نەورەس رەشید
رۆژنامەی خەبات لە ژمارە5625 ڕێككەوتی2018/11/4 دا، بابەتێكی برای بەڕێز كاك دڵشاد مستەفا وەسانی بەناوی “هێزی سێیەم لە كوردستاندا” بڵاوكردۆتەوە، بابەتەكە سیاسی مێژووییە جێگەی تێڕامانە و زانیاری زیاتر هەڵدەگرێت. لەو روانگەیەوە بە ئاگاداری نووسەر بە پێویستم زانی زانیاری زیاتر بخەمە سەر بابەتەكە.
بەرایی
ئەوروپا لە ساڵی 1500 تا ساڵی1800 ی زاینی، كە دەكاتە سێ سەدە270 ساڵی ژیانی بە جەنگ بردە سەر! لە سەدەی بیستدا ئەوروپا كەوتەوە ناو ئاگری دوو جەنگی گەورەی جیهانی. دوای جەنگی دووەم لەسەر پاشماوەی ئێسك و پروسكی ملیۆنان مرۆڤ و كەلاوەكانی ئەو جەنگە، جەنگێكی تر بە شێوازێكی نوێ بەناوی جەنگی سارد، لە ساڵی 1945وە دەستیپێكرد لەگەڵ ڕووخاندنی دیواری بەرلین لە ساڵی1989 دا كۆتاییهات. جەنگی سارد لە نێوان دوو ئایدیا و هێزی جیاوازی دژ بە یەك بەرپا بوو. لەسەر ئاستی جیهان بووە دوو جەمسەر. جەمسەری ئایدیای لیبراڵی و بازاڕی ئازاد لە بەرامبەردا ئایدیای كۆمۆنیستی، هەریەكەیان پەیامی خۆی دژی ئەویتر بڵاودەكردەوە.
هۆكاری سەرەكی جەنگی سارد ترس بوو لە چەكی ناوەكی ئەتۆم و خۆدەربازكردنی هەردوو جەمسەرەكە بوو لە بەكارهێنانی ئەو چەكە كۆكوژە كاولكەرە ترسناكە، دوای ئەوەی ئەمەریكا لە جەنگی دووەمدا دژی ژاپۆن هیرۆشیما و ناكازاكی كردە ئامانجی ئەو چەكە. سیستەمی جەنگی سارد بەوە ناسرابوو، كە هێز و مانا و پەیامی هەر جەمسەرێك لەناو خۆیدا كۆك و گونجاو بوو. ئەو مانایەی دوو جەمسەرەكە بە خۆیان دابوو، لەوەدا ڕەنگی دابوویەوە كە ئەوان چارەسەری تەواوی كێشە و ناكۆكییەكانی جیهان دەكەن، دەرامەتیش بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەكەن. ئەو ترسەی چەكی ناوەكی دروستی كردبوو جیاوازییە ئابوورییەكانی لەخۆ گرتبوو، چونكە هۆكاری سیاسی ستراتیژی زاڵ بوو بەسەر پێداویستییە ئابورییەكاندا، هەروەها ملكەچبوونی ململانێ و كێشە و ناكۆكی دەوڵەتانی تر، بۆ ململانێی ئەو دوو جەمسەرە و پێكەوە گرێدانی! بە كورتی ئەو دوو جەمسەرە هاوسەنگی هێزیان رێكخستبوو، ڕێگە و شێوازێك بوو بۆ دانانی سنورێك بۆ خۆبەگەورە زانین و بەكارهێنانی دەسەڵات، بەڵام ئەو باوەڕەش جێگیر نەبوو، لەبەر ناكۆكی و شەڕی نێوان دەوڵەتان.
لە سەردەمی جەنگی سارددا146 جەنگ ڕوویدا كە30 ملیۆن مرۆڤی تیا بوو بە قوربانی، سێ یەكیان سڤیڵ بوون! داهاتی ئەو جەنگانە دەگەڕایەوە بۆ هەردوو جەمسەرەكە، لە ڕێگەی فرۆشتنی چەك و تفاق و پێداویستی شەڕ و سەربازییەوە.
ڕەگەزەكانی هێزی هەردوو جەمسەرەكەی جەنگی سارد بریتی بوون لە:-
-سامان و سەرمایەی سرووشتی.
-سامان و سەرمایەی بەدیهێنراو.
-سەرمایەی مرۆیی، لە ئاستەكانی پەروەردە و خوێندن، زانست، خۆراك، داهێنان و نوێبوونەوە و بەرهەمهێنان.
