هەرێمی کوردستان و ئاسایشی ئاو لە ناوەندی قەیرانی ئاودا

136

د. ئەیوب گەڵاڵی
ئەگەر لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دوور لە قەیرانە ئاسایی و سیاسییەکانی ئەم ناوچەیە بڕوانین، یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی داهاتوو بێگومان بابەتی ئاوە، کە زۆر بەشێنەیی لە بابەتێکی ژینگەیی و خزمەتگوزارییەوە دەگۆڕێت بۆ بابەتگەلێکی ستراتیژی، ئابووری و ئەمنی، بابەتێک کە دەتوانێت کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان، کۆچ، کشتوکاڵ، ئابووری و تەنانەت ئارامیی سیاسیی ناوچەکە دابنێت.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەگمەنبوونی سەرچاوەکانی ئاو و زیادبوونی پێویستییەکان ڕووبەڕووی مەترسیی زیاتر دەبێتەوە، گەشەی دانیشتوان، شارنشینی، پەرەسەندنی کشتوکاڵ، گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵییە درێژخایەنەکان و کەمبوونەوەی بارانبارین، هەموویان گوشار لەسەر سەرچاوەکانی ئاو زیاد دەکەن، لە هەمان کاتدا، زۆربەی ڕووبارە گرنگەکانی ناوچەکە لە سنووری یەک دەوڵەتدا کۆتایی نایەن، بەڵکوو لە چەند وڵاتێکەوە تێدەپەڕن و ئەمەش بابەتی ئاو دەکاتە بابەتێکی نێودەوڵەتی و جیۆپۆلیتیکی.
کێشەکانی نێوان تورکیا و عێراق لەسەر دجلە و فورات، تورکیا و سوریا، ئێران و عێراق، هەروەها ململا‌نێکانی پەیوەندیدار بە سەرچاوەکانی ئاو لە نێوان ئیسرائیل لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئەردەن و لوبنان ، میسرو ئەسیوبیا، نیشانەی ئەوەن کە ئاو چیتر تەنیا سەرچاوەیەکی سروشتی نابێت، بەڵکوو دەکرێت ببێتە بەشێک لە هاوکێشەی هێز و پەیوەندییە سیاسییەکانی ناوچەکە. بەڵام لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە: ئایا پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوەندی ئەم گۆڕانکارییەدا لە کوێدایە؟
جوگرافیای هەرێمی کوردستان لە شوێنێکی ئێجگار هەستیار و تایبەت هەڵکەوتووە، ئەویش نزیک سەرچاوە و حەوزە ئاوە گرنگەکانی ناوچەکەیە و لە نێوان دوو وڵاتی خاوەن سەرچاوەی ئاوە سەرەکییەکانە کە تورکیا و ئێرانە، ئەمە لە لایەکەوە هەڕەشەیە بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەتوانێت بۆ هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی ستراتیژی بێت.
ئەگەر نەخشەی ئاوی ناوچەکە بە وردی بخوێنینەوە دەبینین کە هەرێمی کوردستان تەنیا بەکارهێنەرێکی ئاو نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە بەشێک لە سیستەمی پاراستن، کۆکردنەوە و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، دیارە ئەمەش پێویستی بە گۆڕینی دیدگای خودی ئاوەوە هەیە، واتە ئاو تەنها وەک بابەتێک بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە سەیر نەکرێت، بەڵکو وەک بەشێک لە ئاسایشی ئاو و لە هەمان کاتدا بەشێک لە ئاسایشی نیشتیمانی، ئابووری و ژینگەیی دابنرێت.
ئاسایشی ئاو بۆ هەرێمی کوردستان چییە؟
ئاسایشی ئاو تەنیا بە مانای ئەوە نییە کە ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان دابین بکرێت، بەڵکو بریتییە لە دڵنیابوون لە بەردەستبوونی ئاوی پاک و بەردەوام بۆ خواردنەوە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، بەرهەمهێنان و پاراستنی ژینگە، لەگەڵ توانای کۆمەڵگا و حکوومەت بۆ وەڵامدانەوەی وشکەساڵی، کەم ئاوی و لافاو و .. هتد.
