فاتیح عەبدولسەلام
كاتێك سزاكان بەسەر وڵاتێكدا دەسەپێندرێن، زەحمەت دەبێت، بەڵكو مەحاڵ دەبێت، لە هەمان ماوەی سەرۆكایەتی هەر سەرۆكێكی ئەمەریكا هەڵبگیرێت، هەر دەبێت رەوانەی ماوەی سەرۆكایەتییەكی دیكە بكرێت، لەوانەشە پێویستی بە ماوەیەك هەبێت، كە تێیدا سەرۆك دەگۆڕدرێت، تاكو چاوی پێدا دەخشێندرێتەوە، ئەگەر كرانەوەیەكی سیاسی رووبدات، كە لەوانەیە ناچارییش بێت.
ئێستا بەرەیەكی فراوانی ئەو وڵاتانەیە هەیە، كە بەر سزاكانی ئەمەریكا كەوتوون، لە سەرووی هەمووشیانەوە رووسیا و ئێران دێن، كە هەریەكیان كارتی گوشاری بەهێز و رێچكەی زۆریان هەیە، كە وا دەكات سزاكانی ئەمەریكا بێبایەختر بن، مادامەكێ رەتكردنەوەیەكی ئەورووپی فراوانی هەیە. بەڵام لە كۆتاییدا، ئەورووپاش تەنیا كۆمەڵێك كۆمپانیای گەورەیە، كە كۆنترۆڵی ئابووری وڵاتەكانیان دەكەن و ناچارن بەرژەوەندییەكانی لەبەرچاو بگرن و سزاكانی ئەمەریكا نەشكێنن، هەرچەندە لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش دەرنەچووە، ئەو مەرجەی كە لە پابەندكردنی وڵاتان، بە جێبەجێكردن یان رەتكردنەوەی سزاكان، هیچ بایەخێكی ئەوتۆی نەماوە.
عێراق بازنە لاوازەكەیە، ئابووری عێراق لە ماوەی پازدە ساڵی رابردوودا، تەنیا لە میانی تێڕوانینی بەكاربەرانە بۆ خزمەتگوزارییەكان، كاڵاكان و كۆمپانیاكان بنیات نراوە، ئێران بە پلەی یەكەم و توركیاش بە پلەی دووەم، بە هۆی ئەمەوە، عێراق بە دەست سزاكانی ئابووری سەر ئێران دەناڵێنێت، بەڵام ئەو سنوورەی، كە ئەمەریكا لە رووی ئاسایش و سەربازییەوە كۆنتڕۆڵی نەكردووە، دەبێتە دەرچەی بزاوی ئابووری، نەخاسمە دەروازەكانی ئاودیوكردن. لە ئاكامدا وڵاتێكی وەكو عێراق كە خاوەنی بڕێكی زۆر بەرهەمی نەوتییە، ناتوانێت لەسەر راییكردنی كاروبارەكانی بەشێوەیەكی رەوا لە رێگەی ئاودیوكردنەوە بەردەوام بێت، وەكو چۆن رژێمی پێشوو لە سەردەمی ئابلۆقەی راستەقینەی بكوژی ئەودەم وای دەكرد.
عێراق13 ساڵ لە1991 بۆ2003 بەدەست ئابلۆقەوە ناڵاندی، ئەمڕۆكەش لەوانەیە بەدەست ئابلۆقەی وڵاتێكی دیكەوە، دووبارە بناڵێنێت، لەبەر ئەوەی بزاوی ئابووری خۆی كردووەتە بارمتەی ئێرانی سزادراو، سزاكەشی درێژخایەنە و لە سەردەمی سەرۆكی ئەمەریكا ترەمپ، كە خۆی سەپاندوویەتی هەڵناگیرێت، تاكو گۆڕانكاری زۆر لە كاروباری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی روو نەدات. لە هەردوو حاڵەتیشدا عێراق نرخەكەی لە وزەی مرۆیی، دارایی و گشتیی دەدات، ئینجا عێراق هێشتا قوربانی رووداوەكانە، هەرواش دەمینێتەوە، تاكو سندوقێكی سەروەریی لە جیاتی نەوتی دەبێت، تاكو بەیانی خۆی بەخۆی دروست دەكات، نەوەكو بە رەزامەندیی یان تووڕەیی كەسانی دیكەوە.
و: رەمزی میرەكانی
سەرچاوە www.azzaman.com









