خەبات: ڕۆشنا عەلی
دوای ئەوەی پرۆسەی بە ئینگلیزیكردنی قوتابخانەكان پێش چوارساڵ لەمەوبەر دەستی پێكرد ، دەنگۆی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا كە گوایە ئەم سیستەمە سەرناگرێت چونكە ، ئامادەكاری پێویستی بۆ نەكراوە ، چەندین گلەی تر ڕووبەڕووی بڕیارەكە كرایەوە ، لەلایەكی دیكەش بە پێچەوانەوە پێشوازی لە بڕیارەكە كراو بەبڕیارێكی باش وەسفكرا، لەچوارەم ساڵی ئەو پرۆسەیەدا كێشە لە هەندێك لەو قوتابخانانە سەرهەڵدەدات بەرلە هەفتەیەك لە قوتابخانەیەكی دارەتووی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دەشتی هەولێر قوتابخانەیەك لە ئینگلیزییەوە كرایەوە بە كوردی ، لاپەڕەی پەروەردە و خوێندن ڕاپۆرتێكی لەمبارەیەوە ئامادەكردووە.
قوتابخانەی چالاك لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دەشتی هەولێر كە ماوەی سێ ساڵە وانەكانی زانست و بیركاری تیا بە ئینگلیزی كراوە ، هەفتەیەك بەر لە ئێستا كتێبە كانی بیركاریو ئینگلیزییان بە زمانی ئینگلیزی لێوەرگیرایەوەو هەردووكتێبەكەیان بە زمانی كوردی پێدرا و بەڕێوەبەری قوتابخانەكەش دەڵێت هۆكاری سەرەكی داواكاری خەڵك بووە لەو سیستەمە ناڕازی بوون و ئەوسنورەشی ئەم قوتابخانەیەی ئەوانی تیا كراوە بەئینگلیزی بۆ ئەو سیستەمە نەگونجاوە، لەمبارەیەوە مامۆستا خچرئیسماعیل بۆ خەبات وتی : چەند ڕەگەزێك هەیە لە خوێندن یەكەم ژینگەی قوتابخانە دووەم پڕۆگرام سێیەم میلاك و دایك وباوكی قوتابی و ژمارەی قوتابیان ، ئەو قوتابخانەیەی ئێمە شەش پۆلی كاتی خۆی دروستكراوە و ئێستا هەندێك كابینەمان داناوە ژمارەی قوتابیان لەكابینە 50 قوتابییە وە ئەم سیستەمەش پێویستی بە پۆلێكە ژمارەی قوتابییەكانی لە 15 بۆ 20 قوتابی تێپەڕ نەكات و هۆیەكانی فێركردن هەبێت و ژووری تایبەت هەبێت تا مامۆستا بتوانێت هیچ نەبێت هۆیەكانی فێركردن بەكار بهێنێت ، ئەو قوتابخلنەیەی ئێمە تاكە قوتابخانەیە لەو گەڕەكە كە گەڕەكێكی دارەتووە وگەڕەكێكی شەعبییە لە گوندی باغەمرەوە تاوەكو دارەتووی كۆن قوتابی دێنە ئەم قوتابخانەیە ی ئێمە و قوتابخانەی تری لێ نییە ، دایك و باوكیش %99 ی نەخوێندەوارە و زۆربەشی ناڕازییە ، ڕۆژانە كێشەمان بۆ دروست ئەبوو دایك و باوك ئەهاتن گلەییان ئەكرد گوایە ئەم سیستەمە چییە هێناومانە ئێمە لەگەڵ ئەوەین سیستەم ئینگلیزی بێت مامۆستا بە چوار ساڵ بە تەواوی فێری ئینگلیزی نابیت ئیتر چۆن بە دەورەیەكی 25 یان سی ڕۆژی فێری ئینگلیزی ببێت ؟ئەوە هۆكارێكە هۆكارێكی ترمیلاكە ئەمساڵ 10 مامۆستام چۆتە ئیجازەوە تا پۆلی یەك و دوو مامۆستا ئەتوانێت وانەكە بڵێتەوە بەڵام لە پۆلی سێ و چوار زۆر زەحمەت ئەبێت، قوتابی ئەبێت بە نوسینەكی وەڵام بداتەوە ، جگە لەوە پڕۆگرامەكە هەمان پڕۆگرامی كوردییەو وەرگێردراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی.
