شەپۆلێکی چڕی بارانبارین سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی گرتەوە؛ لە هەولێر بەهۆی زۆریی ڕێژەی دابارینەوە لافاو دروست بوو، لە سلێمانیش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئاستی بارانبارین بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە.

بەپێی ئامارەکانی کەشناسی، زۆرترین بڕی بارانبارین لە سنووری پارێزگای هەولێر لە چۆمان بە 88.5 میلیمەتر تۆمارکراوە.

لە سەنتەری شاری هەولێریش 70 میلیمەتر باران باریوە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی لافاو بووە. هاوکات لە بەنداوی گۆمەسپان 83.3 میلیمەتر و لە سیدەکان 63.5 میلیمەتر دابارین هەبووە.

لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، دەربەندیخان بە زۆرترین بڕی بارانبارین پێشەنگە کە 70 میلیمەتر باریوە و کۆی گشتیی ئەمساڵی گەیشتووەتە 207.8 میلیمەتر.

لە سەنتەری سلێمانی 22.1 میلیمەتر و لە قەرەداغ 67 میلیمەتر تۆمارکراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو تا ئەم کاتە هیچ بڕە بارانێک لە وێستگەکانی ئەو سنوورە نەباریبوو.

سەبارەت بە پارێزگای دهۆک، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا ناوچەی بجیل بە تۆمارکردنی 63 میلیمەتر لە پلەی یەکەمدایە. دوای ئەویش ئامێدی و ئەترووش بە 43 میلیمەتر دێن، هەروەها لە سەنتەری شاری دهۆک 21.4 میلیمەتر و لە زاخۆ 12.6 میلیمەتر باران باریوە.