خەبات: عامر فەرحان:- لە سەروبەندی پەرەسەندنی خێرای تەکنەلۆجیا و هاتنەنەوای ئامڕازە نوێیەکان بۆ ناو کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، پرسی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لەلایەن مامۆستایان و قوتابییانەوە بووەتە بابەتێکی زۆر گرنگ و هەستیار. ئێستا تێبینی و بۆچوونی جیاواز لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم شەپۆلە نوێیەی تەکنەلۆجیادا لە ئارادایە، تاوەکوو ئاڕاستەیەکی دروست بۆ پرۆسەی پەروەردە و خوێندن دیاری بکرێت.
م. سەروەت عەبدوڵڵا، سەرۆکی بەشی دیجیتاڵ میدیا و مارکێتینگ لە زانکۆی جیهان – سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ خەبات ڕایگەیاند: بابەتی ژیریی دەستکرد لەناو پەروەردە و خوێندندا بابەتێکی زۆر هەستیارە. لە ئێستادا زانایانی بوارى ژیریی دەستکرد و شارەزایانی بوارى پەروەردە بوونەتە دوو گروپی جیاواز؛ گروپێک باوەڕیان وایە کە بەتەواوەتی ژیریی دەستکرد بێتە ناو دنیای پەروەردەوە و مامۆستایان و قوتابییان بەکاری بهێنن، گروپێکی تر باوەڕیان وایە پێویستە ڕێگری لەم کارە بکرێت و نەکرێتە ناو پرۆسەی خوێندنەوە، چونکە جێی مەترسییە و ئەگەر قوتابییانیش سوودمەند بن، سوودمەندییەکی سنووردار دەبێت بەراورد بە زیانەکانی کە زۆرترن.
دەشڵێت: ئێمە دەکرێت لە هێڵی سێیەمدا بین و شێوازی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی خۆمان لەو هێڵەدا دیاری بکەین، کە ئەوەش سوودوەرگرتنە لە تەکنەلۆجیاکە. تەقینەوە گەورەکانی ژیریی دەستکرد لەم سەردەمەدا لەوە دەرچووە بڵێین دەتوانین ڕێگرییان لێ بکەین. لە ئێستادا ژیریی دەستکرد لە هەموو بوارەکاندا بە شێوەیەکی چالاک ئامادەیی هەیە؛ لە بوارەکانی سەربازی، تەندروستی، خوێندن و پەروەردە، بانک، کار و بازرگانی و ئابووریدا بەکاردەهێنرێت.
سەرۆکی بەشی دیجیتاڵ میدیا و مارکێتینگ لە زانکۆی جیهان – سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا: کاتێک لە شۆڕشی کشتوکاڵییەوە چووینە شۆڕشی پیشەسازی، ئامێر و تراکتۆرەکان هاتنە ناو کێڵگەکانەوە. ئەگەر جووتیارێک پێویستی بە چەند کاتژمێرێک هەبووایە بۆ کێڵانی زەوییەکەی، ئامێرەکان هاتن و ئاسانکارییەکی گەورەیان کرد، بەڵام هەڵەیە ئەگەر بە هەمان دیدگاوە بڕوانینە ژیریی دەستکرد. ڕاستە لە ساڵی ١٩٥٦ بەدواوە کە ئینتەرنێت دەرکەوت و لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەوە تا سەدەی بیست و یەک دەست و پەنجەمان لەگەڵ تەکنەلۆجیادا نەرم کردووە، بەڵام ژیریی دەستکرد لە هەمووی جیاوازترە؛ چونکە توانای فێربوونی هەیە و وەک منداڵێک دەست بە هەڵسوکەوت دەکات کە پەروەردەی دەکەیت و فێر دەبێت.
