ئەمریکا ئامادەکاری بۆ  هێرشێکی سەربازیی چڕ بۆ سەر ئێران دەکات و هۆشداریش دەداتە وڵاتانی کەنداو بۆ ئەوەی خۆیان ئامادە بکەن، هاوکات بۆ پتەوکردنی بەرگریی ئاسمانی، واشنتن سیستەمی پاتریۆتی ناردووەتەوە ئیسرائیل.

ژمارەیەک سەرچاوەی ئاگادار لە گفتوگۆکان، بە رۆژنامەی “وۆڵستریت جۆرناڵ”ـی ئەمریکییان راگەیاندووە، ئەمریکا بە چەند وڵاتێکی کەنداوی عەرەبی راگەیاندووە، پێویستە خۆیان بۆ هەڵمەتێکی سەربازیی کورت و چڕ لە دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا ئامادە بکەن.

رۆژنامەکە باسی لەوە کردووە، ئەو پەیوەندییانە لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسی و سەربازییەکانەوە بوون، ئەمەش لە نێو ئەو ئاماژانەدایە رۆژ بە رۆژ زیاد دەکەن و دەریدەخەن ئەمریکا و ئیسرائیل خۆیان بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی قورس دژی ئێران ئامادە دەکەن.

ئەم هەنگاوە مەترسیی پەرەسەندنێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە، ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە لاوازکردنی تواناکانی تاران و ناچارکردنی ئەو وڵاتەیە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد، سوپای ئەمریکا سیستەمی پاتریۆتی پاڵپشتی بۆ پتەوکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل، ناردووەتەوە تەلئەڤیڤ.

ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زیاتر لە جارێک باسی لەوە کردووە، ئەگەری هەیە لە دوای هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا، هێرشێکی گەورە بکەنە سەر ئێران، ئەگەر نەگەیشتنە رێککەوتن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران.