بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە لێکەوتەکانی پەنگخواردنەوەی ئاو لە هەولێر کرا و چەند بڕیارێک درا.
بە مەبەستی تاوتوێکردنی لێکەوتەکان و چارەسەرکردنی ئەو زیانانەی بەهۆی لافاوەکەی دوێنێی شاری هەولێرەوە دروست بوون، بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەڕێوەچوو و تێیدا چەندین بڕیاری گرنگ و بەپەلە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا دەرکران.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان، ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:
1. پێکهێنانی ژوورێکی هاوبەش: بە مەبەستی دەستبەجێ پاککردنەوەی شەقام، کۆڵان و ئەو شوێنانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە قوڕ و لیتە و پاشماوەیان تێدا کۆبووەتەوە.
2. پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە: بۆ بەدواداچوون و دیاریکردنی هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی لافاوەکە.
3. تۆمارکردنی زیانەکانی هاووڵاتیان: راسپاردنی بەشی قەیرانەکانی پارێزگا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەشداریی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ خەمڵاندن و تۆمارکردنی سەرجەم زەرەر و زیانە ماددییەکانی هاووڵاتیان.
4. خاوێنکردنەوەی رێگاوبانەکانی دەرەوەی شار: راسپاردنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان و رێگاوبانی هەولێر، بۆ خاوێنکردنەوەی سەرجەم رێگاوبانەکانی دەوروبەر و دەرەوەی شاری هەولێر.
5. رێکخستنەوەی رێڕەوە ئاوییەکان: راسپاردنی بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری بۆ خاوێنکردنەوە و رێکخستنەوەی کەند، پرد و پۆندەکان.
پارێزگاری هەولێر ستایشی رۆڵی گرنگی سەرجەم تیمە خۆبەخشەکان، دەزگا خێرخوازییەکان و ئەو هاووڵاتیانەی کرد کە لە کاتی رووداوەکەدا خەمخۆرانە هەماهەنگ و هاوکار بوون بۆ رزگارکردن و یارمەتیدانی لێقەوماوان.