محەمەد زەنگەنە
دۆست و دوژمن، باش لەو راستییە دەگەن كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەوپەڕی شەفافییەت و هاوسەنگییەوە، مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی دەكات و هەمیشەش بۆتە فاكتەری سەقامگیری بۆ ئەم وڵاتانە و بنەمای نەگۆڕی هەرێم، نەهێشتنی پەلاماردانی دراوسێكان بووە لە خاكی هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام لەهەمان كاتیش دا، ناكرێ بە گرتنە بەری ئەو سیاسەتە هاوسەنگە و پاراستنی بنەماكانی پەیوەندیی نێودەوڵەتی، هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر هەر هەوڵێكی تێكدانی سەقامگیری یان شێواندنی راستییەكان بێ دەنگ بێت.
بە پێداچوونەوەی دوایین پێشهاتەكانیش، وادیارە هێشتا هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕوپاگەندە و تۆمەت و شێواندنی راستی لە دیدی دراوسێكان دەرنەچووە، بەتایبەتی ئێران.
لێدوانی رێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی عێڕاق و ئێران لەبارەی رادەستكردن یانیش دەركردنی حزبە بەرهەڵستكارەكانی رۆژهەڵات لەسەر خاكی هەرێم و دواتر پرسی هەبوونی بنكەی دڕۆنی ئۆكڕانی لە هەرێمی كوردستان، وەكو تەواوكەری هەوڵەكانی دیكەی شێواندنی راستییەكان لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان، گەڕێكی دیكەی ئەو شەڕە دەروونییە بوون كە ئێران دەەیەوێت لەدوای دەرچوونی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە خاكی عێڕاق و هەرێمی كوردستان ئەنجامی بدات.
جارێ لەبارەی پرسی پەنابەرانی رۆژهەڵاتەوە، خودی حكوومەتی عێڕاق، هیچ لێدوانێكی نەبوو، بەڵكو هەبوونی هەر رێككەوتنێكی لەم جۆرەی رەت كردەوە و جەختی لەسەر بەردەوام بوونی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان عێڕاق و ئێران كردەوە، كاتێكیش بۆیان دەركەوت ئەم هەوڵە هیچ سوودێكی نییە و هەرێمی كوردستان رۆڵی ئەرێنیی لەو رێككەوتنە ئەمنییە گێڕا، بە قۆستنەوەی دۆخی ناكۆكیی نێوان رووسیا و ئۆكڕانیا، باسی هەبوونی بنكەی دڕۆنیی ئۆكڕانیا كرد لە هەرێمی كوردستان، كە دوای چەند كاتژمێرێك لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە رەت كرایەوە.
نەبوونی هەڕەشە لەسەر ئێران لەلایەن حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنەوە و دووپاتكردنەوەی ئەم هەڵوێستە لەلایەن خودی ئەو حزبانەوە، بەڕێز گرتن لە سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان و دواتر، نەمانی بیانووی بنكەی سەربازیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، بە كشانەوەی ئەم هێزانە، هیچ بیانووێكی لەلای ئێران نەهێشتەوە بۆ رووپۆش كردنی هێرشە دڕۆنی و مووشەكییەكانیان بۆ سەر بارەگای ئۆپۆزیسیۆن و كاڵكردنەوەی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو لا و سەلماندنی هەبوونی هەڕەشە لەدژی ئەوان لەسەر خاكی هەرێمی كوردستانەوە.
بێگومان ئەم دۆخەش، بۆ قۆناغی ئایندە، دەبێتە خاڵێكی گرنگی ناكۆكی و شەڕی دەروونی، بۆ دووبارەكردنەوەی سیناریۆی كامپی ئەشڕەف، بێگومان ئەمەش بە هەبوونی پڕەنسیپی نەگۆڕی هەرێمی كوردستان بۆ پابەند بوون بە دەستوور و بنەماكانی مافی مرۆڤ و سەوابیتی نەتەوەیی، ئەو هەوڵە تێناپەڕێت، بەڵام دەبێتە هۆی سەرئێشە و گرفتێكی زۆر بۆ هەموو لایەنەكانی هاوكێشەكە.