بڕیارێكی به‌جێ، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ ببێ

219

ب. ئه‌نوه‌ر

له‌ شاری سلێمانی، 3 پارێزه‌ر سكاڵانامه‌یه‌كیان بۆ پارێزگاری ئه‌و شاره‌ به‌رزكردۆته‌وه‌، كه‌ ئیدی فرۆشتنی خانوو و شوققه‌ به‌ عه‌ره‌ب ڕابگیرێ، چونكه‌ وا خه‌ریكه‌ به‌ ئاشكرا دیمۆگرافیای ئه‌و شاره‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی دانیشتووانی عه‌ره‌ب ده‌گۆڕێت.

له‌ مێژووی شاری سلێمانیدا، هه‌رگیز ئه‌وه‌نده‌ عه‌ره‌ب نه‌هاتۆته‌ ئه‌و شاره‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌كاتی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ددامی دیكتاتۆریشدا كه‌ به‌ ئاگر و ئاسن و تۆقاندن ئه‌و شاره‌ی به‌ڕێوه‌ ده‌برد و خه‌ریكی عه‌ره‌باندنی شاره‌كانی كوردستان بوو، نه‌یتوانی یان ڕاستتر وایه‌ نه‌یده‌وێرا عه‌ره‌ب ڕه‌وانه‌ی نێو شار بكات، جگه‌ له‌ كارمه‌ندانی خۆی و ئه‌من و ئیستخبارات، چونكه‌ ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه‌ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ شۆڕشگێڕه‌كانی كورده‌وه‌ قه‌ڵاچۆ بكرێن.

به‌ڵام ئێستا و به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌ی پارێزگاری پێشووی سلێمانی (ئاسۆ فه‌ره‌یدون) كه‌ له‌ ڕۆژی 6/6/2016 ده‌ریكرد، مۆڵه‌تی به‌ عه‌ره‌ب دا كه‌ شوققه‌ و خانوو له‌نێو شار بكڕن و ئه‌مه‌ش بووه‌ هه‌ڵێك بۆ عه‌ره‌ب كه‌ بتوانێ له‌ شار نیشته‌جێ بێ و عه‌ره‌باندنێكی یاسایی به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌ دێرینه‌دا بسه‌پێنرێ كه‌ ئه‌مڕۆ وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدی به‌رۆكی ئه‌و شاره‌ی گرتووه‌ و مه‌ترسی گۆڕینی دیموگرافیای ئه‌و شاره‌ی خستۆته‌ڕوو.

بۆیه‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ئه‌و ڕاستیانه‌یان بۆ دادگا به‌رزكردۆته‌وه‌ كه‌ بڕیارێك له‌وباره‌یه‌وه‌ بدات و نه‌هێڵێ ئیتر موڵك و ماڵ به‌ عه‌ره‌ب بفرۆشرێت.

ئه‌م پڕۆسه‌ی عه‌ره‌باندنی شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێی بازرگانانی به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌وه‌، زۆر به‌ ئاشكرا ده‌بینرێ و گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بێت و به‌ری پێنه‌گیرێت ئه‌وا مه‌ترسی ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌موو هه‌رێم و دیمۆگرافیای سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌گۆڕێت.

ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ به‌رز ده‌نرخێندرێت، گه‌ر بڕیارێكی به‌جێ له‌و باره‌وه‌ بدرێ و جێبه‌جێ بكرێت.