سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر، بەدواداچوونی بۆ لێکەوتە و زیانەکانی لافاوەکەی شەوی ڕابردووی هەولێر کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک بۆ زیانلێکەوتووان ڕاسپارد.

ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بەدواداچوونی بۆ لێکەوتەکانی لافاوەکه‌ی شەوی ڕابردوو لە هەولێر کرد، هەروەها زیانەکانی لافاوەکەی، به‌تایبه‌تی زیانه‌کانی هاووڵاتییانی تاوتوێ کرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وێڕای هاوخه‌می و پێشکه‌شکردنی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی بۆ خێزان و که‌سوکاری قوربانییانی لافاوه‌که‌، پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکاری و یارمەتییەکی پێویست بۆ لێقەوماوان و زیانلێکەوتووان، هاوکات گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەرکردنی شوێنەوارەکانی لافاوەکە.

لای خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی دەربارەی دۆخەکە، قەبارەی زیانەکان و ئه‌و ڕێکارانه‌ی گیراونه‌ته‌ به‌ر پێشکەش کرد، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە بۆ بەدواداچوون و بایەخدانی بەردەوامی بە ڕەوشی هاووڵاتییان و زیانلێکەوتووان.