندۆم و دەستپێكی قۆناغی رزگاری یەكجاریی كورد و بە دەوڵەتكردنی، بەڵێ هەمیشە ئەوە پێویستە ئەو مەرجەعیەتییە و ئەو سەنتڕاڵە هەبێت و بە بوونی ئەوە باری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد زۆر ئاسان دەبێت.
❊ پێویست بوو ریفراندۆم هۆكارێك بووایە بۆ یەكگرتن و دروستبوونی یەكگوتاری، بەڵام دوای 16ی ئۆكتۆبەر ناكۆكییەكی گەورە كەوتە نێو ریزی حزبەكان، ئەمە چۆن دەبینیت؟
- من پێش ریفراندۆم لەو دیمانانەی بەشداریم دەكرد، جارێك پرسیاری ئەوە كرا كە چۆن ماڵی كورد ڕێك دەخرێتەوە و دەبێتە یەكگوتار، وەڵامەكەی من ئەودەم ئەوەبوو كە كورد یەكگوتارە وەك نەتەوە و تاكەكانی كۆمەڵگا، بەڵكو ئەوە حزبە سیاسییەكانن كە لەبەر بەرژەوەندییە سیاسییەكان ناكۆكن و ناتەبان، ئێستاش ئەوەتان عەرز دەكەمەوە كوردی باشوور بە دەنگدانی نزیكەی %94 دەنگدەران بە سەربەخۆیی كوردستان، نیشانیدا هەڵگری چ ئایدیا و چ گوتارێكە بە بەرچاوی هەموو دنیاوە بە دانپینانی ئەوانەی لە كوردستان بوون لەو كاتەدا بۆیە ئەوەندەی بۆ ئاستی خەڵك دەگەڕێتەوە خەڵك ناتەبانیە، كێشەكان لە بەرژەوەندییە تایبەتەكانی حزبەكانەوە دەستپێدەكات، من پێم وایە ریفراندۆم یەكێكە لەو بڕگە مێژووییانەی میللەتی كوردی یەكخست جا ئەگەر لە باشوور بەشداریەكە ماددی بوو، هەر كەسە چوو دەنگی خۆیدا، پارچەكانی تری كوردستان پشتگیریان لێكرد، كەواتە تەنها بۆ باشوور نەبوو، ڕاستە بەشێوەی ماددی باشوور بوو، بەشێوە مەعنەوەییەكە پارچەكانی تری كوردستان لەو هەڵگرتنەوە و ئەو هەنگاوە لەگەڵ بوون، مەسەلەی16 ئۆكتۆبەر و داگیركارانی كەركووك شتێكی دیكە بوو، لە ڕاستیدا ئەوان زیانیان لە یەكگرتوویی كورد دا كە ریفڕاندۆم كوردی یەكگرتوو كرد، بەڵام ئەو گرووپەی 16ی ئۆكتۆبەری خوڵقاند یان بوو بە هەوێنی ناوخۆیی و چاوساغی، ئەوە زیانی گەورەی هەم لە ریفراندۆمدا هەم لە ئاكامەكەی و لە یەكگرتوویی كوردستانیشدا كە دیارە بە خۆشییەوە زۆری نەخایاند، من دوای شەڕی پردێ گوتم 16ی ئۆكتۆبەر تەمەنی یەك ساڵ عومر دەكات، دواتر بارودۆخەكە گۆڕا و بەغدا خۆی ناچار بوو بەربەستەكان هەڵگرێ و ئێستاش ئێمە لەنێو پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی 16ی ئۆكتۆبەرداین، بێجگە لەو گۆڕانكاریانەی بەڕێوەن لە ناوچەكەدا، وادەكات كە كورد بەری ریفراندۆمی خۆی هەڵبگرێتەوە، نەك ئێستا پردێ ببێتە سنووری دەستەڵاتی عێراق و كوردستان، بەڵكو دەچێتەوە حەمرین.
