فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند كە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، بڕگەیەکی تایبەت بە رێنماییەکانی یاسای خانەنشینیی هەموار کردەوە و بازنەی سوودمەندبووانی لە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵ فراوانتر کرد.
ئاماژەی بەوەش داوە، بەپێی فەرمانە نوێیەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، لە رۆژی 2026\9\17، بڕگەی (سێیەم/2) لە فەرمانەکانی پێشووتر هەموار کراوەتەوە.
لە دەقە هەموارکراوەکەدا بڕیار دراوە، کە مافی درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 65 ساڵ، جگە لە کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان، ئەم توێژانەی خوارەوەش بگرێتەوە:
* ئەو فەرمانبەرانەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی شەهیدانی کوردی فەیلین.
* ئەو فەرمانبەرانەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی ئەو شەهیدانەن، کە بەپێی یاسای دەزگای شەهیدانی (ئیتیحادی) ژمارە (2)ـی ساڵی 2016ـی هەموارکراو تۆمارکراون.
هەروەها لە فەرمانەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە مەرجی سەرەکی بۆ سوودمەندبوونی ئەو فەرمانبەرانە لەم بڕیارە، پێشکەشکردنی بەڵگەی فەرمییە لەلایەن دەزگای ناوبراوەوە بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی دۆسییەکانیان.