بانگەوازێکی پێویست و بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی

123

عارف ڕوشدی
لە نێو ئەم کەشوهەوا سیاسییە چەقبەستووەی ئێستای ناوچەكە بەگشتی، هەرێمی کوردستان هێشتا پێویستی بە جموجۆڵی سیاسی و خۆڕێكخستنەوەیەكی پتەوتر هەیە، كە هیچ زریان و ڕەشەبایەك نەیهەژێنێت و ناشیهەژێنێت.
بۆ ئەم مەبەستە و هاوكات لەگەڵ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، هەنگاویتریش ماوە، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ خاڵی دەستپێکی شەرعییەت و چەسپاندنی پرەنسیپەکانی دیموکراسی، كە لە ئێستادا بووەتە ئەرکێکی نیشتمانیی بەپەلە و هیچ دواكەوتنێك لە بەرژەوەندیی میللەت و ئەزموونی هەرێمی كوردستاندا نییە. هەروەک چۆن ڕێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دوایین پەیامیدا جەختی لەسەر کردەوە و داوای لە هەڵبژێردراوانی خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان کرد بە دەم بەرپرسیارێتییە نەتەوەییەکەیانەوە بچن، چوونە ناو هۆڵی پەرلەمان و دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان لەم ساتەوەختەدا، وەڵامدانەوەیەکی ڕاستەوخۆ و مافێکی لۆژیکیی جەماوەر و دەنگدەرانی کوردستانە، لە هەمانكاتیشدا وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەكی دەرەكیشە، كە بیەوێت كێشە بۆ خەڵك و حوكمڕانیی ئەم هەرێمە دروست بكات.
پێویستە نوێنەرانی سەرجەم لایەن و حزبە سیاسییەکان، کە بە دەنگی ڕاستەوخۆی هاووڵاتییان ئەو جێگە و نازناوە زێڕینەیان پێبەخشراوە، وەفادار بن بەرانبەر سۆز و پەیمانە هەڵبژاردنەکانیان. ڕەوتی ڕووداوەکان ڕێگە نادات چیتر پرۆسەی سیاسی بە بارمتەی بڕیاری بەرتەسکی حزبی بگیرێت، بەڵکوو کاتی ئەوە هاتووە پەرلەمانتاران ئازادانە و مەردانە لەژێر چەتری بەرژەوەندی باڵای نیشتمانیدا، کاراکردنەوەی دامەزراوەی یاسادانان بڕیار لێبدەن و ئامادەکاریییەكی خێرا و کارا بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بكەن.
سەقامگیریی سیاسی و کارابوونی پەرلەمان، بەردی بناغەی پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستانە. لە بارودۆخێکی وەها ناسکدا، ناحەزان و نەیارانی نەتەوەکەمان لە بۆسەدان و هەوڵدەدەن لەڕێگەی دروستکردنی بۆشایی یاسایی و تەمومژاوی سیاسییەوە، زەفەر بە دەستکەوتە مێژووییەکان و خوێنی شەهیدان و ڕەنجی دەیان ساڵەی گەلەکەمان ببەن. پەکخستنی دامەزراوەکان تەنیا خزمەت بەو ئەجێندایانە دەکات، کە مەبەستیان لاوازکردنی قەوارەی هەرێمە.
ئەم هەنگاوەی پەرلەمانتاران، هەڵوێستێکی مێژوویی ناوازە لە تۆمارەکانی نیشتمانپەروەریدا دەنووسێتەوە و ڕێز و متمانەی دەنگدەر و خەڵکی کوردستان بۆ نوێنەرەکانیان دەگەڕێنێتەوە. هاوکات دەبێتە هەوێنێک بۆ ڕەخساندنی کەشوهەوایەکی ئەرێنی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا تاوەکوو لە خواستی کاتیی حزبی دووربکەونەوە و زەمینە بۆ لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی گشتگیر خۆش بێت. پەرلەمانتاران دەتوانن ببنە پردی پەڕینەوە لە قەیرانەوە بۆ سەقامگیری و زامنی پاشەڕۆژێکی ڕووناکتر بۆ هەرێمی کوردستان.