پلانی دامەزراندنی یەكەم كۆمپانیای دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان، پێنج برای بەهرەمەند لە رانیە شوێنكارێكی تایبەت بە ئۆتۆمبێلیان هەیە و تا ئێستا حەوت ئۆتۆمبێلی پێشكەوتوویان دروستكردووە، ئەوان پلانیان هەیە ئەگەر حكوومەت هاوكارییان بكات شوێنكارەكەیان بكەنە كۆمپانیایەكی دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان.
لە ناوچەی پیشەسازی چوارقوڕنە لە نزیك شاری رانیە (بە دووری 134 كلم باكووری رۆژئاوای سلێمانی) كەمال سەلیم عەلی و چوار برای تری كە تەمەنیان لە نێوان 25 تا 40 ساڵان دەبێت شوێنكارێكی تایبەت بە خۆیان بەناوی شوێنكاری برایان هەیە، ئەوان لە بواری كاركردن لە ئۆتۆمبێل و چاككردنەوەیدا شارەزا و بەهرەمەندن حەز و خولیایەكی زۆریان بۆ پیشەكەیان هەیە.
كەمال و براكانی لە حەز و خولیای خۆیان بۆ پیشەكەیان، تەنها بە چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلەوە نەوەستاون، بەڵكو دەستیان داوەتە دروستكردنی ئۆتۆمبێل بۆ خۆیان و تا ئێستا چەند ئۆتۆمبێلێكی پێشكەوتویان دروستكردووە كە وەك خۆیان دەڵێن جگە لە بزوێنەر و گێڕ و تایەكان هەموو پارچەكانی تری ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ خۆیان دروستیانكردووە. كەمال لە بارەی كارەكەیانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “ئێمە پێنج براین و لەم شوێنەدا كار دەكەین و شاگردیشمان هەیە كە هاوكاریمان دەكەن و لە ساڵی 2010 ەوە دەستمان بەم كارە كردووە و تەنها حەز و خولیایەكی خۆمانە كە بۆمان ماوەتەوە و بەردەوامین لەسەری”.
ئەو گوتی: “تا ئێستا حەوت ئۆتۆمبێلمان دروستكردووە، دروستكردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەش تەنها بۆ حەز و خولیای خۆمان بووە نەوەك بۆ سوود و قازانجی ماددی، زۆرجاریش ئۆتۆمبێلەكان لە پێشبڕكێ و نمایشەكان بەكاردێنین”