پێوەرەكانی هێزیش بریتین لە :
- هێزی سەربازی.
-تەكنەلۆژیای نوێ.
-دابەشبوونی دیمۆگرافی.
-ئابووری.
هێزی سێیەم
لە بارودۆخ و كەشی جەنگی سارددا، ژمارەیەك لە دەوڵەتانی ئاسیا، ئەفەریقا و ئەمەریكای لاتین، بیرۆكەی بێلایەنی بوونی خۆیان لە جەنگی سارددا ڕاگەیاند. لە مانگی نیسانی1955 دا لە شاری باندۆنگ لە وڵاتی ئەندەنووسیا، بڕیاری پێكهێنانی دەوڵەتانی بێلایەنیاندا، وەك هێزی سێیەم لە پاڵ هەردوو جەمسەرەكەدا! كە جەواهیر لال نەهرۆی سەرۆكی هندستان خاوەنی بیرۆكەكە بوو، بە هاوڕایی و پشتگیری هەریەك لە جۆزێف برۆز تیتۆ سەرۆكی ئەوسای یۆگۆسلافیا، جەمال عەبدولناسر سەرۆكی میسر، ئەحمەد سوكارنۆ سەرۆكی ئەندەنووسیا، كوانی نیكروما سەرۆكی گاناو وچەندانی تر لە سەركردە دیارەكانی وڵاتانی بێلایەن.
ساڵی1961 بە ئامادەبوونی نوێنەرانی29 دەوڵەت یەكەم كۆنگرەیان لە شاری بەلگراد لە وڵاتی یۆگۆسلاڤیا بەست. ئەو دەوڵەتانە ویستیان لەڕووی سیاسییەوە هێزی سێیەم دروستبكەن و پارسەنگی هێزی سیاسی بن لە جیهاندا و نەكەونە ژێر هەژموونی دوو جەمسەرەكەی جەنگی سارد، خۆیانی پێوە نەبەستنەوە، ململانێ و كێشە و ناكۆكییەكان، لەسەر دەستی خۆیان چارەسەر بكرێن ! بەڵام سەرنەكەوتن، بەڵكو دابەشبوون بەسەر هەردوو جەمسەرەكەدا.
هندستان لە دامەزرێنەرانی ئەو رێكخراوەیە، خاوەنی چەكی ناوەكییە، كە ساڵی1974 یەكەمین تاقیكردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامدا! ساڵ بەساڵ ژمارەی دەوڵەتانی بێلایەن زیادی دەكرد، كە ئێستا ژمارەیان گەیشتۆتە 120 دەوڵەت و 17 دەوڵەتی چاودیرو 10 ڕێكخراوی جیهانی. كە دوا كۆنگرەیان لە ساڵی2016 لە فەنزەویلا بەست. ئەو دەوڵەتانە لە ڕووی سیاسی، فیكری، ئابووری تەكنەلۆژی نەیانتوانی بوونی خۆیان وەك هێزی سێیەم بسەلمێنن و ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە، بەڵكو خۆیان بۆشاییان دروستكرد، بەو هەموو جەنگەی پێشتر ئاماژەی پێكرا.
هێزی سێیەم لە كوردستان
لە گەرمەی شەڕی براكوژیدا، ژمارەیەك حزب و رێكخراوی سیاسیی كوردستان باسی هێزی سێیەمیان دەكرد، لەگەڵ ئەوەدابوون كە شەڕ درێژە بكێشێت، پارتی و یەكێتی لاواز دەبن و جەماوەر لێیان ئەتەكێتەوە، ئەو حزبانە ئەگەر هێزێكی گەورەی چەكداریان هەبێ ئەتوانن جێگەی پارتی و یەكێتی بگرنەوە ! بۆ بەدیهێنانی ئەو بۆچوون و مەبەستەیان، ژمارەیەك لە نوێنەرانی ئەو حزب و رێكخراوانە، كۆڵە پشتیان بەستوو ڕێی سووریایان گرتەبەر، بۆ بینین و گفتوگۆكردن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان و بەرپرسانی پەكەكە، بە مەرامی داواكردنی یارمەتی و هاوكاری ماددی، بە دابینكردنی موچە و چەك و پێداویستیی سەربازی بۆ پێنج هەزار پێشمەرگەی ئەو حزبانە، تا لە هەرێمی كوردستان ببنە هێزی سێیەم و دواتر دەسەڵات بگرنە دەست ! عەبدوڵا ئۆجەلان داوای ئامادەكردنی ئەو پێنج هەزار كەسەی لێكردبوون، ئەوانیش بەڵێنیاندابوو كە داواكەی جێبەجێبكەن! دوای ماوەیەك چوونەوە سووریا بۆ لای ئۆجەڵان گوایە هێزەكەیان ئامادەكردووە و هاتوون پێداویستییەكانیان پێ بگەیەنن، ئۆجەلان پێی ڕاگەیاندبوون، دەبێ ئەو هێزە بێننە ناو پەكەكە تامەشقیان پێ بكەن وپێداویستییەكانیان ڕاستەوخۆ بدەنێ ! دەرئەنجام بۆ چوون و مانۆڕی ئەو حزبانە سەری نەگرت، بەڵكو لە جیاتی دروستكردنی هێزی سێیەم، سەری هەندێ لەو حزبانەی خوارد!
