فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا*
بەر لە نیوەڕۆی رۆژی هەینی لە 16/11/2016 لە نێوان كاتژمێر 11 بۆ 11. 5خولەكی شەو، لە كەناڵی GK گەلی كوردستان لە كاتی پێشكەشكردنی هەواڵەكاندا كۆمەڵێك بابەت باسكران، ئەوانەی جێگای سەرنج و هەڵوەستە لەسەر كردن بوون، چەند خاڵێك بوو گوترا بەڕێز هێرۆ خان و گەلاوێژخان و شاناز، هەر سێكیان سەردانی مەرقەدی كاك ئەحمەدی شێخیان كرد و لەگەل سەردانی كەنیسەی ماریوسف لە سنووری سلێمانی بە راستی زۆر جوان بوو، بە جلێكی كوردی دەركەوتن، زۆر بەڕێزەوە وەك كولتوورێكی كوردی رەسەن و رێزگرتن لە ئایین و زیارەتەكان كران و بە تایبەت دەستخۆشی لە بەڕێز شاناز خان دەكەم بۆ ئەم گۆڕانكارییە.
بۆ بە بیرهێنانەوە من و چەند كەسێكی تری كورد لە ساڵی 2004 بە یەكەوە لە بەغدا بووین، لە پەیمانگای دیپلۆماسی لە وەزارەتی دەرەوە دەمانخوێند، ئەوەی لە یادم بێت لە لیستی برایانی (ینك) خوشكە شاناز خان و برادەرێك بە ناوی بورهان كە خەڵكی هەولێر بوو، لەگەڵ چەند بەڕێزیكی تر كە لە یادم نەماون، هەموومان بە یەكەوە بووین. وا رێككەوت دەورەكەمان كەوتە ناو مانگی رەمەزان، ئەوەی زۆر دڵگرانی كردین لەو كاتدا شاناز خانی بەڕێز نە لە پۆشینی جلوبەرگ و نە لە رێزگرتنی مانگی رەمەزان هیچ حسابێكی بۆ ئەو مانگە نەكرد و لە نێوان محازەرەكان كە چەند دەقیقەیەك پشوو دەدراین، هەردەم بەم مانگی رەمەزانە جگەرە و قاوەی لە دەستبوو، كە ئێمە زۆر پێمان ناخۆشبوو، وەك كورد و عەرەبەكان زۆر ئێمەیان پێ دەشكاندووە، چونكە بە هیچ شێوەیەك ئیلتیزامی بەو یادەوە نەكرد وەك كوردێك، موسلمانێك، رەفتاری نەكرد، ئێستاش ئەو گۆڕانكارییە لە 2018 رووی داوە زۆر گرنگە، هیوادارم سیاسەت نەبێت و لە هەموو لایەنی ژیان و بیركردنەوە و بۆچوونەكان بێت.
بابەتێكی تر لەو كەناڵە بەڕێزە زۆر باسی تەبایی و رێكخستنی ناوماڵی كوردی كرا و باسی ئەو كاتانە كرا كە بەڕێز مامجەلال لە ژیان بوو و كە هەردەم كاری كردووە بۆ رێكخستنی نێو ماڵی كورد و لە هەر چوار پارچەی كوردستان رۆڵی خۆی بینیوە بۆ ئەوەی كورد لە نێوخۆیی یەك دەست بێت و گوترا دەبێ ئێستاش وا كار بكرێت، دەبێ حزبەكان ئێستا وەك بەڕێز مام جەلال وا بكەن بە كورتی مانای پەیامەكە دیارە، منیش دەڵێم دەبێ خۆیان بزانن رووی قسەیان بۆ كێیە و لەگەڵ كێیە؟
هەموومان وا دەڵێین گەر وەك گوترا بەڕێز مام جەلال وا بووە، یان كەسێكی تر وایگوتووە، بەڵێ وایە، قسەیەكی راستە و حاشاهەڵنەگرە، بەڵام بۆ كێ؟ هەروەك كورد گوتەنی (ناكرێ مرۆڤ وەعزی وەعزی مەلایان بێ و عەمەلی عەمەلی شەیتانی) گەر وابێت، ئەم نەسیحەتەیە بەبێ شەرمی لە سەرانی 16ی ئۆكتۆبەر بكەن و لەوانە بكەن دەرزدەخەنە ناوماڵی كورد و هەروەك دیتمان بۆ سەرۆككۆماری دەست لەناو دەستی بێگانە دەنێن و پێ لەسەر سەری براكانیان دادەنێن و كورد و برایەتی لە یاد دەكەن، بۆ پۆستێكی شەرمەزاری رووی قسەكان لەوانە بكەن كە دەڵێن گەر وامان بۆ نەكەن وا نەكرێ وڵات وێران دەكەین، رووی ئەم قسانە لەوانە بكەن كە دەهۆڵی ناوچەگەریەتی لێدەدەن، تۆوی دووبەرەكی هەولێری و سلێمانی دەچێنن و دەیان هەڵەی تر دەكەن، ئەمە لە لایەك لە لایەكی تر پەیامنێری ئەم كەناڵە بەڕێزە چاوپێكەوتنێكی سازدا لەگەڵ برادەرێك لە كەركووك بەناوی (ئەحمەد عەسكەری) ئەم بەڕێزە لەسەر كەركووك زۆر قسەی هەبوو، دەكرێ لە دوو خاڵ كۆی بكەینەوە، یەكێك باسی پێشێلكارییەكانی جاش پارێزگارەكەی كەركووكی كرد كە (راكان جبوری شوڤێنییە) لە كۆمەڵێك بڕیار و كاری نابەجێ و خاڵی دووەم گلەیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كرد كۆنابێتەوە، تابتوانن دژی پێشێلكارییەكان بوەستن، سەبارەت بەم قسانە دڵنیام كاك ئەحمەد عەسكەری بۆ بەرژەوەندی كوردی نییە بۆ بەرژەوەندی و ئەجێندای 16ی ئۆكتۆبەرە و بەس، ئەگینا چۆن داوا دەكرێ كۆبوونەوە بكرێت لە ژێر چەتری داگیركەران؟!
گەر مەبەستی گڵاوی نەبێت باشە گەر وایە وا بە گرنگ دەزانرێت، نێوماڵی كورد رێكبخرێت و كۆبوونەوە بكرێت، ئەی بۆچی محاوەلە كرا لەگەڵ عەرەب و توركمان بەبێ ئەندامانی ئەنجوومەنی لیستی پارتی كوبوونەوە بكەن و پارتی پەراوێز بكەن، كاتێك نەكرا بۆیان، نەچووە سەر بوون بە پیاوی باش و شەیەكە لەسەر سەری پارتی دەشكێنن، ئایا نازانن گەر ئەم كۆبوونەوەیە كرا لەناو كەركووك، شەرعیەت دەدەن بە داگیركەران و بە سەرانی 16ی ئۆكتۆبەر؟ بە هەرحاڵ یاریەكە ئاشكەرایە و تكایە وەك خۆتان دەڵێن بەڕێز مامجەلال لەگەل یەك هەڵوێستی بوو، لەگەڵ تەبایی بوو، ئەگەر وایە لەسەر خۆتان جێبەجێی بكەن و دڵنیاین هەموو كێشەكان حەل دەبێت.
لە بابەتێكی تر هەواڵی سەردانی بەرهەم ساڵحی بڵاوكردەوە بۆ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و زۆر بە گرنگ و كاریگەری وەسفكرد، وەك هەواڵێك كە وەك مەسەلەی كوردی گوتەنی: دەڵێن هەنگوینیان لە دار دۆزیتەوە. بە هەرحاڵ دیار بوو چەند هاوڵاتییەكی هێنا ئاخاوتن و لە چاوپێكەوتنەكانی پەیامنێری كەناڵی گەلی كوردستان باسی گرنگی سەردانی بەرهەم ساڵح بۆ كەنداو كرد و كەوتنە ناو شرۆڤە و باسی گرنگی ئەو سەردانە و عێراقچییەتی و هەڵدان بە بەژنی جوانی عێراق و كۆمەڵێك بابەتی تر، كە ئەو بابەتە لەو كەناڵە بەڕێزە لە ئەرشیف ماوە و دەمێنێت گەر نەیسرنەوە!
ئەوەی جێگای داخە و مایەی شەرمەزارییە بۆ هەموو كورد و بەتایبەت بۆ كەناڵی گەلی كوردستان، چاوپێكەوتنی عەرەبێكی شۆڤێنی رەگەزپەرستی دڵرەش و مێشك ئاودراو بە بیرۆكەی داعشی و بەعسی بوو، بە داخەوە كە پەیامنێری ئەم كەناڵە چاوپێكەوتنی لەگەڵ كرد و بە عەرەبی قسەی كرد و هەموو قسەكانیشی تەرجەمەی كوردی كرا، ئەم حاقدە لەو چاوپێكەوتنەدا گوتی: عێراق وڵاتێكی عەرەبییە و ناسنامەی عەرەبییە و عێراق دڵی نیشتمانیی عەرەبیە.
