
سەڵاح شاکەلی
دوو نامەی بەناوبانگ و مێژوویی لە گۆڕێدان کە لە نێوان شێخ محەمەد عەبدە و ڕۆماننووسی ڕووسیی لیۆ تۆلستۆیدا ساڵی (١٩٠٤) ئاڵوگۆڕ کراون کە جوانترین بەڵگەن دەیسەلمێنن توانای گفتوگۆ لە نێوان ئیسلام ومەسیحیدا لە دەرەوەی لۆژیکی ململانێی ئاینیدا هەبووە.
نامەی محەمەد عەبدە بۆ تۆلستۆی:
محەمەد عەبدە لە عەین شەمسی قاهیرە لە (٨/٤/١٩٠٤)دا نامەکەی نووسیوە دوای ئەوەی کە خوێندنەوەی بۆ بیروبۆچوونی تۆلستۆی و ئەو نووسینانەی کە پەیوەندیان بە ئیسلام و پێغەمبەر (محەمەد درودی خوای لیبێت) هەبووە کردووە، نامەکەی محەمەد عەبدە ئەو ڕاستیە دەخاتە بەرچاو کە ناوبراو چەند سەرسام بووە بە ڕەهەندی ئەخلاقیی و ڕۆحیی لە هزری تۆلستۆیدا.
پڕبایەخترین دەربڕینەکانی عەبدە:
ئەی دانای گەورە مسیۆ تۆلستۆی بەخت یاوەرمان نەبوو لە نزیکەوە کەسێتیت بناسین بەڵام خۆمان بێ بەش نەکرد لە ناسینی ڕۆحتدا، شەوقی بۆچوونەکانت بەسەرماندا درەوشایەوە و لە ئاسۆماندا ڕۆژی بۆچوونەکانت هەڵهات. ئەوجا محەمەد عەبدە وای دەبینێ کە تۆلستۆی لە ڕێی ئەزموونی بیروبۆچوونەکانیەوە لە سروشتی زگماکی یەکتاپەرستی و ڕەوشت وکارکردن تێگەیشتوە و دەڵێ: ئەو درکی بەوە کردووە کە مرۆڤ بۆ ئەوە هاتوەتە بوون کە بە زانست بچێنرێت بە کردەوەش بەرهەمدار بێت.
ئەوەی سەرنج ڕادەکێشێ محەمەد عەبدە بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵ تۆلستۆیدا نەکردووە کە کەسێکی بیانی و دیانە بەڵکە وای دیتوە کە مرۆڤێکە بە شوێن ڕاستیدا دەگەڕێت، لەهەمان کاتدا بە جۆرێک ستایشی دەکات کە دەسهڵاتی دەقگرتووی ئاینی تێپەڕ کردووە و پێی دەڵێ: بە جۆرێک تەماشای ئاینت کردووە کە پەردەت لەسەر دەقگرتووییەکەی هەڵماڵی و گەیشتیتە ڕاستیی یەکتاپەرستی، ئەم دەستەواژەیە بەتایبەتی زۆر گرنگە چونکە لەخۆیدا ڕەنگدانەوەی وێنەی محەمەد عەبدەیە بۆ چاکسازیی ئاینی واتە: گەڕانەوە بۆ ناخی ئاین لە جیاتی ڕادەستبوون بە نەریتە ڕەقهەڵاتووەکان.
وەڵامی تۆلستۆی بۆ عەبدە دوای نزیکەی مانگێک تۆلستۆی وەڵامی نامەکەی شێخ محەمەد عەبدەی دایەوە و سەرچاوەکان دەڵێن وەڵامەکەی بە زمانی فرانسی لەسەر داوای محەمەد عەبدە نووسیوەتەوە.
لێرەدا سەرسوڕمانییەکی هزریی گەورە سەرهەڵدەدات، تۆلستۆی لە ناوەڕۆکی نامەکەیدا دەڵێ: سەرەڕای جیاوازیی بیروباوەڕ لە نێوان خۆی وعەبدەدا هەست دەکات هەردووکیان پابەندن بە یەک ئاینەوە کە لە قووڵایی ڕەوشتدا بریتیە لە: بڕوابوون بە خودا، خۆشویستنی ئەوی دی و هەڵسوکەوت لەگەڵیدا بەو جۆرەی کە پێمان خۆشە ئەویش لە بەرانبەرماندا وابێت.
تۆلستۆی وای دەبینێ کە ئاینە ڕاستەکان بەشدارن لە بنەماکانی ڕەوشتدا و کێشەکە لەوێوە سەرهەڵدەدات کاتێک ئاینەکان سیخناخ دەبن لە چەقبەستوویی هزر و ئەفسانە و نەریتگەلێک کە مرۆڤەکان پەرتەوازە دەکەن بەڵام ساکار کردنەوەی ئاین و پاکسازی کردنی بۆ نزیککردنەوەی لە نیازە مرۆییەکانی بریتیە لەیەکگرتنی مرۆڤایەتی.
دواتر تۆلستۆی پرسیارێکی سەرسوڕهێنەر ئاراستەی محەمەد عەبدە دەکات و دەڵێ: ڕات چۆنە دەربارەی باوەڕی (ئەلباب – الباب) و بەهائوڵڵا و لایەنگرانی؟ ئەمە پرسیارێکی گرنگە چونکە لە خۆیدا ئەوە ئاشکرا دەکات کە تۆلستۆی نەیویستوە تەنیا گۆڕینەوەی دەستخۆشیی لە یەکدی بکەن بەڵکو ویستوویەتی بچێتە نێو گفتوگۆیەکی هزریی ڕاست لەگەڵ بیریارێکی ناسراوی ئیسلامدا.
