ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، بە فەرمی واژۆی لەسەر بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد.

بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی تەواوبوونی کاتی دەوامی فەرمانگەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، پڕۆسەی ڕەوانەکردن و تەمویلی دارایی مووچەکە ئامادەکراوە و بەیانیی سبەی پێنجشەممە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی عێراق دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو (٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦)، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە فەرمی لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵ کردبوو.