ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی ١١ی ٢٠١٨ و لە مەراسیمێکی تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی کە لە هەولێر بەڕێوە چوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان کرد بۆ ئەو دەستکەوتانەی لە ماوەی تەمەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەدی هاتوون. ڕوونیشی کردەوە کە ئەگەر ئەو دەستکەوتانە لەگەڵ توندوتیژییەکان بەراورد بکرێن، ئەوا دەبینن پێشکەوتنی گەورە بەدی هاتوون.
نێچیرڤان بارزانی ڕای گەیاند کە ئەرکی سەرشانی ژنانی چالاکوانە، چاوپۆشی لە هیچ توندوتیژییەک نەکەن. هەروەها داوای لە میدیاکان کرد، کاراتر هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و ئاشکراکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی بخەنە گەڕ و لەمبارەیەوە هیچ سستییەک نەنوێنن. داواشی لە مامۆستایانی ئایینی و وتاربێژی مزگەوتەکان کرد، بە گیانێکی سەردەمییانە لە بابەتی ئافرەتان و توندوتیژی بڕوانن و ڕای گەیاند، حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان بە تەنها ناتوانن ئەو کارە بکەن، ئەگەر لەلایەن ژنان خۆیانەوە پاڵەپەستۆیەک نەبێت. گوتیشی: ”ئێمە هەموو نەرمییەکمان تێدایە تاوەکوو لەژێر فشاری ئەواندا هەنگاوی پێویست لەپێناو بەرژەوەندیی یەکسانیی نێر و مێدا بەدی بهێنین“
دەقی وتارهكهی نێچیرڤان بارزانی لە رێوڕەسمی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان
بەڕێزان…
ئێمە پێویستیمان بە پاڵەپەستۆی ژنانە، بۆ ئەوەی بتوانین لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیدا هەنگاو بنێین، پرسی ئافرەت یان تووندوتیژی پرسی کولتوورێکی کەڵەکەبووی سەدان ساڵە، حکومەت و پەرلەمانی کوردستان ناتوانن بە تەنها ئەوکارە بکەن ئەگەر لەلایەن ژنان خۆیانەوە پاڵەپەستۆیەک نەبێت، ئێمە هەموو نەرمییەکمان تێدایە بۆ ئەوەی لەژێر ئەو فشارەی ئەواندا هەنگاوی پێویست لەپێناو بەرژەوەندی یەکسانی نێرو مێدا بەدیبهێنن، لە ساڵەکانی دوو هەزاریشەوە کۆمەڵێک پرۆژەمان خستە بەردەم پەرلەمان و ئەوانیش یاسای پێویستیان بۆ پاڵپشتی لە مافی ئافرەتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دەرکرد، کە ئێستا دامودەزگای تایبەت بە خۆیان هەیە، کە بەدواداچوون دەکات، جگە لەوە چیمان لەدەستهاتبێت بۆ پشتیوانی لە رێکراوەکانی ژنان و ئافرەتان کردوومانە، هێڵی گەرمی 119ی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان بە هاوکاری UNFPA لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستە، سەنتەرەکانی راوێژی خێزانی بە هاوکاری ئاژانسەکانی UN کراونەتەوە، لەڕووی یاسایی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە راوێژ و رێنمایی پێشکەش دەکەن.
هەر بەو بۆنەیەوە سوپاسی یان کۆبیش، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکەم کە ئەمڕۆ لەو مەراسیمەدا بەشدارە لەگەڵ ئێمە، بێشک بەشداربوونی بەڕێزیان نیشانەی پشتیوانی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی لیژنەی خانمانە کە بەو ئەرکە هەڵدەستن.
هەروەها ئێمە هانی راگەیاندنمانداوە کە چاوپۆشی لە پرسی تووندوتیژی نەکەن و هەموو رووداوێکی نەرێنی و ناشرین بخەنە بەردەم رای گشتی، ئێمە لە هەرێمی کوردستان رێگەمان خۆشکردووە بۆ ئەوەی رەگەزی مێ لە هەموو بوارە گشتییەکانی کارگێڕی و کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بێتە پێشەوە و رۆڵی خۆی ببینێت، وەک خۆتان دەبینن ئەم بەشدارییەی ژنان لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگا و شارەوانییەکاندا روون و بەرچاون.