بایەخی ئەم دوو نامەیە لە ڕووی فەلسەفیەوە چیە؟ دەکرێ ناوەڕۆکی نامەکان لە سێ ئاستدا کورت بکرێنەوە:
1) – ئاین پێش مەزهەب:
ئەو دوو پیاوە بە پلەی جیاواز بەوە لێک جودا دەکرێنەوە کە لە نێو ناوەڕۆکی ئاین و فۆرمە مێژوویی و دامەزراوەییەکاندا کە پێوەی لکێندراوە:
– لای محەمەد عەبدە: ئاینی ڕاستیی لەگەڵ ئەقڵ و غەریزەدا پێچەوانە (دژ) نیە.
– بەڵام لای تۆلستۆی: ئاینی ڕاستیی ئەوەیە کە ڕێنمایی مرۆڤ دەکات بۆ لای خودا و خۆشەویستی و ڕەوشت.
٢) – ڕەوشت (ڕەفتار و هەڵسوکەوت):
کە وەک زمانێکی هاوبەش پێناسەکراوە گفتوگۆی نێوانیان بەو پێیە ڕانەوەستابوو بیسەلمێنێ کەوا یەکێکیان موسڵمان و ئەویتر مەسیحیە بەڵکوو لەسەر بنەمای گەڕان بەدوای نەریتە هاوبەشەکاندا خۆی ڕاگرتبوو کە بریتین لە (خودا، خۆشەویستیی، چاکە، کارکردن، خزمەتکردنی مرۆڤ، رەدکردنەوەی دەمارگیری)، لێرەدا لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا بیرۆکەیەکی زۆر نوێخوازیی سەرهەڵدەدات بە جۆرێک کە مرۆڤ پێی دەکرێت لە ڕووی باوەڕەوە جودا بێت لەوی دیکە بەڵام پێیان دەکرێت لە ڕووی رەوشت و مرۆڤبوونەوە یەکگرتوو بن.
٣)- ڕەخنە لە دەمارگیری ئاینی:
ئەوەی لەم بوارەدا وروژێنەرە محەمەد عەبدە و تۆلستۆی سەرەڕای جیاوازیی گەورە بەڵام هاوڕابوون لە ڕەخنەگرتن لە ئاینی وشکهەڵاتوو، پڕۆژەی چاکسازیی محەمەد عەبدە لە بارەی ئازادکردنی هزری ئیسلامیی لە چەقبەستن و لاسایی کردنەوەی کوێرانەدا چالاک بوو.
بەڵام تۆلستۆی ڕەخنەی لە دامەزراوەی ئاینی و ڕێورەسم و بیر و باوەڕێک دەگرت کە ئەو پێی وابوو باوەڕی ڕەفتار کارانی پەردەپۆش دەکات ئەمەش یەکێکە لە هۆیەکانی هەستکردنی ئەو بە نزیکیی بیروبۆچوونی لە نامەکەی محەمەد عەبدەوە.
پارادۆکسی مێژوویی جوان:
بەگوێرەی ئەوەی لە مێژوودا چەسپاوە نامە گۆڕینەوەی درێژ لە نێوان ئەو دوو پیاوەدا نەبووە با وردتریش بڵێین ئێمە لەبەردەم نامەیەکداین لە محەمەد عەبدەوە وەڵامێکیش لە تۆلستۆیەوە نەک زنجیرەیەک نامەی گۆڕدراو. محەمەد عەبدە ساڵی (١٩٠٥) کۆچی دوایی کرد بۆی نەلوا پەرە بەو گفتوگۆیە بدات، هەردوو نامەکە لە گەنجینەی کلتووریی تۆلستۆیدا پارێزراون.
هەندێ سەرچاوەی نزیک لە ئەرشیفی تۆلستۆی بە بەڵگەوە دەڵێن کە نامەکەی محەمەد عەبدە لەنێو بابەتە پارێزراوەکانیدایە هەروایش کۆپیەکی بڵاوکراوەی لیستی کار و بەرهەمەکانی تۆلستۆی کە نامە گۆرینەوەکانی ئەو سەردەمەی تێدایە.
جوانترین شت لە هەموو ئەم سەربوردەیەدا ئەوەیە کە موفتیەکی موسڵمانی میسریی و ڕۆماننووسێکی مەسیحیی ڕووسی هیچ بە یەک نەگەیشتوون بەڵام تەنیا لەپرسیارێکدا یەکیان گرتووە ئەویش: ئایا ئاین پێی دەکرێت ببێتە هێزێک بۆ یەکێتیی مرۆڤەکان لەجیاتی ئەوەی ببێتە هۆی لێکترازانیان؟ ئەمەش وادەکات کە هەردوو نامەکەی شیخ محەمەد عەبدەو تۆلستۆی بەڵگەنامەیەکی سەرەتایی زۆر گرنگ بن لە مێژووی دیالۆگی ئیسلامی و مەسیحی و هزری مرۆڤانەی هاوچەرخدا.
سەرچاوە:
كریم جدی / الرسائل التاریخیە بین محمد عبده و تولستوی.