ئەمساڵ خواست زیاتر بوو لەسەر قوتابخانە حكومییە كوردییەكان و ژمارەیەكی زۆریش لە قوتابخانەی بە ئینگلیزی كراوەوە چونەتەوە قوتابخانەی كوردی مامۆستا فداس سەلیم حەسەن بەڕێوەبەری قوتابخانەی شەنگالی بنەڕەتی كە قوتابخانەیەكی كوردییە بۆ خەبات ئاماژەی بەوەدا كە ئەمساڵ ژمارەیەكی بەرچاویان قوتابی لە قوتابخانە ئینگلیزییەكانەوە وەرگرتووە ئەو بەڕێوەبەرە وتی ” قوتابخانەكەی ئێمە بەو پێیەی هەموو ڕۆژ بەیانییانە و یەك دەوامە خواستی زۆری لەسەر و زەختمان لەسەرە هەموو ساڵێك ناتوانم بە دیاریكراوی بڵێم ئەوە هۆكارەكەیەتی ، بەڵام ئەمساڵ ئەبینم لە قۆناغەكانی دوو سێ قوتابی زۆر زۆر دێن ودێنەوە كوردی لە پۆلی دوو، سێ و چوارتەنها لە پۆلی دوو20 قوتابی و پۆلی سێ زیاتر لە 20 قوتابیمان بۆ هاتووە ئێمە وەرمان گرتوون ، بێگومان كێشەیان هەیە و ئەو سیستەمە پێویستی بە هاوكاری دایك و باوكیش هەیە بە تایبەتی زانستەكان ئێمەش بڕیارمان لایە كە هەر قوتابییەك دەتوانێت لە ئینگلیزییەوە بێتەوە كوردی ، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەبێت ڕەزامەندی دایك و باوك هەبێت.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا چۆن قوتابخانەكەی ئەوان بە كوردی ماوەتەوە ئەو بەڕێوەبەرە وتی: لەراستییا كاتێك تەماشای میلاكی قوتابخانەم كرد پێم وابوو نەگونجاوە هەرچەند مامۆستاكانم بە توانان بەڵام مالمۆستا بە خولێكی چەند ڕۆژە فێری زمان نابێت و ئەو سیستەمەش پێویستی زۆری بە ستافی باش هەیە.
ناڕازی پەروەردەكاران ڕۆژنامەنوسێكی بواری پەروەردەش ئاماژە بەوە دەدات كە ئەم بە ئینگلیزیكردنە ژینگەی لەباری بۆ فەراهەم نەكراو پڕۆسەیەك بوو پەلە پەلی تێداكرا سەمیر هەمزە مامۆستاو ڕۆژنامەنوس بۆ خەبات وتی ” بە ئینگلیزیكردنی بابەتەكانی زانست و بیركاری لە قۆناغی بنەڕەتی لەسەرەتاوە پرۆسەیەكی ناكام بوو ،چونكە دیراسەی تەواوی بابەتەكە نەكرابوو و ژینگەی بۆ فەراهەم نەكرابوو . ژینگەی قوتابخانەكان گونجاو نییە كەلوپەلی پیویستی وەك داتاشۆ بۆ خستنەڕووی بابەتەكە بەردەست و مامۆستای شارەزا بۆ بابەتەكان ئامادە نەكراوە ، مامۆستا بەخولیكی یەك مانگی نابیتە زمان زان و ناتوانیت وەكو خۆی وانەكە بلیتەوە.ئەم پرۆسەیە لیژنەیەك لەوەزارەت بڕیاریان لەسەرداوە لەئیستادا ئەنجامە نەرینیەكانی دەركەوتووە ، دایك و باوكی قوتابیان ڕۆژانە سەردانی قوتابخانەكان دەكەن و گلەیی دەكەن كە ناتوانن لەوانەكانی زانست و بیركاری كە كراوەتە ئینگلیزی لە ماڵەوە هاوكاری مندالەكانیان بكەن بۆ جێبەجیكردنی ئەركەكانیان.بەشی زۆری مامۆستایان و سەرپەرشتیارانیش باوەڕیان بەپرۆسەی بەئینگلیزیكردنی بیركاری و زانست نیە و داوای ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی دەكەن و ڕۆژانەش لیرە و لەوێ چەند قوتابخانەیەك ئەو دوو وانەیان تێدا دەكرێتەوە كوردی.