ئەمە بەبێ دەستكاری و زیاد و كەم، قسەی عەرەبێكە و كەناڵی گەلی كوردستان پەخشی كرد، زۆر بە جوانی بڵاوی كردەوە و هیچ تەعلیقێكی كەم و زیادی نەبوو، كەواتە كەناڵی گەلی كوردستان زمانحاڵی (ینك) بڕوای بەوە هەیە و عێراق بە دڵی نیشتمانیی عەرەبی بزانێت، كە وای لێهات، ئەم كەنالە بۆچی ناوی گەلی كوردستان بێت!؟ هیوادارم وەڵام هەبێت!
پێموایە نە ئەو عەرەبە شۆڤێنییە و نە هیچ خۆفرۆشێكی ناو خۆمان و نە هیچ هێزێك ناتوانێت ئەمە بە گەلی كوردی بڵێت و تا كوردستان وەك فیدرالییەتێك بە عێراق بەسترابێتەوە و كەی ئێمە بووین بە دەوڵەت، لە پاش حەمرین بۆ سنووری ئوردن و سعودیە، كەواتە باشووری ئێستای عێراق و بەشێك لە ناوەڕاست پیرۆزی نیشتمانی عەرەبی بێت. ئێمەش دەوڵەتی سەربەخۆ بووین! بەڵام ئێستا بۆ هیچ نەفامێك و نەیارێك قبووڵ نییە بڵێت عێراق بەشێكە لە وەتەنی عەرەبی، هەر وەك ئاشكرایە و دونیا دەزانێت لە سەرەتای ئازادی عێراق و دەستبەكاربوونی حكومەتی كاتی عێراقی پاش سەدام حوسێن ئەم دەستەواژەی عێراقە بەشێكە لە وەتەنی عەرەبی رەفز كرا، تا گەیشتە ئەو رادەیەی سەرۆك مسعود بارزانی لە 2003 لە كۆبوونەوەیەكدا لە بەغدا لەبەرچاوی دونیا و هەموو سەرانی عێراقی ئێستا و بریمەری حاكمی عەسكەری ئەوكاتی عێراق، فەرمووی: قبووڵ نییە گەر واش بنووسن لە دەستوور من ئێستا دەگەڕێمەوە كوردستان و سەربەخۆیی كوردستان رادەگەیەنم. ئەوەبوو بریمەر بەم هەڵوێستەی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی شڵەژا و چووە دەرەوە لە كۆبونەوەكە و لە نێوان یەكچارەگە سەعات قسەی لەگەڵ بۆشی سەرۆكی ئەمەریكا كرد دیارە سەرۆك بۆش داوای كرد تەلەفۆن بدەن بە دەستی سەرۆك مسعود بارزانی تا قەناعەتی پێ بینێت، بەڵام سەرۆك بارزانی فەرمووی ببوورە ناتوانم قسەی لەگەڵ بكەم با شەرمەزاریی ئەو بم، نەك شەرمەزاری میللەتەكەم ببم.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆك مەسعود بارزانی وای كرد رێگا نەدرێت بنووسرێت عێراق بەشێكە لە نیشتمانیی عەرەبی و لە شوێنی ئەم دەستەواژەیەش ئێستا كە نووسراوە (عێراق ئەندامە لە كۆمكاری عەرەبی).