سیاسەتی هەرێمی کوردستان چ وەک حکومەت و چ وەک لایەنەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگەی کوردستان رۆڵێکی زێدە گرنگی گێڕاوە لەوەدا ئافرەتانی کوردستان چالاکتر و ئازاتر بکەونە بەرچاو، بە تایبەتی لە هەردوو بواری خوێندن و کارکردندا، ئەمڕۆ لە کاری دامەزراوەکانی حکومەتدا هیچ جیاوازییەک لەنێوان نێر و مێدا نییە، زۆرجار گوێمان لە هەندێک گلەیی دەبێت کە دەڵێن یاسا و رێنماییەکانی حکومەت بۆ پاراستنی مافی ئافرەتان بەپێی پێویست جێبەجێ ناکرێت، دەمەوێت باسی ئەو رەخنانەتان بۆ بکەم و نموونەیەکتان بۆ بهێنمەوە، ئەگەر کۆمەڵگەی کوردستان هێشتا ژن لە دەرەوەی دادگا مارە بکات کە باوک و برا و خزم و کەس ئەوکارە دەکەن، هەروەها مامۆستای ئایینی مارە بڕینەکە جێبەجێ دەکات یان هەندێک جاریش ئەوانەی فرەژنی دەکەن خۆیان کەسانی خوێندەوار و رۆشنبیرن، یان کادری راگەیاندنن یان مامۆستا بن، پرسیارەکە ئەوەیە یاسا لەو مەسەلەیەدا چی بکات و چۆن ئەو هەموو خەڵکە سزا بدات.
وەک دەبینن ئەمە کێشەیەکی ئاڵۆزە و کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکو کۆمەڵگا خۆی بگۆڕێت نەک ئێمە بێین و هەموو شتێک بە زەبری یاسا و سزادان بگۆڕین، هەرچەندە یاسا و رێنماییەکانی حکومەت بە پێچەوانەی رەخنەکانی کە دەگیرێت سەرکەوتنی باشیان بەدیهێناوەو پشتی ئافرەتانیان زۆر بەهێز گرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەزانین و تێدەگەین کە رێگەیەکی دوورودرێژمان ماوە کە دەبێت لەسەری بەردەوامبین.
بەڕێزان…
کێشەی کولتوور تەنیا لە رێگەی پەروەردەی قوتابخانەوە دەگۆڕدرێت، بە جۆرێک پڕۆگرامەکانی خوێندن بە شێوەیەک بن کە یەکسانی تێدا رەنگبداتەوە، هەرەوەها رۆشنبیری و پەروەردەی مامۆستایان گۆڕانیان بەسەردابێت، ئێمە رەنگە بتوانین لە رێگەی یاسا و سزاوە بەشێک لە کۆمەڵگە بگۆڕین، بەڵام گۆڕینی سەرەکی تەنها بە دروستکردنی بیرکردنەوەیەکی تازە لای پەروەردەی منداڵان و نەوەکانەوە جێبەجێ دەبێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیدا بە راددەیەکی باش یاسای دەرکردووە و دامودەزگای تایبەتی داناوە بۆ لێپێچینەوە لەو کارانەی کە روودەدەن، دادگاکان و دامودەزگاکانی پۆلیس ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ دەکەن، بەڵام با ئەوەش روون بێت کە پرسی یەکسانی تەواو لە دوو رەگەزدا کێشەیەکی گشتییە لە زۆر لە وڵاتانی جیهان، نەک تەنها کێشەیەکی تایبەت بە کۆمەڵگەی ئێمە بێت، با کچان و ژنان و ئافرەتانی کوردستان لە راگەیاندندا دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە، با لە ئاست هەموو چەوسانەوەیەک و دیاردەیەکی دواکەوتوو ئەوان جموجۆڵ پیشان بدەن، با بزانن کەوا حکومەت ناتوانێت تەنها ئەوکارە بکات، پێشینان گوتوویانە چەپڵە بە یەک دەست لێنادرێت.
