ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵوێزی ئیتاڵیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە تۆماسۆ سانسۆنێ كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق بە گشتی و هەڵسەنگاندن بۆ پێشهاتە تازەكانی نێو پەیوەندییەكانی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی كرا.

پەیوەست بەم باسەوە سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە بڕیارە سەربازییەكەی دوێنێی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ جەختی لەوە كردەوە كە دەستوور جۆری سەلاحیات و جۆری پەیوەندیی نێوان هەردوولای دیاری كردووە و هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ هیچ بڕیار و بابەتێک ناكات كە لە دەرەوەی دەستووری عێراقی بێت.

سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی گرفتەكان چارەسەر ببن، بەڵام هیچ كەس و لایەنێک بۆی نییە بە بڕیاری نادەستووری و عەقڵیەتی نكۆڵیكار، ئیرادەی خۆی بەسەر گەلی كوردستاندا بسەپێنێت.

هەر لەو دیدارەدا باڵوێزی ئیتاڵیا لە عێراق ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی بە بایەخەوە سەیری ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان دەكات و پشتیوانی لە هەرێمی كوردستانێكی بەهێز و یەكگرتوو دەكات.

هیواشی خواست كێشەكانی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێم بە دیالۆگ و لێكتێگەییشتن چارەسەر ببن و بگەنە ئەنجامێكی باش.