ئەوە عەقڵی سیاسییە و خوێندنەوە و مامەڵەكردنە لەگەڵ واقیعێكی تاڵ و ترسناك، بەو بیركردنەوەیە لە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی دەڕوانن. ئەو حزب و ڕێكخراوانە بە دروشم و ڕووكەش، دژی شەڕی ناوخۆبوون، داوای ئاشتیان دەكرد، بەڵام لەژێرەوە بەرنامەی زیاتر ئاڵۆزكردنی دۆخی كوردستانیان داڕشتبوو، لە خەمی خۆچەكداركردن و دەسەڵاتدا بوون ! ئەو حزبانە خاوەنی چ دیدگا و فەلسەفەیەكی سیاسی و ستراتیژی بوون؟ چ جیاوازییەكیان، لە پارتی و یەكێتی هەبوو؟ لە وڵاتانی دیموكراسییدا هێزی سێیەم، ئەو هێزە مەدەنییەیە لە ڕوانگەی بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە، گوشار لەسەر حكوومەت دروست دەكەن، كە كاروبارەكانی بە شێوەی باشتر بەرێوەبەرێت، هەروەها لە دانانی پرۆژەی دەستوور و یاساكاندا لە پرۆسەی گەشەسەندندا ڕۆڵیان هەیە، پرۆژەیان هەیە بەشێوەیەكی ڕوون، جگە لەوە باسكردنی هێزی سێیەم تەنها بۆ خۆدەرخستن و ناو پەیداكردنە ! لە ڕووی هاوسەنگی هێزەوە بە هەموو ڕەگەز و پێوەرەكانییەوە لە دوێنێ و ئەمڕۆدا زەمینەی هێزی سێیەم وەك بەدیلی پارتی و یەكێتی، بوونی نییە. حزبێك گرووپێك لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا چەند كورسییەك بهێنێت، نابێتە هێزی سێیەم. ئەزموونی24 كورسیی بزووتنەوەی گۆڕانمان هەیە و تاقیكردەوە. ئەو حزبانەی ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانی كەڵكەڵەی هێزی سێیەم لەسەریاندایە، خاوەنی چ فەلسەفەیەكی سیاسین، چ دیدگایەكی نیشتمانی و نەتەوەییان هەیە؟ چیان لە بواری گەشەی مرۆیی و پەرەپێدان و داكۆكییكردن لە قەوارەی هەرێم و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان پێشكەش كردووە؟ چ هەنگاوێكیان بۆ كۆدەنگی نیشتمانی ناوە؟ بە چ میكانیزمێك داكۆكییان لە مافە ڕەوا و دەستوورییەكانی كورد كردووە؟ لە قەیرانی بڕینی موچە و بودجەی كوردستان لە لایەن حكوومەتی مالیكی، عەبادییەوە، لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و ئابلۆقەی عێراق و ئێران و توركیا، دژی ریفراندۆم چ جۆرە هەڵوێست و خوێندنەوەیەكیان هەبوو، كە خزمەتی گەلی كوردستان بكات؟ یان سەنگەریان لە حكوومەتی هەرێم و دەسەڵاتی پارتی گرت، تۆمەتباریان كرد و هانی داگیركەرانیان ئەدا و پڕوپاگەندەكانیان بڵاودەكردەوە. ئەوە هێزی سێیەمە. ئەو حزبانە خاوەنی ڕەگەز و پێوەرەكانی هێز نین.









