خهبات- سهرههنگ نهجمهدین
پاسکیلسواری یەکێکە لەو وەرزشانەی کە پێویستی بە توانای جەستەیی و خۆڕاگری و زیرەکی و ڕاهێنانی بەردەوام هەیە، لەگەڵ ئەوەی یاریزانانی کوردستان توانای بەشداری و بەدەستهێنانی دەستکەوتی گرنگیان لە پاڵەوانێتییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا هەیە، هێشتا ئەم وەرزشە لە ڕووی ژێرخان و کەرەستە و شوێنی ڕاهێنان و پشتگیریی دامەزراوەییەوە ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبێتەوە، لەنیا هادی سابیر، خانمه یاریزانی پاسکیلسواری هەڵبژاردەی عێراق، یەکێکە لەو وەرزشکارانەی کە لە ماوەی کاری وەرزشیی خۆیدا توانیویەتی چەندین دەستکەوتی گرنگ بەدەست بهێنێت. لە نیا هادی لهدیمانهیهكدا بۆ خهبات: باس لە ئەزموونی وەرزشیی خۆی، دەستکەوتەکان وههروهها کێشەکانی پێشکەوتنی پاسکیلسواری لە کوردستان و عێراق و پێویستییەکانی پەرەپێدانی ئەم وەرزشە دەکات: * چی وای لێکردوویت بەردەوام بیت لەم وەرزشە؟ -متمانە بە خۆم و باوەڕم بە هێز و توانای جەستەییم وایلێکردووم بەردەوام بم، وەک دەزانن توانای جەستەیی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، منیش لە سەرەتای دەستپێکردنم بە پاسکیلسواری، هەستم کرد کە توانای سەرکەوتنم لەم وەرزشەدا هەیە، بۆیە بەردەوام بووم و هەوڵم دا تواناکانم زیاتر پەرە پێ بدەم. * لە ڕوانگەی تۆوە، پاسکیلسواری لە کوردستان و عێراقدا تا چەند توانای ئەوەی هەیە ببێتە وەرزشێکی پێشکەوتوو لە ئاستی ئاسیا و جیهان؟ – پاسکیلسواری لە کوردستان و عێراقدا توانای زۆری هەیە بۆ گەیشتن بە ئاستی ئاسیا و جیهان، بە مەرجێک پشتگیریی بکرێت و ڕاهێنان بە شێواز و تەکنیکە نوێیەکان بەردەوام بێت، بهتایبهتی یاریزانی زۆر باشمان هەیە کە هیچ کەموکوڕییەکیان نییە بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە یاریزانە ئاسیاییەکان، ئەگەر کەرەستە و مەرجی ڕاهێنانی گونجاو بۆیان دابین بکرێت، دەتوانن دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنن. *کێشە سەرەکییهكانی پێشکەوتنی پاسکیلسواری لە کوردستان و عێراقدا چییه؟ -بە بڕوای من، کێشەکە لە چهند بوارێكدایه، لە ڕووی داراییەوە پشتگیریی پێویست نییە، کەرەستە و ئامێرە پێویستەکان بۆ یاریزانان بە تەواوی دابین نەکراون، بۆیە ئەگەر بتەوێت لەگەڵ ئاستی جیهان بڕۆیت، پێویستە لە هەموو ئەم بوارانەدا کار بکرێت. *ئەو دەستکەوتانەی کە بە درێژایی ساڵانی یاریکردنت بەدەستت هێناون كامانهن؟ -لە ماوەی ئەو ساڵانەی یاریم کردووە، چەندین دەستکەوتی گرنگم بەدەستهێناوە، بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەردەوام پلەی یەکەمم لە ئاستی عێراق بەدەستهێناوە، بە تایبەتی لە قۆناغی خوار 18 ساڵ، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، لە ساڵی 2022 میدالیای زیوم لە پاڵەوانێتیی عەرەب لە سووریا بەدەستهێنا، لە ساڵی 2023 میدالیای برۆنزم لە سعوودیە بەدەستهێنا و لە ساڵی 2025یشدا لە پاڵەوانێتیی عەرەبی میدالیای زێڕم بەدەستهێنا. *ئهو یانانهی یاریت کردووە و چەند ساڵە لە هەڵبژاردەی عێراق یاری دەکەیت؟ -ماوەی شەش ساڵە یاریزانی سەرەکیی هەڵبژاردەی عێراقم، بۆ چەندین یانە یاریم کردووە، لەوانە یانەکانی نەورۆز، فەتات، برایەتی، سلێمانی، هەروەها بەشداریی چەندین پاڵەوانێتیی خولی عێراق و کوردستان و پاڵەوانێتیی عەرەب و ئاسیام کردووە. *ماوەیەکی زۆرە بەڵێنی دروستکردنی شوێنی تایبەت بۆ ڕاهێنانی پاسکیلسواری دەدرێت، بەڵام هێشتا هیچ نەکراوە، لەبارەی ئەمەوە چی دەڵێیت؟ -بەداخەوە تا ئێستا هیچ شوێنێکی تایبەت و گونجاو بۆ ڕاهێنانی پاسکیلسواری دروست نەکراوە، ئەمە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ پشتگوێخستنی وەرزش و گرنگیی نهدان بەو یارییە، ئەگەر بەڕاستی بتەوێت وەرزش پێش بکەوێت، پێویستە کردار هەبێت، نەک تەنها بەڵێن و قسە، دروستکردنی شوێنێکی تایبەت بۆ ڕاهێنان دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ پەرەپێدانی ئاستی یاریزانان و گەیشتن بە دەستکەوتی زیاتر. *تا چەند لە ئاست و ئەدای کارەکانی یەکێتیی پاسکیلسواری کوردستان ڕازیت؟ -دەتوانم بڵێم تا ڕادهیهك لهكارهكانیان ڕازی نیم، چونکە بەڕاستی لە ساڵانی دواییدا چالاکییەکی ئەوتۆ ئەنجام نەدراوە کە بتوانێت یارمەتی پەرەپێدانی ئەم وەرزشە بدات، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر ورە و هاندانی یاریزانان دهبێت، پێویستە چالاکی و پاڵەوانێتیی زیاتر ڕێک بخرێن و گرنگیی زیاتر بە یاریزانان بدرێت.