❊ لەگەڵ ئەو گەشبینیەی كە گوێبیستی جەنابت بووم، بەڵام هەندێ لایەن دەڵێن ریفراندۆمە شكستخواردووەكە كە ئەمە لە كاتێكدایە زۆرینەی خەڵكی كوردستان دەنگیان پێدا، ئایا شكستەكە لە كوێدایە؟
-من پێم وایە ئەو باسە تێكەڵكردنە و نە شازە، شتێكمان بەنێو ریفراندۆمی شكستخواردوو نییە، مادام تۆ توانیوتە هەلومەرجێك بۆ تاكەكانی میللەتەكەت بخوڵقێنیت كە بڕوات لە ڕیفراندۆمدا دەنگبدات، ئەوە سەركەوتنە، چاو لە پارچەكانی تر بكە كە ئەوانەی لە تەمەنی خۆیدا بە یاسای خۆی گەیشتووە ناتوانن دەنگ بە چارەنووسی خۆیان بدەن لەبەر ئەوەی داگیركراون، بەڵام لە پارچەیەكی كوردستان سەركردایەتیی سیاسی ئەو پارچەیە وڵاتەكەی بگەیەنێتە ئاستێك كە بچێت ئەم پرۆسە دیموكراتییە بەڕیوەبەرێت ئەمە بۆ خۆی سەركەوتنە، ئەمە یەك، دووهەم لەبەر ئەوەی گوتار و ئامانجی زۆربەی خەڵكی كوردستانی تیا دەركەوت، سێهەم دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان درا، ئەمەش سەركەوتنێكی تر بوو، بۆیە ریفراندۆم وەك بەڵگەیەكی مێژوویی لە یاسای نێودەوڵەتی جێگای خۆی گرت، ئەوەندەی بۆ ئەو قسانە دەگەڕێتەوە لە پاش ڕیفراندۆم بووە، لە پرسی داگیركردنی كەركووك، پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە نییە، خۆ لە2012 مالیكی فەرماندەی دیجلەی دروست كرد بۆ داگیركردنی كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان، خۆ ریفراندۆم نەكرابوو، بەپێجەوانەوە داگیركردنی كەركووك پیلانێك بوو لە2015 وە ئێران و عێراق پلانیان بۆ دارشتبوو بۆ ئەوەی رێگای وشكانی لە ئێرانەوە بۆ سووریا و لوبنان ببەن، ئەوە كاری بۆ دەكرا لە2015 بۆیە ریفراندۆم وەك رۆژێكی پرشنگدار هەنگاوێكی گەورەیە لە مێژووی نەتەوەیی كورددا دەمێنێتەوە و ئاكام و بەریی هەڵگیراوە لە كاتی خۆیدا گوڵ دەكات.
❊ پاساوی شەڕنەكردن لە كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەر ئەوەبوو پێشمەرگە شەری پێناكرێ لە كاتێكدا چوار رۆژ دواتر بەرگرییەكی بێوێنە لە پردێ و شوێنەكانی تر كرا كە خۆشتان بەشداربوون لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟
- لە كەركووك گرووپێك بوونە چاوساغ و هەوێنی ئەو رووداوە وا رێككەوتن كەركووك رادەست بكرێت، لەوێ شەڕ نەكرا، لە ئاكامی ئەو هاودەستییە دەروازەی كەركووك كرایەوە بۆ دوژمن، لەمپەر و سەنگەرەكان لادران و دوژمن بێتە نێو شارەوە كە ئەوە روویدا، دوو ئاكامی هەبوو یەك دابڕانی هێزەكانی پێشمەرگە وەك ئەڵقەیەكی زنجیرە پەیوەندیان پێكەوە هەبوو كە كاریگەری كردە سەر هەموو سەنگەرەكان لە حاڵەتە سیاسییەكەی نیگەرانی هەبوو لەو حاڵەتدا ئەگەر پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناو كەركووك شەڕی ناوخۆ دروست ببێت، بۆیە ئاقڵانەترین حاڵەت ئەوەبوو لە كوێ دەكرێ هێڵی بەرگری دانرێت لەوێشەوە بەبێ هیچ دوودڵی بڕیاری بەرەنگاربوونەوە درا، هەر بۆیە ئەو هێرشە چەند هەزار نەفەریە بەو هەموو چەكە قورس و پێشكەوتووەوە سوپای سێ دەوڵەتی شكێنرا بەدەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
❊ بە بڕوای جەنابتان گەر شەڕی پردێ و سحیلا نەبووایەن ئێستا رەوشی هەرێمی كوردستان چۆن دەبوو؟
- ئێستا لە هەولێر دوژمنەكانی ئێمە حوكمیان دەكرد، ئەوەی بەسەر خورماتوو و شارەكان هات لە داگیركردن و كوشتن، ئەوەش بە خراپتر بەسەر هەولێر و تەواوی شارەكاندا دەهات، قەوارەیەكی سیاسی بە ناوی هەرێمی كوردستان نەدەما، لەوەش گەورەتر دەیان ویست كۆتایی بە بزاڤی كورد بهێنن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
❊ رۆڵی سەرۆك بارزانی لە چوار ساڵی رابردووی جەنگی تیرۆریستان وەك سەركردەیەكی مەیدانی و پێشمەرگە چۆن دەبینیت كە شانبەشانی پێشمەرگە لە سەنگەردابوون؟
- جەنابی سەرۆك بارزانی هاوكات لەگەڵ ئەوەی فەرماندەی گشتی هێزەكان بوو، فەرماندەی ئەو شەڕە گەورەی دەكرد، تەوەرێكیش بوو بۆ ئەوەی پێشمەرگە بە دەورییەوە شەڕ بكات، بە بوونی ئەو پێشمەرگە پێشمەرگە بوو، دابەشبوون نەبوو، بوونی ئەو یەكێتی لە ریزەكانی پێشمەرگە هەبێت بەجیاوازی ئینتیمایی سیاسی و پێش 16ی ئۆكتۆبەر پێشمەرگە هیچ حزبایەتی نەكرد.









