هونەرمەندی دەرهێنەر (سامی كاكە) دوای ئەزموونێكی گەورە لە بواری دەرهێنان و كورتە فیلمدا، ئێستا كۆتایی بە بەرهەمێكی نوێ هێناوە، كە تەواو جیاوازە لە كارەكانی پێشووتری، ئەو بەرهەمە نوێیەی هونەرمەند، بریتیە لە فیلمێكی ئەنیمەیشن بە ناونیشانی (خەرەند) و، بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێرە، لە سیناریۆی (پشتیوان عەبدوڵا)یە و، دەبێتە یەكەم فیلمی ئەنیمەیشن، كە لە هەولێر لە دایك بێت بەرهەمی ساڵی 2019ـی ئەو دەرهێنەرەیە.
(سامی كاكە)ـی دەرهێنەری فیلمەكە لە بارەی ناوەڕۆكی بەرهەمەكەیەوە دەڵێت: فیلمی (خەرەند)، یەكەم ئەزموونی منە لە دنیای ئەنیمەیشن دا، چیرۆكەكەی باس لە كۆچی ڕۆڵەی ئەو نیشتمانە دەكات، كە چ ئازارێك لە ڕێگای مەرگدا دەبینن بۆ گەیشتن بە ئەوروپا و دەرەوەی وڵات، بەڵام دوای گەیشتنیان، جەستەیان دوور دەبێت و دڵیان هەر بۆ نیشتمان لێدەدات.گوتیشی: دوای كۆتایی هاتنی كارە هونەرییەكانی ئەم بەرهەمە بڕیارمداوە بەشداری لە چەندین فستیڤاڵی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی دا بكەم. پاشخان: هونەرمەند سامی كاكە لە ساڵی 1976 لە هەولێر لە دایك بووە، نزیكەی چارەگە سەدەیەكە لە بواری دەرهێنان كاردەكات و، لە ماوەی ڕابردووشدا خاوەنی چەند بەرهەمێكی جوانە بە ناونیشانی (ئەودیوی تاوان، دارك دەی، تارمایی،Erbil my love،تیرۆر، بۆ یادی ئێوە، ژیان لە گەڕەكێك، سپی سپی)