كەواتە كورد قسەی خۆی كرد لە 2003 قسەكەشی چەسپا لە دەستوور و عێراق بەشێك نییە لە نیشتمانیی عەرەبی، نازانم ئەم شەرمەزارییە چییە قبووڵ دەكرێ، كە كەناڵی گەلی كوردستان بە كوردی دەكات؟! دەبێ داوای لێبووردن بكەن و لێپێچینەوەش لەو هەڵەیە بكرێت، چونكە ئەمە لە دوژمن قبووڵ نەكرا، چۆن دەكرێ ئەوان بیكەن! لە لایەكی ترەوە گەر بگەڕێینەوە سەر مێژووی عێراقی نوێ بە تایبەت مێژووی شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958 كورد لەو سەردەم چەند خاڵێك بە جێگای شانازی دادەنێت و وەك دەستكەوتیش هەژماری دەكات بۆ گەلی كورد، ئەویش یەكەمجارە لە مێژووی كورد بۆ سەركردایەتیكردنی شۆڕشێك لە عێراق 3 كەسایەتی لەو سەردەم دانران كە یەكێكیان سەرۆك بوو، بە ناوی محەمەد نەجیب روبەیعی و كەسایەتێكی سوننی عێراقی بۆ ئەندامێتی وەك(محەمەد مەهدی كوبە، كە شیعی بوو و خالید نەقشبەندی كە نوێنەری كورد بوو، ئەوكات متەسەرفی لیوای هەولێریش بوو و هەر لەم شۆڕشە لە یەكەم كابینەی حكوومەت دوو وەزیری كوردی هەبوو، بە ناوی بابە عەلی شێخ مەحموود وە محەمەد ساڵح مەحموود، هەرچەندە نوێنەری بزاڤی رزگاریخوازیی كورد نەبوون، بەڵام هەر حساب بۆ كورد كراوە لە كاتی بەهێزی و لاوازیشدا زۆر دەستكەوتی تری تێدابوو، بەڵام لە هەمووی گرنگتر بۆ وەڵامی ئەو نەفامانەی كە لە 16/11/2018 لە كەناڵی گەلی كوردستان بێ حورمەتیان كرد، دەڵێم لە 26/7/1958 دەستووری كاتی عێراقی بلاوكرایەوە، لەو دەستورە لە ماددەی سێیەمدا داهاتووە، كورد هاوبەشی عەرەبە لە عێراق كە تێیدا هاتووە لە خاڵی سێیەم دەڵێت: (پێكهاتەی عێراق لەسەر بنەمای هاوكاری لە نێوان هاوڵاتییان دامەزراوە و رێز لە مافەكانیان دەگیرێت و پارێزگاری ئازادییەكانیان دەكرێت و كورد و عەرەبیش هاوبەشن لەو نیشتمانەدا و ئەو دەستوورە مافە نەتەوەییەكانیان لە چوارچێوەی یەكێتی عێراق دەستەبەر دەكات).
كاتی حوكمڕانی سەدام حوسێنیش لە بۆنەیەك بە توندی وەڵامی توركیای داوە و گوتی: (لە عێراق كەس نییە ناوی توركمان بێت و ئەوەی دەڵێت توركم، ئەوە رێگای توركیا كراوەیە و دەتوانێ بڕوات و و گوتی عێراق تەنیا كورد و عەرەبی تێدایە). هەرچەندە ئینكاری توركمانیش هەڵەیەكی سیاسی بوو، بەڵام ئەوەی گرنگە سەدامی دیكتاتۆریش نەیتوانی ئینكاری كورد بكات و گوتی لە عێراق كورد و عەرەب هەن، نەیگوت عێراق عەرەبییە زۆر بە داخەوە خۆمان لەو رۆژە قبووڵ بكەین بگوترێ عێراق عەرەبییە و دەپرسین دەبێ چ كارەساتێك لە رێگامان دابێت لە رێگای خۆفرۆشان.
بۆیە دەڵێین و دەڵێینەوە ئەو عێراقەی ئێستا كە سەد ساڵە كوردستانی پێوە لكێندراوە عەرەبی نییە و قبووڵ نییە بۆ گاڵتەش وا بگوترێ و كەی هەر كەس لە كورد و عەرەب چووە ماڵی خۆی و كوردستانیش جیابووە، ئێمە دەوڵەتێك بووین لەسەر سنووری عێراق بۆ ئێمە گرنگ نییە ئەوكات عێراق چییە و چی نییە ئێستا دەڵێین عێراق هەرچەندە بۆ ئێمە بەلایە لە مێژوودا لێك گرێدانمان لەگەڵ عێراق زوڵم و ناڕەوایە، بەڵام ئەم نەخشەیەی كە بەشێكی كوردستانی پێوە لكێندراوە، ناوی لە مێژوو ناونراوە بە عێراق عەرەبی نییە و بەر لە عەرەب موڵكی كوردە و عەرەبیش هاوبەشە لەگەڵ كورد، لەوەش زیاتر توركمانیش بەشێكن بە حەجمی خۆیان، هاوبەشی رەوایە و كریستان و هەموو ئایینەكانیش خاوەن ماڵن و مێژوو پێمان دەڵێت بران وە لای كوردیش لەسەر سەرن و حسابیان بۆ كراوە و كرایە و هەرواش دەمێنێت تا كورد مایە.
*ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان.









