خه‌بات: جەبار حەلاق:- چەند ڕۆژی ڕابردوو، لە هوتێل شاری جوان لە شاری سلێمانی، هونەرمەندی دیاری کورد عەدنان کەریم، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و هونەر دۆستان و کەسایەتی دیار، نوێترین ئەلبوومی خۆی بڵاوکردەوە، (گوارە) ناوی نوێترین ئەلبوومی هونەرمەند عەدنان کەریم بوو، کە بە واژووی خۆی پێشکەش بە ئامادەبووانی کرد، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا عەدنان کەریم، باسی لە ناوەڕۆکی ئەلبوومە نوێیەکەی کرد کە ناوی ناوە (گوارە).

ئەم ئەلبوومە پێكهاتووە لە (11) گۆرانی، هونەرمەند عەدنان کەریم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە زۆربەی ئاوازەکانی نێو ئەم بەرهەمە خۆی دایناون و کاری لەسەر کردوون، هەروەها وەک زۆربەی بەرهەمەکانی دیکەی ئەمجارەشیان هونەرمەند پەنای بردۆتە بەر شیعری شاعیرانی کلاسیک و بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ لە ڕێگەی ئاوازەکانی خۆیەوە ڕۆحیەتێکی دیکەی بە هۆنراوەکان بەخشیوە. بۆ ئەم ئەلبوومەش سوودی لە هۆنراوەکانی (نالی، دڵزار ، حەمدی، مەولەوی، وەفایی، ئەحمەد موختار بەگی جاف، جگەرخوێن، مامۆستا خامۆش) وەرگرتووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد یەكێک لە گۆرانییەکانی نێو ئەم ئەلبوومە نوێیەی فۆلکلۆرە بەناوی (مانگی تابان). هونەرمەند عەدنان کەریم، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی بۆ کارکردن لە بەرهەمەکانی زیاتر بایەخ بە شیعری کلاسیک دەدات، هەر خۆیشی ئاماژە بۆ ئەوەدەکات زۆرجار لەلایەن هەوادارانییەوە داوای لێدەکرێت شیعری شاعیرانی هاوچەرخ بەکاربهێنێت و بیانکات بەگۆرانی، هەروەها دەڵێت: ناتوانم واز لە شیعری کلاسیک بێنم، ئەوەش دەخاتەڕوو و دەڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار پەنام بردۆتە بەر شیعری هاوچەرخ و کردوومن بە گۆرانی.

کاری میوزیکی ئەلبوومی (گوارە) لەلایەن گرووپی میوزیکی ناوداری کورد کامکاران ئامادەکراوە، جێگەی باسە هونەرمەند عەدنان کەریم، پێشووتریش کاری هاوبەشی دیکەی بۆ کارە هونەرییەکان لەگەڵ گرووپی میوزیکی کامکاران ئەنجامداوە، وەك بەرهەمی (ئەمشەو), (وەفایی), (خاتوون). لەگەڵ ئەنجامدانی چەندین کۆنیسێرتی هونەری.