دڵنیایی نیشتمانی و پێویستیی خێرای کاراکردنەوەی پەرلەمان لە قۆناغێکی هەستیاردا

133

کاروان محه‌مەد سینۆ
لە کاتێکدا ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیار و بارودۆخێکی سیاسی و ئەمنیی پڕ لە گۆڕانکاری و پێشبینینەکراودا تێدەپەڕێت، و لە سایەی کۆمەڵێک ئاڵەنگاری و مەترسیی دەرەکی کە هەندجار کاریگەرییان لەسەر کوردستان و سەرجەم ناوچەکە دروستکردووە، هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری و سیاسی توانیویەتی تا ئاستێکی باش لە بەڵا و کارەساتە گەورەکان پارێزراو بێت سەرەڕای قەبارەی ئەو ئاڵەنگاری و لێکەوتە سیاسی و سەربازییانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕوویاندا. بەڵام هەڵسەنگاندنە سیاسییە وردەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هیچ مەترسییەکی جەوهەری و بنەڕەتی لەسەر بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان بوونی نییە.
لەم چوارچێوەیەدا، وەک چۆن لە روانگەی بەرپرسانی باڵا و سەرکردایەتیی سیاسییەوە جەخت لەسەر هەستیاریی دۆخەکە و گرنگیی پاراستنی هاوسەنگییەکان کراوەتەوە، لە هەمانکاتیشدا ئاماژە بەوە دراوە که پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور و هاوسەنگی بەڕێوەدەچن و داوای زیاتر لە مافە دەستوورییەکان ناکرێت و کەمتر لەوەش قبووڵ نادەکرێت. هاوکات لە گوتار و هەڵوێستە فەرمییەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانیدا بەڕوونی جەخت لەسەر دڵنیاییاردنی هاووڵاتییان کراوەتەوە کە “هیچ مەترسییەکی ئەمنی لەسەر هەرێمی کوردستان نییە” و داهاتوویەکی ڕووناکتر و سەقامگیرتر چاوەڕێی خەڵکی کوردستان دەکات. ئەم ڕوانگە هاوبەشە نیشتمانییە، بناغەیەکی متمانەپێکراو بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان پێکدەهێنێت.
لەپاڵ دڵنیاییە ئەمنی و سیاسییەکاندا، قۆناغی ئێستا پێویستیی بە هەڵوێستێکی بەرپرسانە و نیشتمانیی هەیە لەلایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانتارانی کوردستانەوە. لەم ڕوانگەیەوە، مەسرور بارزانی ڕەخنەی ئاراستەی بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان کردووە و بە “ڕاکردن لە بەرپرسیارەتی” وەسفی کردووە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە پەرلەمانتاران بگەڕێنەوە و وەفادار بن بەرامبەر بەو دەنگانەی کە خەڵک پێیان بەخشیوون. کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەم دۆخەدا ئەرکێکی نیشتیمانی و سیاسی و کلیلە بۆ هەنگاونان بەرەو بەربەرەکانیکردنی کێشەکان و زەمینەسازیکردن بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی ئەم باردۆخە هەستایار و ناهەموارەی کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ناوچەکە بووتەوە، چونکە بەبێ پەرلەمانێکی کارا لە کوردستاندا، پرۆسەی بەربەرەکانی باردۆخی هەستایار و ناهەموار سست و لاواز دەبێت کە هۆکار و ئۆباڵەکەشی دەکەوێە ئەستۆی ئەو کەس و لایەنانەی کە لەبەر هەر هۆکارێک بێت خۆیان بەدوور دەگرن لە یەکڕیزی و سازانی نیشتیمانی لەسەر بنەمای عەقڵ و لۆجیک.
جیگای ئاماژە پێکردنە کە سەرەڕای گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە کۆتاییهاتنە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کە وەک هەنگاوێکی پێشبینیکراو و بەستراو بە کۆتاییهاتنی ئەرکیان دژی داعش سەیر دەکرێت، هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقی فیدڕاڵ لە ئاستێکی بەرز و باڵای ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک، بە جۆرێک کە بۆشایی ئەمنی لە دەڤەرە دوورەدەستەکانی عێراقی فیدڕاڵ دروست نەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ تەواوکردنی زەمینەی سەقامگیریی سەربازی، جەخت لەسەر گرنگیی دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و دژە درۆن بۆ هەرێمی کوردستان کراوەتەوە و لەم ڕووەوە گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و دۆستان بەڕێوەدەچێت.
لە کۆتاییدا، دۆخی ئێستای کوردستان؛ سەرەڕای ئاڵەنگاری و ئایندەی نادیار، پێویستی بە یەکڕیزیی نیشتیمانی ناوخۆیی، خێراکردنی پرۆسەی سیاسی لە ڕێگەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ و کارا هەیە، بە جۆرێک کە بتوانێت متمانە و ئارامی و سەقمگیری بۆ هاووڵاتییان و قەوارەی هەرێمی کوردستان دابین بکات.