ئامادەبووانی بەڕێز…
خۆتان دەزانن تووندوتیژی زۆر شێوەی هەیە، کە هەر یەکەیان کاریگەری نەرێنی دروست دەکەن، هەموو ئەمانە پێویستیان بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە هەیە، پێش ئەوەی رووبەڕوویان ببینەوە، هەر بەو بۆنەیەوە داوا لە راگەیاندنی کوردستان دەکەم هێشتا کاراتر بن لە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی و تووندوتیژی جێندەری، پێیان دەڵێم ئەگەر لە هەموو مەسەلەیەکدا کەلێن و بوارێک هەبێت بۆ خاوی و سستی، دڵنیابن لەو مەسەلەیدا هیچ کەلەبەر و بوارێک نییە بۆ خاوی سستی یان بۆ خۆدزینەوە، ئێمە تاسەر ئێسقان لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی زوڵمداین.
داوا لە مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی و گوتاربێژی مزگەوتەکان دەکەم بە چاوی سەردەمیانە سەیری بارودۆخی ژیان بکەن، کۆمەڵگەی کوردستان سەدان ساڵ پێش ئێستا بە کۆمەڵگەیەکی رێزگرتن لە مافی ژن ناسراوە، گەڕیدە رۆژئاواییەکان لەسەدەی شانزەهەمەوە چەندین کتێبیان لەبارەی کوردستانەوە نووسیوە کە باسی ئازادی ژنانی کوردستان دەکەن، مامۆستای گەورەمان ئەحمەدی خانی لە شاکارە مەزنەکەیدا (مەم و زین) باسی ئەو ئازادییەی کردووەو گوتوویەتی من ئەو چیرۆکەم بۆیە نووسی تا خەڵکانی نەناس و بیانی نەڵین کچان و کوڕانی کورد ئازاد نەبوون لە یەکسانی و گۆڕینەوەی هەستی خۆشەویستیدا، ئەحمەدی خانی دەڵێ:
دا خـــەلق نــەبـێژتـن کو ئەکراد
بێ مەعرفـەتن بێ ئەصل و بنیاد
هەم ئەهلی نەزەر نــبێن کوکرمــــانج
عەشقی نەکرن ژبۆ خــوە ئارمان
هەروەها لەو سەردەمەدا شێخ عەبدولسەلام بارزانی زۆر رێنوێنی دەرکردووە بۆ نەهێشتنی چەوساندنەوەی ژن، لەوانە نەهێشتنی فرەژنی و رێزگرتن لە ویستی کچ لە کاتی شوکردندا، هەروەها مەسەلەی گەورە بە بچووک، کە بەداخەوە تاوەکو ئێستاش لە هەندێک شوێن لە کۆمەڵگای ئێمە هەیەو شتێکی هەتا بڵێی ناشرینیشە.
ئێمە نەوەی نوێی ئەو سەردەمە وەچەی بیر و هزری ئەو پیاوە گەورانەین و دەبێ بەدوای ئەوەدا بڕۆین نەک بیری دواکەوتوو لە شوێنانی دیکەوە بۆ وڵاتی خۆمان بهێنین و بیکەینە بەشێک لە ژیانی رۆژانەمان، ئێمە دەبێت درێژەپێدەری مێژووی خۆمان بین، پێشکەوتنەکانی دونیاش بۆخۆمان بقۆزینەوە، لەبەر ئەوەی پێشکەوتنەکانی دونیا دوای ئەزموونی تاڵی گەلان هاتووەو دەستکەوتی هاوبەشن لەنێوان مرۆڤایەتیدا، هیچ شەرم و لاساییکردنەوە نییە ئەگەر ئێمە ئەزموون لە پێشکەوتنی گەلانی دیکە لە دونیادا فێر ببین و جێبەجێیان بکەین، پێشکەوتنی تەکنیکی لەو سەردەمەدا شتێکی گەورەی پێچەوانە کردووەتەوە، کە دەبێت لێی ئاگاداربین، ئەویش ئەوەیە سەردەمی جاران کاتێک پیاوێک دەگەڕایەوە ماڵ ژن دەیپرسی دەنگوباسی دەرەوە چییە؟ بەڵام ئێستا پیاوان و ژنان وەک یەک بە بڕوای من ژنان زیاتریش لە پیاوان ئاگادارن، ئاگاداری هەموو دەنگوباسێکن، ئاگاداری هەموو وردەکارییەکیشن کە لەو کۆمەڵگەیە روودەدات، چونکە کاتیان زیاترە و بەردەوام سەیری سۆشیال میدیاش دەکەن و زیاتریش ئاگادارن.