گوتیشی: لە ئامێرەکانی تردا هەمیشە پێویستیت بە مرۆڤێک بوو تا سووکانی مەکینەکە بسوڕێنێت یان پەنجە بە دگمەکانی کیبۆردی کۆمپیوتەرەکەدا بنێت تا کار بکات، بەڵام ژیریی دەستکرد قۆناغێکی هێناوەتە پێشەوە کە پێویستت بە مرۆڤ نییە بۆ ئەوەی کارەکەت بۆ بکات، چونکە ئەو دەتوانێت لەجاتی تۆ کارەکە ئەنجام بدات. بۆیە دەبێت بەم تێگەیشتنەوە بڕۆینە پێشەوە تا بتوانین ئیداری بکەین و بەڕێوەی ببەین.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی جیهان ئەوەشی بۆ خەبات ڕوونکردەوە: ژیریی دەستکرد بەهۆی بەکارهێنانی ئەو زانیارییە زۆرانەی لە سێرڤەرەکانی کۆمپانیاکانی وەک OpenAI یان Googleدا هەیە، دەتوانێت زۆر یارمەتی مامۆستا بدات لە ئامادەکردنی وانەکاندا و کاتێکی زۆری بۆ بگەڕێنێتەوە. مامۆستایەک لەبری تەرخانکردنی چەند کاتژمێرێک، تەنیا پێویستی بە چەند خولەکێک دەبێت، بە مەرجێک زمانی گفتوگۆکردن (نووسینی داواکاری/Prompt) لەگەڵ ئامڕازەکانی وەک ChatGPT یان Gemini بزانێت.
جەختیشی کردەوە: مامۆستا دەتوانێت بە وردی ئاستی قوتابییەکانی بۆ ئامرازەکە دیاری بکات؛ بۆ نموونە بڵێت: ‹خوێندکارەکانم لە پۆلی پێنجی سەرەتایین و زمانی یەکەمیان کوردییە، دەمەوێت بابەتێکم لەسەر بەهەڵمبوون بۆ ئامادە بکەیت.› ئەوکات دەتوانێت چالاکی نوێ، میتۆدی وانەکان و تەنانەت دیاریکردنی کاتی گونجاویش بۆ بابەتەکە ڕێکبخات.
تەنانەت خوێندکارێکی زانکۆش لە بەشی دیجیتاڵ میدیا و مارکێتینگ، دەتوانێت داوا بکات بابەتێکی بۆ ئامادە بکات لەسەر ئەوەی پلاتفۆرمی فەیسبووک چۆن بازاڕی کار دەگۆڕێت، و بەرنامەکە بەپێی ئاستی گفتوگۆکەیان بە زمانی کوردی وەڵامی دەداتەوە.
لە وەڵامی ئەوەی ئایا ژیریی دەستکرد دەتوانێت وەک مامۆستا هاوکاری قوتابی بێت؟ م. سەروەت بە خەباتی گوت: لە ئاستی مەعریفیدا بەڵێ دەتوانێت زانیاری پێشکەش بکات، بەڵام ئەوە زانیارییەکی ڕووت و بێگیانە. ژیریی دەستکرد هەرگیز ناتوانێت ئەرکی دووەم کە ئاستی سۆزداری و پەروەردەییی مامۆستایە جێبەجێ بکات. مامۆستا لەناو پۆلدا بە نەرمی و ڕاستەوخۆ قوتابی پەروەردە دەکات و پێی دەڵێت ئەم زانیارییانەی پێی دراوە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتییە، پاشان زانیاری دەداتێ تا بێتە کەسێکی دروست لە کۆمەڵگەدا، بەڵام ژیریی دەستکرد تەنیا ئەوە دەدات کە تۆ داوای لێ دەکەیت.
لەکۆتاییدا سەرۆکی بەشی دیجیتاڵ میدیا و مارکێتینگ لە زانکۆی جیهان – سلێمانی لەڕێگەی خەباتـەوە هۆشیاریی دا لەسەر مەترسییەکانی تەمبەڵی و لاوازبوونی بیر و هۆش و گوتی: ماندووبوون لەسەر شاشەی مۆبایل و مانەوەی زۆر بە دیارییەوە، دەبێتە هۆی تەمبەڵی، لاوازیی بیرچوونەوە و نەتوانینی بیرکردنەوەی قووڵ. جگە لەوەش مێشکی منداڵ وەکوو بیرگەیەک (میمۆری) وایە کە هیچی تێدا نییە؛ ئەگەر ژیریی دەستکرد بێ فلتەر بخەینە بەردەستیان و زانیاری هەڵەیان بداتێ، باوەڕ دەکەن کە هیچ کەس لە ژیریی دەستکرد زیرەکتر نییە، دواتریش کاتێکی زۆری دەوێت تا ئەو زانیارییە هەڵانە دەسڕیتەوە. بۆیە زۆر گرنگە وشیاری بدرێتە منداڵان تا هەر زانیارییەکیان لە ژیریی دەستکرد، یوتیوب یان بڵاوکراوەکان وەرگرت، لەگەڵ باوک، دایک یان مامۆستایانیان گفتوگۆی لەسەر بکەن تا بۆیان فلتەر و ڕاست بکرێتەوە.