خەبات: چیادۆست ڕەسووڵ:

– لە چوارچێوەی هەڵمەتی پاک کردنەوە و بڕین و هەڵپاچینی نەمام و چیمەنی سەرجەم باخچەکان لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی سەنگەر، دەستیان کرد بە خاوێنکردنەوە و هەڵپاچین و بڕین و جوانکاری بۆ ( پارکی سەروەر، پارکی نێوبازاڕ، بەشێکی لە درەختەکانی ڕێگای قادراوا). ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کۆتایی هاتنی مانگی یەکەمی وەرزی پایز و سەرەتای دەستپێکی مانگی دووەمی ئەم وەرزە، چونکە بە قسەی خۆیان باشترین و گونجاوترین کاتە بۆ ئەوەی نەمامەکان بەباشی سوود لەو هەڵپاچینە وەربگرن و نەبێتە هۆی سەرمابردنی درەختەکان. شایانی باسە لەم ماوەیەدا و لە تەواوی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، بە سەرجەم قەزاو گوند و ناحیەکانەوە، تیمەکانی شارەوانی دەستیان کردووە بە بڕین و هەڵپاچینی درەختەکانی نێو بازاڕ و دەروازەی شارۆچکەکان و پارک و باخچەکان، ئەمەش وەک پێویستیەک بۆ دووبارە خۆ نوێکردنەوە و ڕێکخستنی پەل و لق و پۆی دارەکان و کە هەر یەکەیان بە شێوازێک هەڵپاچینی بۆ دەکرێت، بۆ نمونە هەڵپاچینی گوڵی باخچەکان جیاوازە لە هەڵپاچینی داری ناروەند و هەروەها هەڵپاچینی هەندێک جۆری سنەوبەر پێویستە جیاواز بێت لەگەڵ هەڵپاچینی داری چنار یان دار توو و تاڵی تۆزەکان. ڕۆژنامەی خەبات پەیوەندی کرد لەگەڵ ڕابەر محەمەد سەعید ئەندامی دەستەی ژینگە پارێزی شارۆچکەکە لە دەڤەری پشدەر و سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، ناوبراو بە خەباتی ڕاگەیاند: پێشتر کاری تیمەکانی شارەوانی لە تەواوی سنوورەکە دەتوانم بڵێم تۆزێک هەڕەمەکی و کلاسیکیبوونی پێوە بوو، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە و بەشێکی زۆری کارمەندەکان شارەزاییەکی تەواویان هەیە لە چۆنێتی هەڵپاچین و بڕینی لق و قەد و پەلەکانی، بەشێکی زۆریشیان بۆ جوانکاری ئەم هەڵپاچینە دەکەن، بە زۆریش لەو دارانەدا جوانکاری دەکرێت کە شێوازی گەشەی گەڵا و پەلەکانیان پڕ و بەربڵاون و بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانرێت باشتر و زیاتر کاری هونەری لە ڕازاندنەوەیدا بکرێت، بۆ نمونە ناتوانین بە ئاسانی جوانکاری بۆ لقەکانی درەختێک بکەین کە گەڵاکانی تەنکن و لقەکانی بچووک و باریکن. سەبارەت بە کاری کارمەندەکانی تیمەکانیش ڕابەر محەمەد ئەوەشی بە خەبات گوت: دوو گەنجی خۆبەخش و چالاک و دەستڕەنگین لە قەزای پشدەر هاوکاری تیمەکانی سەرجەم شارەوانیەکان دەکات لە سەرجەم ناحیە و شارۆچکەکانی سنوورەکە، ئەمەش جێگەی دڵخۆشیە و ئەوان بەبێ هیچ پاداشت و پارەیەک بەڵێنیان پێداوین هاوکار بن و هەمیشە و هەموو ساڵێکیش بەبێ پسانەوە و لە پێناو خۆشەویستیان بۆ سەرجەم دارەکان و تەواوی گوڵ و چیمەنی باخچەکان و تا ئەو شوێنەی لە توانایاندایە خزمەت بە دەڤەرەکە بکەن. شایانی باسە لە ساڵانی پێشوودا چەندین جۆر نەمام و درەختی جیاواز لە دەرەوەی ووڵات لە لایەن ڕێکخراوە خێرخوازی و ژینگە پارێزی و خەڵکە چالاکوان و خەمخۆرەکەی سنووری پشدەر دەنێردرانەوە بۆ جوانکاری لە دەروازەی شار و گوندەکان، بەڵام چونکە جۆری ئەم دارانە نامۆ بوون بە خاک و ئاوو هەوای کوردستان و جیا لەوەش بە هۆی نەزانین و ناشارەزایی و لە خزمەتکردن و ئاودان و بڕین و هەڵپاچینیان؛ ئەوا بەداخەوە بەشێکی زۆریان هەر زوو لە نێو دەچوون، یاخود بۆ ماوەیەک گەشەیان دەکرد، بەڵام دواتر لە گەشە دەوەستان و ئینجا هێواش هێواش بەرە و لە سیس بوون و ووشک بوون دەچوون، بەڵام وەکو ڕابەر محەمەد عەلی ئەندامی دەستەی ژینگە پارێزی ڕایگەیاند: ئێستا ساڵانە خوول و چالاکی ڕێنمایی و هۆشیاری دەکرێتەوە لە ناوەندەکەمان بۆ سەرجەم ئەو کەس و کارمەندانەی کە ئارەزووی کاری جوانکاری و خزمەتکردنیان هەیە لە درەخت و باخچەکان، کە ئەمەش بە ئامادەبوون و ڕێنمایی مامۆستای بەشی کشتوکاڵ یان زۆرجار ئەندازیاری شارەزا لەم بووارەدا سیمینارەکە ڕێکخراوە و هەڵمەتەکە بەڕێوەچووە، یان زۆر جار ئێمە لە ڕێگەی نامیلکەی تایبەت بە بواری ژینگە و ڕێگاکان و چۆنێتی خزمەتکردن بە نەمام و باخچەکان بڵاو دەکەینەوە و نەک هەر بۆ شارەوانیەکانی سنوورەکە؛ بەڵکو هەموو جارەکان کۆپیەکی زۆر بۆ ناوەندەکانی خوێندن و دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی دەنێرین، وەکو فەرمانگەکان و خەستەخانە و بنکەکانی پۆلیس و ئاسایش و تەنانەت زۆر جار ئەم ڕێنماییانە ئاڕاستەی بنکە و بەڕێوەبەرایەتیەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەش دەکەین.