لە هەرێمی کوردستان ئاسایشی ئاو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئاسایشی خۆراک، ئاسایشی ئابووری و ئارامیی کۆمەڵگا هەیە، کەمبوونەوەی ئاو کاریگەری لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵ دەبێت و کەمی دەکات، پێویستی هاوردەکردنی خواردن زیاد بکات، نرخی کاڵاکان بەرز دەکاتەوەو گوشار لەسەر شارەکان و دامەزراوە حکوومییەکان زیاد دەکات، لە هەمان کاتدا ئەگەر ئاوی ژێر زەوی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بەکاربهێنرێت، مەترسییەکە تەنها بۆ ئەمڕۆ نابێت، بەڵکو بۆ نەوەکانی داهاتووشە، لەم ڕووەوە ئاسایشی ئاو دەبێت ببێتە بەشێکی سەرەکی لە پلان و ستراتیژییە درێژخایەنەکانی هەرێم، واتە هەر پڕۆژەیەکی ئاو بەشێوەیەک هەڵنەسەنگێنرێت کە چەند ئاوی زیاتر دابین دەکات، بەڵکوو دەبێت بپرسین تا چەند سەرچاوەکە دەپارێزێت؟ تا چەند بەردەوامە؟ تا چەند گوشار لەسەر ئاوی ژێر زەوی کەم دەکاتەوە؟ تا چەند توانای هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی زیاد دەکات؟
لەم ڕووەوە، ئەو پڕۆژە و هەنگاوانەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی توانای کۆکردنەوەو بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو دەستیان پێکراوە، گرنگییەکی تایبەتیان هەیە، دروستکردنی بەنداوی نوێ، چاککردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخانی ئاو، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان و پاراستنی سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی بەشێکن لە ستراتیژیی گشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی خودی سەرۆکی حکوومەت مەسرور بارزانی بۆ ئاسایشی ئاو.
دیارە لە نێوان ئەم پڕۆژانەشدا پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێرە کە یەکێکە لەو پڕۆژە ستراتیژیانەی کە دەتوانێت لە بواری ژێرخانی ئاوەوە کاریگەرییەکی درێژخایەنی هەبێت.
گرنگیی ئەم جۆرە پڕۆژانە تەنها لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەدا نییە، بەڵکوو لەوەدایە کە دەتوانن گوشار لەسەر سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی کەم بکەنەوە و بیانپارێزن.
ئەم خاڵە زۆر گرنگە، چونکە سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی زۆرجاران بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و نادروست بەکاردەهێنرێن، کاتێک دەرهێنانی ئاو لە بیرەکان بەردەوام دەبێت و لە هەمان کاتدا رێژەی بارانبارین کەم دەبێتەوە، هاوسەنگیی نێوان ئەو ئاوەی دەردەهێنرێت و ئەوەی دەگەڕێتەوە ناخی زەوی تێکدەچێت، ئەگەر ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت، مەترسیی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و ووشکبوونی هەندێک سەرچاوەو زیادبوونی تێچووی دابینکردنی ئاو لە داهاتوودا زیاد دەبێت، بۆیە سیاسەتی ئاو لە هەرێمی کوردستان نابێت تەنیا لەسەر دروستکردنی بەنداو و پڕۆژەکانی دابینکردنی ئاو بێت، پێویستە ستراتیژییەکی تەواو هەبێت کە کۆکردنەوەی ئاو، پاراستنی سەرچاوەکان، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو، نوێکردنەوەی تۆڕەکانی ئاودێری، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ کشتوکاڵ و چاودێریکردنی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لەخۆ بگرێت.
لە هەمان کاتدا، گۆڕانی کەشوهەوا هۆکارێکی دیکەیە کە نابێت پشتگوێ بخرێت، زیادبوونی پلەی گەرما و گۆڕانی شێوازی بارانبارین دەتوانێت لە هەندێک ناوچەدا وشکەساڵی درێژتر و لە هەندێک شوێنی دیکەدا بارانە بەلێزمەکان زیاد بکات، بارانی زۆر بە مانای دابینبوونی ئاو نییە، چونکە ئەگەر ژێرخانی کۆکردنەوە و بەکۆگاکردنی ئاو نەبێت، بەشێکی زۆر لەو ئاوە بەفیڕۆ دەڕاوت و لەدەست دەچێت.
بۆیە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو پێویستی بە چەمکێکی نوێ هەیە ئەویش ئەوەیە کە نابێت ئاو تەنیا کۆبکرێتەوە، بەڵکو دەبێت ژیرانە بەڕێوەببرێت و ئاسایشی ئاو ببێتە ئامانجی سەرەکیی هەموو پڕۆژە و سیاسەتەکان. لە ڕووی سیاسی و جیۆپۆلیتیکیشەوە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە داهاتوودا ڕۆڵێکی گرنگتری لە گفتوگۆکان له‌سه‌ر ئاو لە ناوچەکەدا هەبێت، ئەمە پێویستی بە سیاسەتێکی ئاوی ڕوون و هاوئاهەنگ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق هەیە، چونکە زۆرێک لە سەرچاوەکانی ئاو لە چوارچێوەی سنووری هەرێمدا کۆتایی نایەن و بە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێوە گرێدراون، لەو ڕووەوە بابەتی ئاو دەتوانێت ببێتە بەشێک لە دیپلۆماسییەتی ئاو.
عێراق و هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا پێویستیان بە گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ تورکیا و ئێران هەیە، نەک تەنیا ئەوکاتەی کە وشکەساڵییەکی پڕوکێنەر ڕوودەدات، بەڵکو بە شێوەیەکی بەردەوام و دامەزراوەیی ، هاوکاریی زانستی، گۆڕینەوەی داتاو زانیارییەکان، ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە کەمبوونەوەی ئاوو دانانی میکانیزمی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی حەوزی ئاوەکان دەتوانێت گرنگییەکی زۆری هەبێت.
لە هەرێمی کوردستاندا پێویستە بابەتی ئاو لە ئاستی حکوومەتەوە بگوازرێتەوە بۆ ئاستی کۆمەڵگا، چونکە پاراستنی ئاو تەنیا ئەرکی حکوومەت نییە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، خانوو و شارنشینی، هەموویان بەکارهێنەری ئاون و هەموویان دەبێت بەشێک بن لە پرۆسەی پاراستنی ئەم سەرچاوەیە.
لە هەمان کاتدا، پێویستە هەرێم سیستەمێکی نوێی زانیاری و چاودێریکردنی ئاو دروست بکات کە دۆخی سەرچاوەکان بەردەوام بپشکنێت، لە ئاستی ئاوی ژێر زەوی و کۆگا و بەنداوه‌کانەوە بگرە تا ڕێژەی بەکارهێنان لە کشتوکاڵ و پیشەسازی و پێداویستیی ئاوی شارەکان.
بەبێ داتا و زانیاریی ورد و دروست هیچ ستراتیژییەکی ئاوی درێژخایەن ناتوانێت بە شێوەیەکی بەردەوام و دروست کار بکات، هەروەها، هەرێم پێویستی بە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە هەیە بۆ وشکەساڵی و لافاو، ئەمە دەتوانێت یارمەتی دەربێت بۆ دامەزراوە حکومییەکان، جوتیاران و شارەوانییەکان کە بەر لە روودانی قەیران هەنگاوی پێویست بهاوێژن.
لە بواری کشتوکاڵیشدا، ئاسایشی ئاو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئاسایشی خۆراکەوە هەیە، پێویستە بەکارهێنانی سیستەمی ئاودێری نوێ، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو و هەڵبژاردنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی کە پێویستیان بە ئاوێکی کەمتر هەیە ببێتە بەشێک لە پلاندانانی کشتوکاڵی هەرێم، ئەگەر کشتوکاڵ و سیاسەتی ئاو لە دوو ئاراستەی جیاوازدا بەڕێوەببرێن، کێشەکە لە داهاتوودا ئاڵۆزتر دەبێت.
هەرێمی کوردستان ئەگەر بتوانێت سەرچاوەکانی ئاوی خۆی بە شێوەیەکی دروست کۆبکاتەوەو هەروەها بەشێوازێکی زانستیانەو دروست بیانپارێزێت و بەکاریان بهێنێت، ئەوا لە داهاتوودا دەتوانێت لە شوێنێکی جۆگرافیایی کە لە ناوچەیەکی پڕ مەترسیی ئاویدایە بگۆڕێت بۆ ناوچەیەکی گرنگ بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و بەهێزکردنی ئاسایشی ئاو، بەڵام ئەمە لەخۆڕا ڕوونادات، بەڵکو پێویستی بە پلانێکی درێژخایەن، بودجەی بەردەوام، زانست و تەکنەلۆژیا و بەڕێوەبردنی سەردەمیانە هەیە.
لە داهاتوودا کێشەی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی جیاوازتر خۆی نیشان دەدات ، کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵ، گرانیی خۆراک، زیادبوونی کۆچ، فراوانبوونی شارنشینی و گوشار لەسەر حکوومەتەکان ئەمانە هەمووی شێواز و فۆرمی ئەو جیاوازییەن، بۆیە پەیوەندیی نێوان ئاوو ئاسایش نابێت تەنها بە مانای «شەڕی ئاو» تێبگەین، مەترسیی سەرەکی دەتوانێت لە کۆمەڵە کاریگەرییەک پێکبێت کە بە هێواشی کۆدەبنەوە و کۆمەڵگاو وڵاتان ناچار دەکەن بڕیارە نوێکان بدەن.
لەم ڕووەوە، دەکرێت بڵێین ئاو بۆ هەرێمی کوردستان تەنها بابەتێکی ژینگەیی نییە، بەڵکو بابەتێکی پەیوەندیدار بە ئاسایشی ئاو، ئاسایشی نیشتیمانی، ئابووری، کشتوکاڵ، ئاسایشی خۆراک، شارنشینی و سیاسەتی دەرەوەشە، ئەگەر نەوت لە سەدەی ڕابردوودا یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی جیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، ئەوا ئاو دەتوانێت لە سەدەی بیستویەکەمدا ببێتە یەکێک لەو سەرچاوەیەی کە کاریگەری لەسەر هاوکێشەی هێز و پەیوەندییەکانی ناوچەکە ببێت.
دیارە هەرێمی کوردستان بۆ ئەم پێشهاتە پێویستی بە ئامادەکاریی تەواو دەبێت ، پێویستە ئاو و ئاسایشی ئاو لە پلاندانانی ستراتیژیی هەرێمدا پێگەیەکی سەرەکیان هەبێت، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ وەک کێشەی دابینکردنی ئاو دەیبینین، لە داهاتوودا دەتوانێت ببێتە پرسیاری ئاسایش، ئابووری و ئارامیی کۆمەڵگا.
لە کۆتاییدا، پرسیارەکە ئەوە نییە کە «ئایا قەیرانی ئاو دێت؟»، بەڵکو پرسیاری گرنگتر ئەوەیە: کاتێک گوشارەکانی ئاو زیاد دەبن، ئێمە تا چەند ئامادەین؟
ئەگەر ئێستا وەڵامی ئەم پرسیارە بە پلان، زانست، ژێرخان و بەڕێوەبردنی دروست بدرێتەوە، ئەوا قەیرانی ئاو تەنها هەڕەشە نابێت، دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەپێدانی ژێرخان ، نوێکردنەوەی سیستەمی کشتوکاڵ، پاراستنی سەرچاوەکان و بەهێزکردنی ئاسایشی ئاو و پێگەی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان. بەڵام ئەگەر ئاو وەک بابەتێکی لاوەکی سەیر بکرێت، ئەوا قەیرانەکە لە داهاتوودا دەتوانێت زۆر گەورەترو کاریگەرتر بێت لەوەی ئێستا خەڵک پێشبینی دەکەن هەیە بۆ وشکەساڵی و لافاو، ئەمە دەتوانێت یارمەتی دەربێت بۆ دامەزراوە حکومییەکان، جوتیاران و شارەوانییەکان کە بەر لە روودانی قەیران هەنگاوی پێویست بهاوێژن.
لە بواری کشتوکاڵیشدا، ئاسایشی ئاو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئاسایشی خۆراکەوە هەیە، پێویستە بەکارهێنانی سیستەمی ئاودێری نوێ، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو و هەڵبژاردنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی کە پێویستیان بە ئاوێکی کەمتر هەیە ببێتە بەشێک لە پلاندانانی کشتوکاڵی هەرێم، ئەگەر کشتوکاڵ و سیاسەتی ئاو لە دوو ئاراستەی جیاوازدا بەڕێوەببرێن، کێشەکە لە داهاتوودا ئاڵۆزتر دەبێت.